ساڵی 2010 بە کۆمەڵێک دەستکەوتەوە بەکۆتا دەگات

ساڵی 2010 بە کۆمەڵێک دەستکەوتەوە بەکۆتا دەگات
کوردستان لە ساڵی 2010 دا کۆمەڵێک دەستکەوتی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دیپلۆماسیی بۆخۆی تۆمارکرد کە بەشێکیان گرنگایەتیی تایبەتیان هەیە لە ژیانی دواڕۆژی گەلەکەماندا، وەک: گەشتە دیپلۆماسییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، نەمسا، ڕۆما، تورکیا، سعودیە، لوبنان و عەمان بۆ بە دیموکراتیزەکردنی عێراق بە رێگەی فیدراڵیی‌ و بە یەکەوە ژیانی یەکسان. بە ژینۆساید ناسینی کیمیابارانی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لەلایەن مام جەلالەوە. دەربازکردنی قەیرانی پێکهاتنی حکومەتی عێراق بە دەستپێشخەریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. پێکهاتنی کۆنگرەی سێیەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. پێکهاتنی کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموکرات و گۆڕانکاریی لە ستراکتۆری پارتی دیموکرات و گونجاندنی مافی چارەی خۆنووسین لە پرۆگرامیی پارتی دیموکراتدا. ئاوەدانکردنەوەی پتری کوردستان و گەشەپێدان بە باری ژیانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان. دابینکردنی ئارامیی و ئاسایش بۆ هاووڵاتیانی هەرێم و کردنەوەی فەزایەکی شیاو بۆ چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی هەرێمی کوردستان. دەستەبەرکردنی پێوەندییەکی شیاوی سیاسیی بە رێزگرتنی دەسەڵاتی دوولایەنە لەگەڵ دراوسێیەکانی هەرێمی کوردستان. کردنەوەی دەروازەیەکی ئارام بۆ توریستی وڵاتانی دەوروبەر و ناوخۆی عێراق و دانانی چەندان یاسای نوێ لە پەرلەمانی کوردستاندا و...تاد، دەستکەوتەکانی ساڵی 2010 ی هەرێمی کوردستانن.
لە هەمانکاتدا سەرکردایەتیی کورد نەیتوانی لە ساڵی 2010 دا هەندێک کێشەی هەڵپەسێردراو لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق چارەسەر بکات، وەک سەرژمێریی عێراق بە نەتەوە، بە ئەنجام گەیاندنی ماددەی 140ی دەستوری عێراق بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کێشەی پێشمەرگە و کێشەی هەناردنی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوەی عێراق کە هەموویان پەیوەستن بە خاڵەکانی دەستووری هەمیشەیی عێراق.
چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2011 دا بەشێک لەو کێشانە چارەسەر بکرێن، لەگەڵ خزمەتگوزاریی پتر بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، چەسپاندنی یاسا لەناو ئۆڕگانەکانی حکومیی و حزبیی و ناو خەڵکدا، قورسترکردنی یاسای لێخوڕینی ئوتۆمبێل هەرلە فێربوونەوە تا دەگاتە ئەو کەسانەی جەوازی لێخوڕینیان هەیە، بە دانانی خولی پەروەردەکردن بۆ شۆفێرەکان. چالاککردنی دەزگاکانی راگەیاندن و زانیاریی گەیاندن بە‌ دانیشتوان و گەشەپێدان و کاراکردنی کەرتی ناخۆیی و کۆنترۆڵکردنی لەلایەن دەزگاکانی پێوەندیدارەوە. سەرنجدان بە پاک و خاوێنیی قاوەخانەکان، چێشخانەکان، چاپخانەکان، ئاودەستی مزگەوتەکان و ئەو شوێنانەی جێی کرێکاران و هاتووچۆی خەڵکن بۆ پاراستنی تەندروستییان. بەرگریی کردن لە هەناردنی چاپەمەنی بۆ وڵاتانی دراوسێ و کاراکردنی چاپخانەکان و دانانی باج لەسەر بازرگانان. چەسپاندنی یاسای خۆپێشاندان. بۆ نموونە ئەگەر گروپێک بخوازێت لە وڵاتە دیموکراتەکانی وەک سکاندیناویا خۆپێشاندان بکات. بە نامەیەک لە پۆلیسی ناوچەکه داوای ئیزنی خۆپێشاندان دەکات. پۆلیس بەو مەرجە ئیزنی پێدەدات: 1- مەبەست لە‌ خۆپێشاندانەکه روون بکرێتەوە. 2- شوێنی خۆپێشاندانەکە دیاریی بکرێت. 3- ماوەی خۆپێشاندانەکە بە کاتژمێری دەستپێکردن و کۆتاییهاتن دیاریی بکرێت. ژمارەی بەشدارانی خۆپێشاندانەکە بنووسێت. 4- دروشمی خۆپێشاندانەکە رابگەیەنرێت، 5- بەرپرسی خۆپێشاندانەکە بەناو بناسێنرێت.
گرووپی داخوازی خۆپێشاندان ئەگەر ئەو رێنماییانەی رەچاو کرد، پۆلیس گرفتێک لە بەرپابوونی ئەو خۆپێشاندانەدا نەبینێت. پارەیەکیان بۆ دیاریی دەکات کە هەرنەبێ رۆژێ بەر لە خۆپێشاندانەکە بیڕێژنە حسابی پۆلیس و ئەوانیش ئیزنیان پێدەدەن. ئەگەر بەپێچەوانەی ئەم رێنوێنییانە کاربکرێت، پۆلیس رێگەیان پێدەگرێت. دەبا ئێمەش لە ساڵی 2011 دا وەک خەڵکی وڵاتانی پێشکەوتوو هەڵسوکەوت لەگەڵ حکومەت و خەڵکەکەمان بکەین و لە کاری تێکدەرانە بە قازانجی لایەن و گرووپەکەمان خۆمان بپارێزین.
Top