تێنەگەیشتن لە بارزانی ئیشكالیەتێكی سیاسیی قسەلێنەكراو

تێنەگەیشتن لە بارزانی ئیشكالیەتێكی سیاسیی قسەلێنەكراو
ئەمڕۆ نییە، لەمێژە، ماكینەیەكی گەورەی سیاسی و میدیایی، كە لە پشتەوەشی ماكینەیەكی موخابەراتی لەكاردایە، لەهەوڵدان بۆ شێواندنی وێنەی بارزانی، بێگومان قسەكردن لەم بابەتە پەلكێشە بۆ مێژوو، تێنەگەیشتنی سیاسی، گرفتە نێوخۆییەكان، مەرامی دوژمنان و هەندێ كەڕەت تێكەڵبوونی هەموو ئەمانەش بەیەكەوە، بۆیە دەبێ لە شڕۆڤەكردنیاندا چەمكەكان پۆلین بكەین.
-مێژوو: قووڵی و قورسایی
رێبازی بارزانی، كە ئێستە بارزانی رابەرایەتی دەكات، خودان قووڵترین مێژووی شۆڕشگێڕییە و لە ئێستاشدا خاوەن زۆرترین قورسایی سیاسییە، بەواتایەكی دیكە، كەس هێندەی بارزانی بە نێو مێژوودا رۆنەچووە و لە ئێستاشدا حزووری نییە، ئەمە هەر بۆ ئێمەی كوردستانی وانییە، بەڵكو بۆ روانگەی دنیایش هەروایە، كەواتە ئەوەی بیەوێت مامەڵە لەگەڵ دۆزی كورد و پرسە سیاسییەكانی كوردستان بكات، دەبێت بگاتە ئەو ئەدرێسە، ئەدرێسی قووڵی و قورسایی لە مێژوودا، ئەدرێسی مێژوو و ئێستا كە خۆی لە ئەدرێسی بارزانی-دا بەرجەستە دەكات.
تێنەگەیشتنی سیاسی و جیاوازییەكانی
ناكامڵیی لە تێگەیشتنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان گرفتی زۆری بۆ دروست كردووین، بەشێك لەو ناكامڵییە دوژمنان بە نائاگاییەوە دروستیان كردووە و بەشەكەی تریشی پێوەندی بە رۆشنبیریی سیاسیی كۆمەڵگەی كوردستانییەوە هەیە، كە نەگەیشتۆتە قۆناغە رۆشنەكانی خودی ئەو سەردەمەی تیایدا دەژین، بەواتایەكیتر سەردەم لە پێشەوەی رۆشنبیریی سیاسیی كۆمەڵگەی كوردستانیدایە و ئەم ئاریشەیەش سەرچاوەی زۆربەی ئاریشە سیاسی و كەلتووری و كۆمەڵایەتییەكانی كوردستانە. نەبوونی رۆشنبیرییەكی سیاسی لە كوردستان، تێنەگەیشتنی سیاسی بەرهەمهێناوە و تێنەگەیشتنی سیاسیش لەگەڵ خۆیدا تێنەگەیشتن لە بارزانی كردووە بە جۆرێك لە ئیشكالیەت. ئێمە لێرەدا قسە لە ئاستە كۆمەڵایەتییەكەی سیاسەت و تێگەیشتنی سیاسی دەكەین، ئەگینا نوخبەی سیاسی لە كوردستان لە بارزانی و جیهانبینییە سیاسییەكەی تێدەگەن، ئەگەر پرسیار ئەوەیشە: ئەی بۆ وا دەكەن؟ ئایا بۆ بەشێك لەو نوخبەیە دژایەتیی بارزانی-یان كردۆتە ئامانج؟ ئەوا وەڵامەكە روونە: ئەوان لە دژایەتی بارزانی-دا بەتاڵیی خۆیان پڕدەكەن، ناكرێ سیاسییەكی پەرۆش بۆ وڵات لە دژی بارزانی بێت، چونكە ئەوەی بارزانی دەستی داوەتێ، پرسی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتە، بەواتایەكیتر پرسی دروستكردنی دەوڵەتە بۆ نەتەوە، كەواتە ئێمە قسەمان لە ئاستە كۆمەڵایەتییەكەی سیاسەتە، ئەو ئاستەی كە تێنەگەیشتنی سیاسی بە فریای ناكەوێت تا لە بارزانی بگات و وەك خۆی بیناسێت!
گرفتە نێوخۆییەكان: بچووك، بەڵام گەورەكراو
پێچەوانەی هەموو ئەو بۆچوونە سیاسییانەی پێیانوایە گرفتی سەرۆكایەتی هەرێم گرفتێكی گەورەیە، من وای نابینم و پێموایە گرفتی لەوە گەورەترمان هەیە، لەوانە:
1. گرفتی رۆشنبیریی سیاسی
2. گرفتی دیموكراسی
3. گرفتی تەوافوقی سیاسی
4. گرفتی بێ متمانەیی سیاسی
5. گرفتی نا یەكڕیزی
ئەمانە گرفتە سەرەكییەكانن، بوونی ئەو گرفتانە وایكردووە كە گرفتی سەرۆكایەتی هەرێم ببێ بە گرفتێكی گەورە، ئەگینا لە نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت، لە هەرێمێكی دەورەدراو بە شەڕی تیرۆر، ئەگەر ئاقڵمەندە سیاسییەكانی پەرۆش و خەمخۆربن، گرفتی سەرۆكایەتی هەرێم نابێ بە گرفتی سەرەكی و ئەو هەموو ماكینە ئیعلامیەشی بۆ ناخرێتەكار! لێرەدا مەسەلەكە تەنیا دژایەتی بارزانی-یە و هیچیتر، ئەو دژایەتییەی بەشێكی گرێی مێژووییە لە بەرامبەر -قووڵیی مێژووی بارزانی- بەشێكیشی گرێی ئێستایە لە بەرامبەر - قورسایی ئێستای پێگەی سیاسی بارزانی-.
ئەو لایەنە سیاسییانەی نایەنەوێ گرفتە سەرەكییەكان ببینن، دەیانەوێ خۆیان لە ئەركەكان بدزنەوە، دەیانەوێ كوردستان بە قۆناغێكی رووناكتر نەگات، ئەگینا نەبووە و هیچ لۆژیكێكی سیاسی قبووڵی ناكات، میللەتێك لە جەنگدا بێ، سیاسییەكانی دژایەتی سەرۆكەكەیان بكەن!!
مەرامی دوژمنان: پرسە هەستیارەكە
لێرەدا پرسە هەستیارەكە دەست پێ دەكات، دوژمنان بارزانی باش دەناسن، دەزانن بەیداخ لە دەستی ئەودایە، دەزانن پرسی نەتەوە، هەم لە مێژوودا، هەم لە ئێستادا لای ئەوە، بۆیە تیرەكان روو لە ئەون، بۆیە دەبینین هەموو ئەوانەی ماندوون بە كوردایەتی لە نزیك بارزانی-ن، تەنانەت ئەوانەی دەرەوەی حزبەكەی خۆیشی، لێ ئەوانەی سیاسەت بۆ زاتی خۆیان دەكەن، دوورن لە بارزانی، بە دەربڕینێكی دیكە دەكرێ بڵێین: هەموو ئەوانەی لە نەتەوە نزیكن، ئەگەر جیاوازیش بن لە بیروڕا، لە بارزانی نزیكن و تێگەیشتنیان بۆ بارزانی تێگەیشتنێكی ریالیستییانەیە.
ئێستا مەرامی دوژمنان روونە: رێگرتن لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی، هەڵگری كردەیی بەیداخی ریفراندۆم و سەربەخۆییش بارزانی-یە.
سیاسیی پەرۆش بۆ نەتەوە، بریتییە لەو سیاسییە حەكیمەی واز لە جیاوازییە سیاسییەكانی بێنێت و لەو ستراتیژە بەشداربێت، بەواتایەكی دی تەجاوزی بیركردنەوە سیاسییەكانی حزبەكەی بكات و بگاتە ئاستی ئەو ستراتیژە نەتەوەییە، كەواتە قۆناغەكە قۆناغی سیاسییە گەورەكانە و بچووكەكانیش لە پەراوێزدا خەریكی خۆخواردنەوەن و دواجار لە كاروانەكە جێ دەمێنن!
تێنەگەیشتن لە بارزانی: ئیشكالیەتێكی سیاسیی قسەلێنەكراو
لەهەموو ئەو قسانەی پێشووماندا (مێژوو و قووڵی و قورساییەكەی، تێنەگەیشتنی سیاسی و جیاوازییەكانی، گەورەكردنی گرفتە نێوخۆییەكان و مەرامی دوژمنان لە رێگەگرتن لە سەربەخۆیی) مەبەستمانە بڵێین:
1. تێنەگەیشتن لە بارزانی، ئیشكالیەتێكی سیاسی قسەلێنەكراوە و دەبێ رەهەندەكانی، ڕوو و ڕوما و مەرامەكانی زانستییانە روون بكرێتەوە.
2. تێنەگەیشتن لە بارزانی، بەرهەمی دوژمنانە بە ئاگایی و دەستكراوی دەستی بەشێك لە سیاسییە ڕقنەكانی كوردیشە لە ئاكامی بێ پڕۆژەیی نەتەوەیی خۆیاندا، بۆیە دەبێ لێك جیابكرێنەوە و بە جودایش قسەیان لەبارەوە بكرێت.
3. لە ئاستی كۆمەڵایەتیدا، بەشێكیان بریتییە لە تێنەگەیشتنی سیاسی، كە چارەسەری ئاسانە و بەشەكەی تریشی بریتییە لە گەمەی سیاسی كە كۆمەڵگە زەرەری لێ دەكات و دەبێ بۆ چارەسەركردنی كاری رشت و زانستییانە بكرێت.
4. لە ئاستی میدیایدا، چەمكی تێنەگەیشتن لە بارزانی، روونكردنەوەی پتری جیهانبینیی بارزانی پێویستی بە شرۆڤە و ڕاڤەی زیاترە و دەبێ میدیای پشتیوان لە بارزانی روانگە ئاسۆییەكانی بە روانگەی ستوونی بگۆڕێت.
5. تێنەگەیشتن لە بارزانی، سەنگەرەكانی دژە سەربەخۆیی قەرەباڵغتر دەكات، بۆیە دەبێ بە تێگەیشتن لە بارزانی و كاركردنی رشت لەوبارەیەوە سەنگەرەكانی سەربەخۆیی ئاوەدان بكەینەوە.

Top