ڕیفراندۆم و گرفتی بەلارێدابردنی سیاسی، ( NRT بەنموونە )

ڕیفراندۆم و  گرفتی بەلارێدابردنی سیاسی، ( NRT بەنموونە )

د.سالار عوسمان

ڕیفراندۆم واتە ماف، بە پێی بەشێکی زۆری ئەو پێناسە نوێیانەیش کە بۆ مرۆڤ دەکرێت، مرۆڤ واتە ماف، کەواتە ئەوەی دژی ڕیفراندۆمە وەک پرۆسە، دژی مرۆڤە !..
بەداخەوە ئاڵۆزی سیاسی لە کوردستان ئەم پرسەیشی: ( ڕیفراندۆم ) خستە نێو گەمەی سیاسی و ڕاکێشڕاکێشی بەرژەوەندییە حزبییەکان، ئەگینا ھیچ لۆژیک و تێگەیشتنێکی کلتووری- سیاسی ڕێگە بەوە نادات دژی مرۆڤ، ماف و ویست و بڕیارەکانی مرۆڤ بیت.
ئەگەر بۆ گەلانیتر، کە خودان قەوارە و شوناس و دەوڵەتن، ڕیفراندۆم وەک ماف، یەکێ لە میکانیزمە یەکلاکەرەوکانی پرسە گرفتدارەکان بێت ، ئەی دەبێ بۆ گەلی کوردستانی بێدەوڵەتی ھەمیشە ھەڕەشەلەسەری مافزەوتکراو میکانیزمێکی یاسایی چەندە پێویست بێت، بۆیە گەلی کوردستان پێشوازی گەرم لە پرۆسەی ڕیفراندۆم دەکات و لەو گەمە قێزەونە سیاسییە میدیاییەیش تێدەگات، کە دەیەوێت ڕیفراندۆم بە لاڕێدا ببات، لێرەدا پرسیارگەلێک دێتە پێشەوە:
⁃ گەمەی بە لاڕێدابردنی سیاسییانەی ڕیفراندۆم لە پێناو چی؟
⁃ کێن ئەوانەی ئەو گەمە قێزەونە دەکەن ؟
⁃ کێ قازانجی لێدەکات: ( کوردستان، دوژمنەکانی کوردستان، یان خۆیان !!.. )
وەڵامی ئەم پرسیارانە گران و زەحمەت نین:
⁃ ئەگەر لە دژی سەرۆک بارزانی وادەکەن، ئەوا ھەڵەیەکی مەزن دەکەن، چونکە بارزانی لەسەر ڕێگەیەکی راستە و دەستی بۆ میکانیزمێکی ڕاست بردووە، کە ڕیفراندۆمە، کەواتە ئەوان ناڕاستن و ناڕاستەکانیش ئەمڕۆ یا سبەی ئەیدۆڕێنن!..
⁃ ئەوانەی ئەو گەمە قێزەونە دەکەن: بازرگانە سیاسییەکان و ھەرزەکارە سیاسییەکان و ئەوانەیشن کە ڕقیان لە کوردستانە، وەک چۆن دوژمنەکانی کوردستان ڕقیان لە کوردستانە و بەربەست لە بەردەم ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دروست دەکەن!..
⁃ کوردستان قازانج لەو گەمە کرێت و قێزەونە ناکات، چونکە ڕێگرە لەبەردەم سەربەخۆیی کوردستان، خۆیشیان قازانجی لێناکەن، چونکە مێژوو فڕێیان دەداتە نێو زبڵدانەوە، ئەوەی قازانجی لێدەکات دوژمنانی کوردستانە، کەواتە ئەوان ئاو دەخەنە ئاشی دوژمنەوە !!..

میدیای تایبەت بە دژەسەربەخۆیی !!..

ئەو میدیایەی بانگەشەی بۆ بێلایەنی دەکرد، ( بەنموونە NRT )، نەک ھەر نەیتوانی بێلایەن بێت، بەڵکو لایەنداریی نێگەتیڤی ھەڵبژارد و چوونە پاڵ سەروەری عێراق و یەکپارچەیی عێراق، ئەو عێراقەی لەسەردەمی دەسەڵاتداریی سووننەی عێراق کوردی جینۆساید کرد و لەسەردەمی دەسەڵاتداریی شیعەی عێراقیش نان و مووچە و بوودجەی کوردستانی بڕی!..
پرسیار ئەوەیە: ئەم میدیایە بۆ وا دەکات و بۆ لە پێناو عێراقی زوڵم پشتی لە کوردستانی مەزڵوم کردووە ؟!!..دەبئ ھەموومان وەڵامی واقیعیانەی ئەم پرسیارە ڕشتە بدەینەوە، بەر لە ھەموویشمان ئەو بەشە لە میدیاکاران، کە وەک میدیاکار لە NRT کار دەکەن و خاوەن خەونی میدیایی بوون و ئێستا بە بەرچاوی ئەوانەوە پڕۆژە و خەونە میدیاییەکەیان بۆتە پڕۆژەیەکی سیاسیی نێگەتیڤ، پڕۆژەیەک کە دژ بە کوردستان و خەونە مەزنەکەی گەلی کوردستانە و لەو نێوەندەیشدا دەیان دە نیشانەی سەرسوڕمان و پرسیار، کە لە ئێستادا وەڵامیان نییە و مەگەر بەڵگەکانی سبەی ھاوکارمان بن بۆ وەڵامدانەوەیان !!..
دوای ئەم بەشە لە میدیاکارانی NRT ، دەبێ ڕۆشنبیرانی کوردستان بە پرسیاری ویژدانییەوە بێنە پێش و بپرسن و لە دۆزینەوەی وەڵامیشدا بێلایەن بن، بپرسن: ئەرێ بۆ و لە پێناو چی و کێ میدیای دژە سەربەخۆیی ڕێ لە وەدیھێنانی خەونی شەھیدەکانمان دەگرێت و ئاو دەخاتە ئاشی دوژمنەوە؟!.. با بۆ ساتێک ھەموومان لە بەردەم ھەیبەتی ئەم پرسیارە ویژدانییە بوەستین !!...
Top