سیاسەت ودیپلۆماسی وه‌ك هێزێكی نه‌رم و كاریگه‌ر بۆ كوردستانی به‌هێزتر...

سیاسەت ودیپلۆماسی وه‌ك هێزێكی نه‌رم و كاریگه‌ر بۆ كوردستانی به‌هێزتر...

سێ‌ دەیە، حكومرٍانی هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی دەستووری و ڕەوایی پێدراو لە لایەن گەلێكی تێكۆشەرو فیداكار و ئینجا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە نێو عێراقێكدا كە هەموو تەمەنی بە شەڕوئاڵۆزی مڵمڵانێی نێوخۆیی و دەرەكی سەرقاڵبووە و ئێستا بە عێراقی فیدراڵ و دەستووری دوای رووخانی رژێمی بەعس لە 18 ساڵی رابردوو خۆی جێگركردووە ، بوون و پێگەیەكی كاریگەری لە هاوكێشە و پرسە گرنكەكانی ناوچەو عێراق هەیە
بەتایبەت كە وڵاتانی زڵهێز و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە زۆر قۆناغی جیاو وهەستیاردا پاڵپشت و هاواكری دۆزی كوردیان لە هەڕەشە و مەترسییەكانی دەوەروبەری كردووە ، كاری زۆریان لە پێناو چەسپاندنی ئەو كیانە و پاراستن و دەركردنی بڕیاری نەتەوەیەكگرتووەكان كە بە 688 ناسرابوو كردووە ، كە رۆڵی گرنگی لە پاراستنی گەل و هەرێمی كوردستان لە چەنگ رژێمێكی دڕندەی وەك بەعس هەبوو .
هەر ئەوەش بوو وایكرد ، گەلی كورد بتوانێت هەڵبژاردنێكی دیموكراسیانە و ئازادانە بكات و ببێتە خاوەن پەرلەمان و حكومەت و فیدراڵی و ئینجا پشتیوانیی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و فەرەنسا لەو كاتە سەخت و هەستیارانەدا بۆ پرسی كورد ، ئاماژەیەكی روون و ئاشكراو پەیامێكی گرنگ بوو بۆ رژێمی ئەو كاتەی عێراق . پرسێكی تر پشتیوانیكردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەوڵی چەسپاندنی زیاتر ئەو ئەزموونە دیموكراسی و پاراستنی قەوارەی كوردستان ، رێگریكردنی ئەمەریكا و هاوپەیمانی بوو بۆ ڕاگرتنی شەرٍی نەخوازراویی نێوخۆیی كوردستان و دواتر رێككەوتننامەی ئاشتی بە ئامادە بوونی خاتوون مادڵین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و سەرۆك بارزانی و جەلال تاڵەبانی بوو لە ساڵی 1998 كە ئاگر ئەو شەڕە نەگریسەی كوژادنەوە و كە بە گەورەترین هەوڵی دیپلۆماسیی و پشتیوانیكردنی دۆزی كورد لە مێژوویی گەلێكی بێ‌ دەوڵەت لە سەر ئاستی جیهان هەژمار دەكرێت .
ئەگەر هەڵوەستەیەك لە سەر رووداوەكانی دوای رووخانی رژێمی بەعس بە سەركردایەتی ئەمەریكا بكەرین و هاتنە كایەی عێراقی فیدراڵی و ئینجا پرۆسەی دەستوور لە ساڵی 2005 رۆڵی گرنگیان لە سڕینەوەی سیمای دیكتاتۆری و بونیاتنانی فیدراڵێ‌ و دیموكراسی و داننان بە هەرێمی كوردستان لە نێو دەستووری هەمیشەیی عێراق هەبوو كە پەیامێكی گرنگ و كاریگەری بوو بۆ ناوچەكەو هەموو دونیا كە دەستبەرداری گەلی كورد و كیانە دەستوورییەكەی نابێت .
هەروەها مێژوو گەواهیدەر كاتێك لە ساڵی 2014رێكخراویی تیرۆریستی داعش پەڵاماری عێراق و دواتر هەرێمی كوردستانی دا ، وڵاتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی باراك ئۆباما ، چۆن باسی پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستانی كرد و ئینجا هەر ئەو هەنگاوانە بوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ پشتیوانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە رووی چەك و هەماهەنگی سەربازی دەستیان پێكرد .بە تایبەت هێزی ئاسمانی بۆ پاراستنی هەولێر و هەرێمی كوردستان لە دژی داعش بەكاربهێنێت. ئۆبامای سەرۆك گوتبووی، بۆیە گرنگە هەرێمی كوردستان بپارێزین چونكە شوێنی پێكەوەژیانی ئاشتییانەیە پێكهاتە ئایینی و ئایینزاكانە لە ناوچەكەدا.
جارێكی تر ئەگەر هەڵوەستە لە سەر پێشهات و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بكەین كاتێك كەهەرێمی كوردستان كەوتە ژێر هێرش وداگیركاری عێراق و میلیشا هەرێمایەتییەكان و دواتر گەمارۆدانی سیاسی و دیپلۆماسی ، بینیمان كە چۆن زڵهێزێكی وەك وڵاتی فەرەنسا پشتیوانیی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەو كاتەی حكومەتی كوردستان و جەختی لە سەر هەرێمی كوردستانی بەهێزكردەوە و پارێزگاری لە كیانی سیاسی و دەستووری كوردستان كرد لە نێو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، ئینجا تێكشكاندنی هەموو گەمارۆكانی سەر گەلی كورد ، ئەوەش گرنگی و بایەختی پێگەی هەرێمی كوردستانە لە نێو ناوچەیەكی پر كێشە وئاڵۆزدا .
هەڵبەت هەموو ئەو پشتیوانیكردنانە ، هەر لە خۆیانەوە نەهاتوونەتە ئاڕاوە ،بەڵكو بۆ هەموو ئەو هەنگاوانە مرۆڤدۆستی و سیاسی ودیپلۆماسیانەی سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوو ، چ لە بواری حەوانەوەی زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر و ئینجا ڕەخساندنی كەشوهەوایەكی ئاشتیانە و پێكەوە ژیان جیاواز لە عێراق و زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە بۆ هەموو پێكهاتە ئایین وئایینزاكان و میللەتانەی نیشتەجێی لە هەرێمی كوردستان دەگەرێتەوە كە فۆكسی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان بە ئاشكرایی لە سەرە .
سەردانی پاپای ڤاتیكان و ئەنجامدانی رێوەسمی ئایینی لە هەولێری پایتەختی كوردستان وەك دوورگەیەكی ئارٍام و ئینجا بانگهێشتی فەرمی سەرۆككۆماری فەرەنسا بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نامەی پشتیوانیكردنی لە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی بەهێز و جێگەی بایەخ ئاماژەیەكی روونی گرنگیدان و بایەخی نێودەوڵەتییە بە گەلی كورد لە نێو عێراقێكی نائارامدا. بەتایبەت كە پێكەوەژیانی ئاشتییانە، ئازادیی ئایینی و تەبایی، سیاسەتی پەیڕەوكراو بۆ مامەڵە لەگەڵ فرە پێكهاتەیی و ئایینی رووی گەشی هەرێمی كوردستانن، بۆیە جێگەی رێز و سوپاس و پشتیوانییە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە .
بۆیە، هەموو ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییانە بۆ هەرێمی كوردستان و حكومرٍانییەكانی ، سەڕەرایی هەموو كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەمی ، بەڵام بە بەراوەرد لەگەڵ زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە جیاوازی گەورە و بەرچاویی هەیە ، چونكە هەرێمی كوردستان لە دێر زەمانەوە مەڵبەندی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو ئازادی ئایینی و ئایینزاكان و بیروڕای سیاسیی بووە ، بەتایبەت ئەو سیاسەت و دیپلۆماسییە كاریگەر و نەڕمەی كە لەلایەن سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ دەكرێ‌ بووتە جێگەی بایەخیی وڵاتانی ناوچەكەو هەموو جیهان .
بۆیە، پشتیوانیی كردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ هەرێمی كوردستان ، بۆ بونیاتنانی پایەكانی دیموكراسی و شارستانی ، دیموكراسی و ئازادییەكان و مافەكانی مرۆڤ و هەموو ئەو پێكەوە ژیانی ئاشتیانە و گرتنەبەری سیاسەت و دیپلۆماسییەتێكی نەرم دەگەرێتەوە ، كە وایكردووە كە ، پشتیوانیی هەنگاوەكانی كوردستانێكی بەهێزتر بن و بەرەو دوارۆژێكی پر هیوا و گەش..

Top