کۆماری کوردستان لەمەھاباد و ھەرێمی کوردستان لەھەولێر!

کۆماری کوردستان لەمەھاباد و ھەرێمی کوردستان لەھەولێر!


ھێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئەم دوایەی لەسەر ھەولێرە گەر بەدەستی ھێزە فەرمیەکانی عێراقیش نەبێت بەدڵی عێراقە، لەڕاستیدا ھەرچی نەیاری کوردە زەمینە بۆ ھەر ھێزێک خۆش دەکەن لەناوچەکە کە ھەولێر بکرێتە ئامانج، خۆی مەبەستیان لەھەولێر لایەنێک یان حیزبێکی دیارکراو نیە بەڵکو مەبەستیان کوردستان و شوناسی کوردە، مەبەستیان سلێمانی یە، ئامەدە
عەفرینە، کەرکوکە، مەھابادە، قامشلوە.
جاران نەیارانی کورد چاویان لەسەر مەھاباد بوو چونکە کۆماری کوردستان لەوێ دامەزرا ، نەتەوەی کورد ھێزی خۆی لەمەھاباد وەردەگرت، جا نەیارانی کورد نەوەستانەوە تا کۆماری کوردستانیان لە مەھەباد ھەڵ وەشاندەوە.

ئێستاش ھەرچی نەیارو دوژمنی کوردە چاویان لەسەر ھەولێرە چونکە ھەولێر پایتەختی ھەرێمی کوردستانە، بووە بە پانەگەیەک بۆ کوردانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، نەتەوەی کورد ھێزی خۆی لەھەولێر وەردەگرێت. نەیارانی کورد ترسیان لەوەیە ناسیۆنالیزمی کوردی لەھەولێرەوە سنورە دەستکردەکانی سایکس بیکۆ تێپەڕبن بەرەو قامشلو و مەھاباد و ئامەد بچن. کە ساڵی 2015 پێشمەرگە قارەمانەکان سنورە دەستکردەکانی ئەوانی تێکشاند بەھانای عەفرینەوە چون نەیان ھێشت کوبانێ یەوە بکەوێت بەدەستی داعشە تاریک پەرستەکان.

نەیارانی کورد ھەموو کارتەکانیان تاقی کردۆتەوە بۆ کەوتنی ھەولێر و کوردستان، کەبەبڕینی بودجە و ئاراستەکردنی داعش بەرەو ھەولێر و ئابلوقە لەسەر پێشمەرگە دەستیان پێکرد، دواتر ھەرخۆیان بەھەموو ھێزەکانی میلشیایەوە بەڕێکەوتن بۆ داگیرکردنی ھەولێر کەئەوەش سەری نەگرت، ئێستا بە موشەک و درۆن ھێرش دەکەنە سەر ھەولێر بۆ کەوتنی ھەولێر لەناوبردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، کپ کردنی دۆزی کورد لەناوبردنی شوناسی نەتەوەیەک.

بەداخەوە بەھۆی ململانێی ناتەندروستی حیزبی کە دەرئەنجام ڕق و کینەیەکی وایان دروست کردووە، ھەندێک لەکورد دڵ خۆشن بەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر ھەولێر، وابیردەکەنەوە کەھەولێر لاوازبوو و کەوت لایەنێکی دیارکراو دەکەوێت، بەڵام نازانن کەنەیارانی کورد کێشەی لەگەڵ ڕەنگەکان نیە کە زەرد بێت یان سەوز بێت یان نیلی بێت یان ھەر ڕەنگێکی تر بێت، بەڵکو نەیارانی کورد کێشەیان لەگەڵ دۆزی نەتەوەیەکە کە پێیان ھەزم ناکرێت و ھیچ دۆزێک بەکود ڕەوا نابینن، ئەمڕۆ ھەولێر بکەوێت سلێمانی و دھوک خۆی دەکەون چونکە بێ پشت دەمێنەوە. ئەمڕۆ زەرد بکەوێت سەوز و نیلی خۆیان لەناودەچن چونکە بێ دۆز دەمێنەوە. ئەمە جگە لەپارچەکانی تر بێ ئومێد دەبن و شوناسی کوردیش بەرەو نەمان دەچێت.

کورد گەوروترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە، ئەگەر نەیارانی کورد چەند ھۆکاربن کە کورد بێ دەوڵەت بێت، کورد خۆی بەشێکە لەوەی تائێستا بێ دەوڵەتە، ھەرکات کورد لە لوتکەبێت نەیارانی کورد ھیچیان پێ نامێنێت کورد خۆی لەناوخۆیدا درێژە پێدەری پیلانەکانی نەیارانی کورد بونە، ڕێگر بونە لە دروست کردنی دەوڵەتی کوردستان گەیشتن بەئامانجەکانی، کێشەی ھیچ میللەت و نەتەوەیەک تەواو نابن تا سەربەخۆ نەبێت و خاوەنی دەوڵەتی خۆی نەبێت.کێشە و گرفتەکانی کوردیش تا ئێستا نەبونی دەوڵەتە.

Top