ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان: گەشتیارێكی زۆر و بەبازاڕكردنێكی لاوازی بەرهەمی خۆماڵی

   ئەمەل جەلال  سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان: گەشتیارێكی زۆر و بەبازاڕكردنێكی لاوازی بەرهەمی خۆماڵی

 

لە براند و بە بازاڕكردن لە كەرتی گەشتیاریدا زۆر هەژارین و، نەمانتوانیوە كەلەپوور و كەرەستە و بەروبوومەكانی خۆمان بە دنیای دەرەوە بناسێنین

 

 

شوكر عەزیز 

جێگری سەرۆكی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەولێر:

بەرهەمی خۆماڵی و كاری دەستی لە ناوچە گەشتیارییەكان و مۆڵ و ماركێتە گەورەكاندا، بە پێی پێویست گرنگیی پێ نەدراوە

 

لەگەڵ بوونی ژینگە و بنەمای باشی گەشتوگوزاری و زیاد لە 700 هوتێل و 52 گوندی گەشتیاری و سەدان شوێنی گەشتیاری و مۆتێل و ماركێتی گەورەو شوێنی یاری، كەچی وەكو پێویست گرنگی بە ناساندنی كولتوور و شارستانییەتی كوردستان و بەرهەمی خۆماڵی نەدراوە، بەرزبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران ساڵانە بۆ نزیكەی چوار ملیۆن گەشتیار لە هەرێمی كوردستاندا، وای نەكردووە ئەو هەموو بەرهەمی خۆماڵی و میوەجات و كەرەستە و كەلوپەلی كولتوورییە، بازاڕێكی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوەی هەشە، بەرهەمی وڵاتانی دەوروبەر و چینی و بیانییە، ئاخر هاووڵاتییەكی عەرەب لە باشوری عێراقەوە دێت، بەرهەمەكەی خۆی پێ دەفرۆشرێتەوە، كوردێك كە دەچێتە دەرەوەی وڵات لە فڕۆكەخانەكان بەرهەمی خۆماڵی تێدا نییە، تاوەكو بە یادگاری بۆ دەرەوەی وڵات سوودی لێ وەربگرێت، ژمارەیەكی زۆری گەشتیار لە هەرێمی كوردستاندا هەن و، بازاڕێكی گەرمی ساخكردنەوەی كاڵاو كەرەستەی وڵاتانی دەوروبەرمان هەیە، خۆ ئەگەر بێتو بەتێكڕا گەشتیارێكی شارەكانی دیكەی عێراق تەنیا 300 دۆلار خەرج بكات و، ئەم ژمارەیە لە ساڵێكدا نزیكەی چوار ملیۆن كەس بێت، دەبێت چی بازاڕێك بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی دروست ببێت؟

ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەگەرچی پلانی پەرەپێدانی گەشتوگوزاری هەیە، بەڵام ئاراستەیەكی ستراتیژیی بەرە و بەرزكردنەوەی داهاتی گەشتیاری نییە، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی ژمارەیەكی زۆری وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەكان هەیە، بۆ ئەوەی جگە لە هەڵكشانی ژمارەی گەشتیاران و بوونی هوتێل و خواردن و هاتوچۆ، گرنگی بە بازاڕكردنیشیان بدرێت و، بە كەرتەكانی (كشتوكاڵ و بازرگانی و پیشەسازی و كولتووری ببەسترێنەوە)، لە ئێستادا بە دەگمەن بەرهەمی خۆماڵی لە ناوچە گەشتیارییەكان و ماركێت و هوتێلەكاندا دەبینرێت، ئەوەی هەشە لە ئاستێكی كوالێتی نزم و خراپدایە و، براندی جیهانی نییە و، لەبواری براندینگ بۆ گەشتیاران زۆر هەژارین و نەمانتوانیوە كەرەستە و بەروبوومەكانی خۆمان بە دنیای دەرەوە بناسێنین.

بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان كرد، سەرەتا سەبارەت بە رەگەزەكانی گەشتوگوزاری و بنەماكانی ئەم كەرتە گرنگە گوتی: «گەشتوگوزار و كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان خاوەن سێكتەری جۆراوجۆر و فراوانە، كە گرنگترینیان بریتییە لە گەشتوگوزار (هاوینە و زستانە و ئایینی و شوێنەوار و سەركێشی سەر چیا و گەشتیاریی چارەسەری و تەندروستی و زانستی و خوێندن و كولتووری و كشتوكاڵی و...تا دوایی)، ئەمانەش هەمووی بنەمای مێژوویی و كولتووری و ژینگەیی و ئاووهەوا و میواندۆستی و چەندین بنەمای هەیە. وەكو دەستەی گەشتوگوزار بۆ هەریەك لە سێكتەر جۆراوجۆرەكانی گەشتوگوزار، هاتووین لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەكان، بەتایبەتی دەستەی وەبەرهێنان كارمان كردووە، بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا ژینگەیەكی لەبار و گونجاو دروست بكەین، بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی سەرجەم ئەم بوارانە، بۆ نموونە لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان كار دەكەین بۆ دامەزراندنی چەندین شوێنی گەشتیاری و پەرەپێدانیان و، دروستكردنی شوێنی حەوانەوە و هۆتێل و كافتریا و شوێنی یاری، هەروەكو چۆن هاتووین لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا كار لەسەر ئەوە دەكەین سوود لە هاتنی خوێندكارانی بیانی وەربگرین، ئەم حاڵەتە بۆ كەرتی تەندروستیش بەهەمان شێوەیە، بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاریی شوێنەوار و ئایینیش بە هەمان شێوە، كوردستان بە سەدان ناوچەی شوێنەواری تێدایە، كە بەداخەوە بە هۆی نەبوونی توانای دارایی، وەكو پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، تەنانەت لە رووی كەرتی گەشتوگوزاریی ئایینیش خاوەنی چەندین پەرستگا و شوێنی پیرۆزی ئایینین، كە گۆڕی پێغەمبەران و كەسایەتییەكانی تەریقەت و ئایین و ئایینزا و پیاوچاكانی تێدایە، ئەمە وێڕای گەشتوگوزاری هاوینە و زستانە».

بوونی ئەم بنەما و فاكتەرانە وای كردووە ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان زیاد بێت، بەڵام تا چ راددەیەك زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران سوودی بۆ بووژاندنەوەی كاری كاسبكاران و هوتێل و میوانخانە و كافتریا و شوێنە گەشتیارییەكان هەبووە؟ لەم بارەیەوە سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار گوتی: «خۆی لە خۆیدا هاتنی گەشتیاران واتا بووژانەوەی بازاڕ و جموجووڵی بازرگانی و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ ژمارەیەكی زۆری گەنجەكان، ئێمە لە دەستەی گەشتوگوزار لە سەر ئەو بنەمایە كار دەكەین، كە گەشتوگوزار ببێتە بنەمایەكی سەرەكیی فرەچەشنكردنی داهات و، جۆراوجۆركردنی ئابووری، لێرەدا تەنیا نموونەیەكی كەرتی گەشتیاریی ئایینی باس دەكەم، كە كڵێسەكانی ئەوروپا ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلاریان لێی دەست دەكەوێت، تەنیا بە سەردانیكردنی گەشتیاران بۆ كڵێسا مێژووییەكانیان، لە وڵاتێكی وەكو سعودییەش لە هەردوو فەریزەی حەج و عەمرە، داهاتی دوو ساڵی خەرجی وڵاتەكەیان مسۆگەر دەكەن، لە نەجەف و كەربەلا تەنیا لە سەردانیكەرانی شیعەدا بۆ مزگەوت و ناوچە پیرۆزەكانیان، بازاڕی ئەو دوو شارە دەبووژێتەوە و سەدان هەلی كار بۆ گەنجەكان دەڕەخسێت. ئێمە لە ناوچە سنوورییەكان و شاخاوییەكان بە دەیان ئاوی گەڕاومان هەیە، كە دەكرێت بەهۆی سەردانیكەرانەوە، ببێتە سەرچاوەی داهاتێكی گەورە بۆ هاووڵاتیان، لەگەڵ وەزارەتەكانیشدا كار بۆ باشكردنی رێگاوبانی شوێنە گەشتیارییەكان دەكەین و، دەمانەوێت هاوشێوەی وڵاتانی گەشتیاریی پێشكەوتوو، مۆزەخانە و رێبەری گەشتیاریی تایبەت بەخۆمان بۆ هەموو شوێنەوار و ناوچە گەشتیارییەكان هەبێت و، كۆنفڕانسی حیواری ئایینەكان ئەنجام بدەین، بە شێوەیەكی گشتی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە دەروازە سنوورییەكان و بازگەكان و فڕۆكەخانەكانەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، ساڵ لە دوای ساڵ روو لە زیادبوون دەكات، بەتایبەتی دوای كەمبوونەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا، ئەمەش هەمووی سوودێكی گەورەی دەبێت بۆ بووژانەوەی بازاڕ و دۆزینەوەی هەلی كار، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا وەك هەرێمی كوردستان لە بواری براندینگ بۆ گەشتیاران زۆر هەژارین و، نەمانتوانیوە كاری دەستی و كەلەپوور و فەرهەنگ و كەرەستە و بەروبوومەكانی خۆمان بە دنیای دەرەوە بناسێنین، تەنانەت كاتێك گەشتیاری خۆمان دەیەوێت بچێتە وڵاتانی بیانی و دەیەوێت دیاری لەگەڵ خۆیدا ببات، دیارییەكی ئێرانی و چینی و توركی لەگەڵ خۆیدا دەبات، چونكە ئەو براندینگانەی لە كوردستان نییە. لەدنیای دەرەوە براندەكەت ناسنامەی بیزنسەكەتە، لە هیران و نازەنین سركە و شەربەت و دۆشاو و چەندین بەرهەمی ناوازەی كوردیمان هەیە كە لە شووشەی جواندا هەڵگیراون، كەچی هیچ زانیارییەكی بە زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی لەسەر نییە، تەنانەت چۆنیەتیی بەكارهێنان و پێكهاتەكەی و رێژەكانی و ئیكسپاریەر و زانیارییە جیهانییەكانی دیكە، كە دەبێت لە براندا هەبێت، لەسەریان نییە، لە شەقڵاوە سەردانی براندی مام حاجیم كرد كەرەستەو شتومەكی زۆر جوان و نایابی هەبوو، ئەویش بە هەمان شێوە، گرنگیی بە زمانەكانی دیكە نەدابوو».

سەبارەت بەوەی تاچەند دەتوانرێت ئەو شوێنە گەشتیارییانە پابەند بكرێن، بە تەرخانكردنی شوێنێك بۆ ناساندن و فرۆشتنی بەرهەمی خۆماڵی، ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار رایگەیاند: «نەبوونی فەرهەنگی گەشتیاری و شارەزایی لە ناساندنی كوردستان و فەرهەنگەكەی، لە هەرێمی كوردستاندا بە یەكێك لە گرفتەكانی كەرتی گەشتیاری دادەنرێت، لە هۆتێلەكانی كوردستاندا زیاتر بایەخ بە وێنەی بیانی و تابلۆی بیانی دەدرێت، كەچی خاڵییە لە بەرهەمی فۆتۆگرافەر و وێنە دەستییەكانی وێنەكێشەكانی كوردستان، ماركێتەكانمان خاڵییە لە بەرهەمی خۆماڵی، ئێمە داوامان كردووە لە هەموو هۆتێلەكان كە تەنانەت ئەگەر بەشێكی بچووكیش بێت، بۆ نیشاندانی كەرەستە و كولتوور و مێژووی ئەم وڵاتە و فرۆشتنی بەرهەمی كاری دەستی و بەروبووم و بەرهەمەكانی كوردستان تەرخان بكەن، واتە هۆتێلەكان بەرهەمی تێدا بێت و، میوان و گەشتیارانمان دیاری ببەنەوە بۆ هاوڕێ و خانەوادەو كەسوكاریان، لە لایەكی دیكەوە بازاڕ بۆ ساخكردنەوەی بەرهەم و كەرەستەكانی خۆماڵی لە سەرجەم بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی بدۆزینەوە، بە نرخ و بەهایەكی زۆر بەرزتر لەوەی لە رێگەی بازرگانەكانەوە رەوانەی بازاڕەكانی شارەكانی خواروو و وڵاتانی بیانی دەكرێت. كاتێك گەشتیار لە دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكانەوە دێتە ناو هەرێم، یان دەگەڕێتەوە بەشێكی تایبەتی بە بازاڕكردنی بەرهەم و كاری خۆماڵی تێدا نییە، لەئێستادا چەندین پڕۆژە لە بواری گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستاندا راگەیاندنی بۆ كراوەو، ئامادەكراوە و لەهەوڵی ئەوەداین رەچاوی تایبەتمەندیی بەرهەمی خۆماڵی بكەین، بەتایبەتی بەپێی ناوچەكان لە بەرهەمی كشتوكاڵی» .

 

لە فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكانمان، بازاڕێك بۆ فرۆشتن و نیشاندانی بەرهەمی خۆماڵی نییە

هەر سەبارەت بە كەمتەرخەمیی بەبازاڕكردنی بەرهەمی خۆماڵی (شوكر عەزیز) جێگری سەرۆكی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەولێر گوتی: «بەداخەوە تا ئێستا گرنگی بە بنەماكانی گەشتوگوزاری نەدراوە، لەم بارەیەوە ئەوەندەی لە میدیاكان قسە دەكرێت، ئەوەندە كار ناكرێت، بەتایبەتی لە بواری بەبازاڕكردنی بەرهەمی خۆماڵی و هەناردەكردنی بۆ دەرەوەی هەرێم، لە رێگەی گەشتیارەكان، هەروەها ناساندنی كولتوور و شارستانییەت و هونەر و رۆشنبیریی میللەتی كورد، پێشنیارمان كردووە لە سەرجەم ماركێت و هوتێلە گەورەكاندا، كە شوێنێك بۆ فرۆشتن و ناساندنی كەلوپەلی دەستكرد و شوێنەوار و سیمبولی نەتەوەیی و مێژووییمان دابنرێت، تەنانەت دەكرێت لە ناوچە گەشتیارییەكاندا شوێنێكی تایبەت بە بەرهەمی خۆماڵی دابنرێت، جگە لە گرنگیدان بە ناوەندێكی زانیاری و رێبەرایەتیی پێویستە گرنگی بە بازاڕكردنی بەرهەمی خۆماڵی بدرێت و، هانی كەرتی تایبەت بدات و كارئاسانی و پاڵپشتییان بكات، لە ئێستادا لە رووی پراكتیكییەوە هیچ لایەنێك نییە، لەم بارەیەوە دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری پارێزگاكان هوتێل و چێشتخانەو میوانخانە و ماركێتەكان ناچار بكەن، من پێم سەیرە لە فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكانماندا بازاڕێك نییە بۆ فرۆشتن و نیشاندانی بەرهەمی خۆماڵی، من چی لە زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران بكەم، لە كاتێكدا بە دەستی بەتاڵ، یان بە كاڵا و كەرەستەی وڵاتانی دراوسێ و بەرهەمی چینی و بیانییەوە دەگەڕێنەوە، ئێمە تەنیا سوود لە قازانجی فرۆشتنەكە دەكەین، نەوەكو لە بەهای قازانجی بەرهەمهێنانی كاڵاكە، كاتی خۆی لەم هەولێرە كارگەی مافوورمان هەبوو، بەدەیان كوڕ و كچی ئەم شارە كاریان تێدا دەكردو، بەرهەمەكانیان گوزارشتی لە واقیعی كوردەواری دەكرد، دەكرا ئەم بنكەی مافوورانە بمانایەتەوە و پەرەیان پێ بدایە.

 

هەڵكشانی ژمارەی گەشتیاران

2007                   377 هەزار

2008          558 هەزار

2009                    791 هەزار

2010                   1ملیۆن و 313 هەزار

2011                   یەك ملیۆن و 800 هەزار

2012                   2 ملیۆن و 250 هەزار

2013                   2 ملیۆن و 900 هەزار

2018          3ملیۆن

2019                   3 ملیۆن و 700 هەزار

 

2014و 2015 و 2016 و 2017 بە هۆی شەڕی داعش و كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا ژمارەی گەشتیاران دابەزی، لە ساڵی 2020 بەهۆی كۆرۆنا كەمی كرد، لە 2021 چاوەڕوان دەكرێت بۆ سەرووی چوار ملیۆن گەشتیار زیاد بكات و، بەپێی پلان و خەمڵاندنەكانی دەستەی گەشتوگوزاریش بێت، ئەم ژمارەیە تا 2025 بۆ حەوت ملیۆن گەشتیار زیاد دەكات.

Top