ڕۆژێك بۆ هەڵمەتی دژی توندوتیژی و هەموو ڕۆژێك دژی توندوتیژی

ڕۆژێك بۆ هەڵمەتی دژی توندوتیژی و هەموو ڕۆژێك دژی توندوتیژی

یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨١ لەلایەن فیمینستەکانی ئەمەریکاوە رۆژی ٢٥ ی نۆڤەمبەر دەستنیشانکرا وەکو رۆژی بەرەنگاربونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان . دیاریکردنی ڕۆژێك وەك ڕەمزی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، دوای گردبوونەوە و نارەزایەتی بەردەوام بوو، دەربارەی (نایەکسانی، جیاکاری، توندوتیژی ناو خێزان، توندوتیژی جەستەیی، سێکسی، دەروونی ، دەستدرێژی سێکسی، بازرگانیکردن بە ئافرەتان، خەتەنەکردنی مێینە...هتد) بۆیە دوای هەوڵ و ماندوبونی زۆر، ئەوە بوو بەبڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩١ رۆژی (٢٥)ی نۆڤەمبەر(کانونی یەکەم) وەکو رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەستنیشان کرا، لەوە بەدوا ساڵانە لەلایەن حکومەت و رێکخراوەکانی بەرگریکار لە مافەکانی ئافرەت و چالاکانی ئەو بوارە هەڵمەتێکی ١٦ رۆژە بەرێوەدەچێت کە تێیدا چالاکی هۆشیارکردنەوەی هەردوو رەگەز لەسەر شێوازو جۆرەکانی توندوتیژی و ئامارەکان و ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە بەفراوانی بەرچاو دەخرێت ، لە هەرێمی کوردستانیشدا ساڵانێکە لەلایەن حکومەتی هەرێم و رێکخراوەکانی بواری ئافرەتان و چالاکوانانەوە ئەو هەڵمەتە بەڕێوە دەچێت و تێیدا چەندین چالاکی و کۆڕ و سمینار و بەرنامە و دیبەیت بەرێوەدەچێت. ئاشکرایە کە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام شێوازەکەی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر و لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی تر دەگۆڕێت، لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی زاڵبوونی کولتووری پیاوسالارییەوە کە ڕیشەیەکی قوڵی هەیە لە هەناوی کۆمەڵگەکەدا توندوتیژی و نایەکسانی لە پێدانی ماف و سوکایەتی پێکردن و بەکەم سەیرکردنی رٶل و تواناکانیان و دەرفەت پێ نەدانیان وەک پێویست پەیڕەو کراوە ، ئەمە ش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئافرەتان لە پێشکەوتن و پێگەیشتن و هاتنە مەیدانی کارو رۆڵ بینین وەک تاکێکی کاریگەر کەمتر دەربکەون و جێدەستیان دیار بێت ، ئەگەرچی ئێستا بارودۆخەکە گۆڕانکاری پۆزەتیڤی بەسەردا هاتووە و کرانەوەیەک ڕوویداوە کە جێی دڵخۆشییە، ئەگەرچی جێی ڕەزامەندی تەواویش نەبێ . بۆ ئەوەی دیاردەی توندوتیژی جەستەیی و مەعنەوی و نایەکسانی دژی ئافرەتان بنبڕ بکرێت پێویستی بە هۆشیاریی گشتی و بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردەیی تاكەكان هەیە چ لەناو خێزانەوە، چ لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن، چی لە مزگەوتەکانیشەوە ، پێویستە گیانی لێبوردەیی و یەکسانیخوازی و دادپەروەریی جێندەری لە نێو کۆمەڵگە و خێزانەکاندا برەوی پێبدرێت و بکرێتە بنەمای پەروەردە و تێڕوانینی تاکەکان، پێویستە هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بکرێتە دەرفەت بۆ ئەوەی ساڵانە لەو ١٦ رۆژەدا هەم ئاماری توندوتیژی و قوربانییەکان بەفراوانی بڵاو بکرێتەوەو بەرچاو بخرێت ، هەم چالاکی جۆراوجۆری مەیدانی ئەنجام بدرێت ، چونکە ئەم کارو چالاکییانە کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر هۆشیاربونەوەی قۆناغ بە قۆناغی تاکەکانی کۆمەڵگە، هاوكات پێویستیشە ئەم هەڵمەت و چالاکیانە زیاتر ببرێتە دەرەوەی سەنتەری شارە گەورەکان و گرنگی زیاتر بە شارۆچکە و گوندەکان و شوێنە دورە دەستەکان بدرێت و هەڵمەتی هۆشیاری ببرێتە ئەو شوێنانە چونکە بەپێی ئەوەی کە ئاستی داخراوی کۆمەلایەتی و نزمی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لەو شوێنانە و زاڵبوونی زیاتری کەلتورو عەقڵیەتی پیاو سالاری و هۆزو بنەماڵە سالاری لەو شوێنانە وایکردوە کە زیاتر ئافرەتان بێ ماف کراون و توندوتیژی جەستەیی و مەعنەوی زیاتریان بەرانبەر دەکرێت و کەمتریش ئاماری ئەو توندوتیژییە بەردەست دەخرێت و تۆمار دەکرێت ‎ - پێویستە لەمەو بەدوا دروشمەکانی ئەم هەڵمەتەش دەستکاری بکەین و هەندێکیان بگۆڕین و زیاتریش هەوڵ بدەین دروشمەکان واقعی بن و کاری مەیدانیش بکرێت زیاتر لەوەی کە هەر قسەکردن بێت ، وابکرێت هەموو تاکێک خۆی بە بەرپرسیاربزانێت لە وەرگرتن و بەخشینی هۆشیاریدا دەربارەی توندوتیژی و بنبڕ کردنی . - خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە کە پێویستە دەزگا میدیاییەکان و دیژیجتاڵ میدیاکان رۆڵی پۆزەتیڤ ببینن لەم بوارەدا، نەک وەک ئیستا کە زۆرێک لەو میدیایانە بەراستی رۆڵێکی خراپ و نابەرپرسیارانە دەبینن و لە جیاتی ببنە فاکتەری کەمکردنەوە و بنبڕکردنی توندوتیژی بونەتە فاکتەری زیاترکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، یەکێکی دیکە لە ڕێگە گرنگەکانی کەمکردنەوە و بنبڕکردنی توندوتیژی دەستکاریکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن و وتاری وتاربێژی مزگەوتەکان و پیاوانی ئایینییە کە رٶڵی سەرەکیان هەیە لەو بوارەدا، جگە لەوەش پیوستە لە دادگاکاندا سزای توند و قورس دیاری بکرێت، ئەویش بۆ ئەوانەی توندوتیژی دژی ئافرەتان ئەنجام دەدەن یان ئافرەتان بەبیانوی شەرەفەوە دەکوژن، دادگاکان لەو بارەیەوە چاوپۆشی و کەمتەرخەمی و خاترانە نەکەن . ئەمانە ئەو ڕێگایانەن کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە توندوتیژی دژی ئافرەتان کە نێوەی گرنگی کۆمەڵگەن پاک بکرێتەوە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەرپا بکرێت. .

 

 

لیا سەیفەدین

Top