پەیوەندی نێوان رێژەی پاشەکەوت و قەیرانەکان

پەیوەندی نێوان رێژەی پاشەکەوت و قەیرانەکان

وەک دەزانین پاشەکەوت کردن لە سەر ئەو داھاتەی کە دەست تاکەکان دەکەوێت، سودێکی ئێجگار گەورەی ھەیە، ھەم بۆ خودی تاکەکانی کۆمەلگا و بۆ حکومەتەکان. مەسەلەکی کوردی ھەیە کە دەلێت زێری زەرد بۆ رۆژی رەش و لە ئنگلیزیش ووتەیەکی ھاوشێوە ھەیە کە دەلێت پاشەکەوت بکە بۆ رۆژی بارانی (Saving for a Rainy Day). قسە لە سەر ئەوە نییە کە سودەکانی پاشەکەوت کردن زۆرن بە تایبەت بۆ ئەو ولاتانەی کە خاوەنی سیستەمی دارایی و نەقدی پێشکەوتوون، بگرە لە دابین کردنی سەرمایەی پێویست بۆ وەگەرخستنی پرۆژە گەورە و بچوکەکان و دابین کردنی بودجەی پێویست بۆ خاوەن بیرۆکە و بزنسمانەکان و لە دەرئەنجام گەشانەوەی زیاتری ئابوری ولات.
لێرەدا دەمەوێت باس لە پەیوەندی نێوان رێژەی پاشەکەوت و قەیرانەکان بکەم و ئاماری ولاتی بەریتانیا بە نمونە وەرگرین.
بە پێی داتاکانی The Office for National Statistics ی بەریتانی، لە نێوان سالانی ١٩٦٣ تاکو ٢٠١٩ رێژەی پاشەکەوتی خەلکی ئەو ولاتە لە نێوان ٣ بۆ ١٢ لە سەدا بووە و لە کاتی قەیرانەکان بەرز بۆتەوە و لە بەرزترین ئاستی خۆیدا گەیشتووە بە ١٢ لە سەدا. ئەو بەرز بونەوەیە لە دوو ماوەدا رێژەی پێوانەیی تۆمارکردووە کە ئەوانیش لە قەیرانەکانی سالانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠ بووە و ھەروەھا لە کاتی قەیرانی دارایی سالی ٢٠٠٧ بووە کە تا سالی ٢٠٠٩ درێژەی کێشا لە زۆربەی ولاتانی جیھان و بەریتانیا.
لە قەیرانی کۆڤید ١٩ ی سالی ٢٠٢٠ بە تەواوی پەیوەندی راستەوانەی نێوان رێژەی پاشەکەوت و قەیرانەکان بۆمان روون دەبێتەوە بەوەی کە لەو سالەدا رێژەی پاشەکەوت لەو ولاتەدا بەرز بۆتەوە بۆ ٢٩ لە سەدا، واتە دووقات و نیو زیاتر لە تەواوی رێژەی پاشەکەوت کراوی نێوان سالانی ١٩٦٣ تاکو ٢٠١٩.
کاتێک کە ئابوری ولاتێک بەرەو گەشەکردن و فراوان بوونە و داھاتی تاکەکان زۆرە، جۆرێک لە متمانە بە خۆبوون دروست دەبێت و تاکەکان بیر لە پاشەکەوت کردن ناکەنەوە. بەلام کاتێک کە ئابوری ولات سستە و لە قەیراندایە، ئەوا تاکەکان سیاسەتی خۆپارێزی جێبەجێ دەکەن و دەست دەگرن بە پارەوە و پاشەکەوتی دەکەن.
لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت لە سەر ئاماری رێژەی پاشەکەوتی ھاولاتیانی بەریتانی لە کاتی قەیرانی کۆرۆنا و لە سالی ٢٠٢٠ کە بۆ چی بەو رێژە زۆرە بەرز بۆتەوە، کەچی لە قەیرانەکانی سالانی پێشتر ئەو ژمارەیە تەنھا تاکو ١٢ لەسەدا رۆیشتووە.
بەرای من ھۆکارەکە دەگەرێتەوە بۆ بابەتی زیاتر پەرەسەندنی گلۆبالایزێیشن و گرێدرانی زیاتری ولاتان بە یەکەوە و فراوان بوون و باسکردنی کێشە گەورەکانی جیھان وەک ووشکەسالی، کەمی خۆراک، گەرم بوونی زەوی، پەرەسەندنی جەنگەکان و ھۆکار و کێشەکانی تری ھاوبەش لە نێوان گەلانی ئەم گوێی زەویە وای کردووە کە خەلک زیادتر روبەرووی ترس و دلەراوکێ ببن لە سەر داھاتووی ناروون و پر ئەزمەی ئەم سەردەمەی جیھان. لە سالانی پێشتر راستە قەیران ھەبووە بەلام کێشە گەورەکانی جیھان بەو شێوەیەی ئێستا پەرەی نەسەندبوو و نەببوونە ھۆی مەترسی گەورە لە سەر داھاتووی جیھان.
ئەگەر سەیری ھەرێمی کوردستان بکەین دەبینین کە رێژەی پاشەکەوت و پاراستنی داھاتەکان لە نێو تاکەکانی کۆمەلگا بە شێوەی بەرچاو بەرز بۆتەوە لە دوای سالی ٢٠١٤ کە ھەرێمی کوردستان تووشی قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان بوو و ئاسەوارەکانی تاکو ئێستاش ھەر بەردەوامە و بۆتە ھۆی ئەوەی کە بازارەکان سست بن و خاوەن کار و بازاریەکان لە داھاتی خۆیان رازی نین و رێژەی کرین و فرۆشتن و ئالوگۆری بازرگانی کەمی کردووە بە ھۆی خۆپارێزی تاکەکانی کۆمەلگا و پاشەکەوت کردنی برێکی داھاتەکانیان بۆ رۆژانی رەش.

Top