حەزی تەسلیم بوون و خۆڕادەستکردن

حەزی تەسلیم بوون و خۆڕادەستکردن

 

 

حکومەتی عێراق لە سەرەتای دروست بوونیەوە پاش ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا بەردەوام غەرقی گەندەڵی و دزی و نادادی و شکستی گەورەی ئیدارەدان لە تەواوی سێکتەرەکانیدا دەبێتەوە، ملیۆنان ھاوڵاتی بەھۆی خراپ ئیدارەدانی عێراق لە ژێر ھێڵی ھەژارییەوەن، بەھۆی بۆشایی ئەمنی نەبوونی سیستمێکی سەربازی بەھێز، خەڵکی عێراق ھەمیشە لە ترسی مردن و کوژران، گرتن و ڕفاندان، ئەمە جگە لەوەی ھیچ خزمەتێک نەکراون، بچووکترین خزمەتگوازرییە سەرەتاییەکان ناگاتە خەڵک. ئەوان بەو ھەموو پارە زەبەلاح و خەزێنە پڕەی کە لە داهاتی نەوتەوە دەست دەکەوێت و گرووپە میلیشیاکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دەیبەن، ناتوانن دڵی ھاوڵاتیەکی بەغدادش کە پایتەختە ڕازی بکەن، چ جای شارە پەراوێزخراوەکانی وەک بەسڕا و سامەڕا و ناسڕیە کە لە سایەی حکومداری خراپ و نەزانیدا وەک وێرانەیان لێھاتووە و بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ژیان شیاو و نین و خراپترین ژینگەی گوزەرانیان هەیە، بەهەرحاڵ ئامار و داتا خراپەکانی عێراق و شکست و پاشەکشەی حکومڕانی و ئیدارەدان پێویستیان بە دەیان کتێب و توێژینەوە هەیە، هێندە نەبڕاوەن، ڕەنگە ڕیزبەندی خراپ و شەرمهێنی عێراق لە ئاستی گەندەڵترین ووڵاتانی دونیادا باشترین وەڵامدانەوە بێت ئەو کەسانەی عێراق لە چاوی هاوڵاتیان گەورەتر نیشان دەدەن.

 

ئەوەی جێگەی تێرامانە خەڵکی تێنەگەیشتوو و تەسلیمبوو، ئەوانەی بە پیلانی نەیاران سەما دەکەن، ھەردەم لە ھەوڵی ئەوەدان سیاسەتەکانی حکومەتی عێراقی زاڵ بکەن بەسەر ھەرێم، کە ئەمە ھەروەک پیلانە شوومەکانی پێشووتر دەچێتە قاڵبی خیانەتەوە، ھەر ئەمانە کاتێک دۆخ خراپ دەبێت دەکەونە بڵاوکردنەوەی تۆمەت و بوختان بە حکومەت و ھەرێمی کوردستان، ھەموو ھەوڵی ئەمانە ناشرینکردن و بچووکردنەوەی ئەو قەوارەیەی ھەرێمی کوردستانە کە خوێنی ھەزاران شەھید و قوربانی ھاتووەتە دی، بە درێژایی مێژووی کورد لە عێراقدا خەڵکانی خۆفرۆشی وەهای تێدا هەڵکەوتووە کە تەرەفگیری نەیار و داگیرکار بووە، چ لە ڕووبەڕوونەوەی چەکداری چ لە قۆناغی نوێ کە بە قۆناغی گفتوگۆ و دایەلۆگ هەژمار دەکرێت.

 

ئەو لایەنەی تەسلیم نابێت؟

 

لە تەواوی ئەو ئاڵنگارییانەی کە هاتوونەتە پیش ئەزموونی ئیدارەدانی کورددا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی (سەرۆک بارزانی) هەوڵی ئەوەیداوە کە سازان و گفتوگۆ هەوێنی (رێککەوتن) بێت نەک (تەسلیم بوون) بە زار و کرداری بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی ھەرێم، کە ئەوان بەردەوام و ھەمیشە ئەزموونیان لەگەڵ تەسلیم بوون و خۆڕادەستکردندا ھەیە، لە ڕاستیدا جێگەی خۆیەتی ئەو گرووپ و حیزب و تاقم و میدیاکار و ڕۆژنامەنووسە کڕدراوانەی کە سەمای نەمانی کیانی ھەرێمی کوردستانیانە، ھەندێک شەرمەزار بن و ئارەقەی شەرم بیانگرێ، چونکە لایەنی بەرامبەر ئەگەر بۆ ساتێک جاشایەتی لە جاش قبووڵ بکات کە مەرامی چوویە سەر بە پەڕۆیەکی پیس فڕێیدەدات، بۆیە باشترە یەکێتی و ھەموو ئەو حیزبانەی کە ھەل ھەلەی تەسلیم بوونیانە لە پارتییەوە فێری خۆڕاگری و هێندە شاگەشکەی گووتاری داگیرکارییانەی داگیرکەر نەبن، چونکە مێژوو خیانەتکار و تەسلیمبوو ناوی خۆڕادەستکاران دەنووسێتەوە، هەروەک (گیڤارا) دەڵێت: "ئەگەر بتوانن مێش ڕازی بکەن گوڵ زۆر باشترە لە زبڵ، ئەوسا دەتوانن قەناعەت بە خۆفرۆشیش بهێنن کە نیشتمان بەهای گەلێک زیاترە لە پارە".

Top