هەنگاوەكانی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی نایلۆن و پلاستیك

هەنگاوەكانی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی نایلۆن و پلاستیك

 

 

ئەمڕۆ ژینگەدۆستان لە تەواوی جیهاندا تێدەكۆشن لەپێناو بەزاندنی پیسبوون بە پلاستیك و دانانی سنوورێك بۆ دروستكردن و بەكارهێنانی لە ڕێگەی هۆشیاركردنەوەی ژینگەیی و سەرنجڕاكێشانی دروستكارانی بڕیار بۆ بایەخپێدانێكی باشتر و كاریگەرتر بە ژینگە و پێكهێنەرەكانی، بۆ برەودان بە ڕۆڵی تەواوی توێژەكانی كۆمەڵگە بەرەو گۆڕینی هەڵوێستەكان بە ئاراستەی پاراستن ‌و چاككردنی ژینگە و دروستكردنی هەستێكی ژینگەدۆستیی لای هاووڵاتیان.

دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستانیش بە مەبەستی جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری هۆشیاركردنەوەی ژینگەیی و كەمكردنەوەی مەترسییەكان، بە پێویستی زانیوە چەمكی ژینگەپارێزی لە دروشمەوە بەرەو هەنگاوی كرداری ببات، بۆیە بۆ ئەو دروشمەی ئەم ساڵی ڕۆژی جیهانیی ژینگەش كە بریتییە لە دانانی سنوورێك بۆ پیسبوونی پلاستیكی، دەستەی ژینگە پێش سێ ساڵ لەمەوبەر بە نووسراوی فەرمی لە ڕێكەوتی 23/9/2020 بە دروشمی «با لە خۆمانەوە دەست پێ بكەین» ئەم هەنگاوانەی لای خوارەوەی نا:

یەكەم: لە ڕێكەوتی 22/9/2020 نووسراوێكی فەرمیمان بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كرد، بۆ ناردنەوەی مەواد و خۆراكی ماوەبەسەرچوو بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتووە، بۆ ئەوەی ئەو ماددە پلاستیكییانە لەسەر زەویی ئێمە نەسووتێنرێنت و نەشخرێتە ژێر خاكی ئێمە.

دووەم: نووسراوی فەرمی لە ڕێكەوتی 23/9/2020 بۆ قەدەغەكردنی بەكارهێنانی دەبەی پلاستیكیی ئاو لە دیوانی دەستە و فەرمانگەكانی ژینگەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، سوودوەرگرتن لە ئاوی خاوێنی ئاسایی لە ساردكەرەوەكاندا و، بەكارهێنانی پەرداخی كارتۆن بۆ ئاو و چای و قاوە، لەبەر ئەوەی كارتۆن زوو شی دەبێتەوە و ژینگەش پیس ناكات.

سێیەم: لە ڕێگەی فەرمانگەی هۆشیاركردنەوەی ژینگەیی و ڕاگەیاندن و هۆبەكانی هۆشیاریی لە پارێزگا و ئیدارەكان، چەندین پێشانگامان كردووەتەوە، بۆ پیشاندانی ئەو كەرەستانەی كە لە دووبارە بەكارهێنانەوەی پاشماوەكان دروست كراون.

چوارەم: لەگەڵ خاتوو گەلاوێژ بایز بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ڕێكخراوی ئیكۆ ڤیتاڵ و بە هاوكاریی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەوروپا و وەزارەتی ژینگەی عێراق و فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، یەك ملیۆن زەرفی كاغەز بەسەر نانەواخانەكانی هەولێردا دابەش كرا، بۆ ئاگاداربوون لە مەترسییەكانی كیسی نایلۆن.

پێنجەم: لە ڕێكەوتی 4/4/2023 سەرۆكی دەستەی ژینگە سەردانی بەڕێز وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستانی كرد، بە مەبەستی داوەتكردنی بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە بۆنەی ڕۆژی ژینگەی كوردستاندا، بۆ باسكردن لەبارەی زیانەكانی پلاستیكەوە.

شەشەم: لە ڕێكەوتی 16/4/2023 لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان میوانداریی بەڕێز كەمال موسلم وەزیری بازرگانی و پیشەسازیمان كرد، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەكان بۆ كەمكردنەوەی هاوردەكردن و بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی كیسی نایلۆن و كەرەستەی زیانبەخشی پلاستیكی.

حەوتەم: فەرمانگەی كاروباری تەكنیكی لە دەستەی ژینگە لە چوارچێوەی ڕێنماییە بەركارەكاندا ئاسانكاری و پشتگیریی دامەزراندنی پڕۆژەكانی ڕیسایكلینی كردووە، كە داوای ڕەزامەندیی ژینگەییان كردووە.

هەشتەم: لەسەر ئاستی هۆشیاریی پەروەردەییشدا، فەرمانگەی هۆشیاركردنەوەی ژینگەیی و ڕاگەیاندن لە دەستەی ژینگە و لە هۆبەكانی هۆشیاری لە پارێزگا و ئیدارەكان، دەیان سیمیناریان لە خوێندنگە و قوتابخانەكاندا ئەنجام داوە.

نۆیەم: لەسەر ئاستی هۆشیاریی جەماوەرییشدا، سەرۆك و بەڕێوەبەر و كارمەندانی دەستەی ژینگە بەشداریی چەندین بەرنامەی هۆشیاركردنەوەیان سەبارەت لە زیانەكانی پلاستیك لە كەناڵە جیاجیاكانی ڕاگەیاندندا كرد.

دەیەم: ڕۆژی 5/6/2023 لە هەمان بۆنەدا لە شاری دهۆك بە هەماهەنگی لەگەڵ (یەكێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ژینگە و كەشوهەوا) بە هاوكاریی زانكۆی دهۆك و لە دوو پانێڵدا، باس و توێژینەوەكانی تایبەت بە پیسبوونی پلاستیكی خرانە ڕوو.

 

Top