شڤان حەمدی ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:   یاساكانمان گشتگیر نین، یاسا لە شوێنێكی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و لە شوێنێكی دیكە كاری پێ ناكرێت

شڤان حەمدی  ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     یاساكانمان گشتگیر نین، یاسا لە شوێنێكی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و  لە شوێنێكی دیكە كاری  پێ ناكرێت

 

 

شڤان حەمدی، جیا لەوەی ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە‌، دەرچووی كۆلێژی یاسایە و ئەزموونێكی لەگەڵ دادگاكانی كوردستان هەیە، هەروەها وەك میدیاكار و ڕۆژنامەنووسێكیش بەردەوام هەوڵی داوە كە هۆشیاركردنەوەی یاسا لە كۆمەڵگە هەڵمەتێكی بەردەوام بێت و سەروەریی یاسا لە هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت، لە گفتوگۆی ئەم جارە (ئالنگارییەكانی بەردەم سەروەریی یاسا لە هەرێمی كوردستان) بەم جۆرە بۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

پرسی گەرم و كێشەی سەرەكی كە ئەمڕۆ لە سەرانسەری جیهاندا باسی لێوە دەكرێت و گەنگەشەی زۆری لەسەر دەكرێت، پرسی «ڕێزگرتن لە یاسا و سەروەریی یاسایە»، چەمكی سەروەریی یاساش كۆمەڵێك بواری زانستیی گرنگ (یاسا، ئابووری، مێژوو، كۆمەڵناسی) پێكەوە گرێ دەداتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە سەروەریی یاسا پرسێكە هەموو بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگە دەگرێتەوە و، جێبەجێكردنی یاسا و ڕێزگرتنی تەنیا پرسێك نییە دەسەڵاتی دادوەری و دادگاكانی وڵات بگرێتەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە سەروەریی یاسا بووەتە ئەو پێوەرەی كە ئاستی پێشكەوتنی وڵاتانی پێ دیاری دەكرێت، ئەگەر لە وڵاتێكدا ئاستی ڕێزگرتن لە یاسا بەرز بوو و سەوەریی یاسا هەبوو، ئەوا دەڵێن ئەو وڵاتە وڵاتێكی پێشكەوتووە، بە پێچەوانەشەوە دەڵێن وڵاتێكی دواكەوتووە، یان وەك د.محەمەد شەریف ئاماژەی پێ كرد پێی دەڵێن (دەوڵەتێكی بێزار - دولة منبوذة).

ئەو پرانسیپانەی دەبنە بنەما بۆ سەروەریی یاسا، سێ بنەمان، بەڵام ئەم سێ بنەمایە لە هەرێمی كوردستان زۆر جار كێشەیان هەیە، كە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەكەم:

1. یاسا دەبێت گشتگیر بێت

یاسا كاتێك دەردەچێت، بێگومان بۆ سەرتاسەری وڵات دەردەچێت و دەبێت سەرجەم هاووڵاتیان بە بێ جیاوازیی ڕەگەز و نەتەوە و بیروبۆچوونی سیاسی ڕێز لەو یاسایە بگرن و پێوەی پابەند بن، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان یاسا دەردەچێت لە پارێزگایەكی هەرێم جێبەجێ دەكرێت، بەڵام لە پارێزگایەكی دیكە جێبەجێ ناكرێت، ئەمەش وای كردووە، بە باشی ڕێز لە یاساكە نەگیرێت و پێوەی پابەند نەبن، ئەمە ئالنگارییەكی زۆر گەورەیە لەبەردەم سەروەربوونی یاسا لە كوردستاندا.

2. شكاندنی بێلایەنیی یاسا

جوانیی یاسا لەوەدایە كە بەرانبەر هەموو تاكێك بێلایەن بێت و بەسەر هەموواندا وەك یەك جێبەجێ بكرێت و جیاوازی نەكات لە نێوان تاكەكاندا، بەڵام بەداخەوە ئەم جوانییەی یاسا لە كوردستان شێوێندراوە و زۆر جار هەست بەوە كراوە كە یاسا لەگەڵ كەسێك بە شێوازێك جێبەجێ كراوە و لەگەڵ كەسێكی دیكە بە شێوازێكی دیكە، هەر بۆیە كاتێك یاسا سیفەتی بێلایەنیی خۆی لەدەست دەدات، سەروەریی یاسا نامێنێت.

3. ناسەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و ئابووری

جێبەجێكردنی یاسا پێویستی بە ژینگەیەكی سەقامگیرە لە ڕووی (سیاسی، ئابووری و ئاسایش)، لە هەر وڵاتێكدا ژینگەی‌ سەقامگیر‌ بوو بە ژینگەی ناسەقامگیر، جێبەجێكردنی یاسا قورس دەبێت و یاسا جێبەجێ ناكرێت، تەنانەت لە هەندێك وڵاتدا كە ئەم ژینگەیە دەگاتە ئاستێكی خراپ، دەوڵەت ناچار دەبێت یاسای باری نائاسایی ڕابگەیەنێت، بەداخەوە ئێمە لە هەرێمی كوردستان زۆر جار بە هۆی ململانێی ناتەندروستی حزبە سیاسییەكان، گوشارەكانی بەغدا و بڕینی بەشە بودجەی كوردستان و دروستبوونی قەیرانی ئابووری و هەوڵە تیرۆریستییەكانەوە، جۆرێك لە ژینگەیەكی وایان دروست كردووە كە یاساكان وەك خۆیان جێبەجێ نەكرێن.

ئەگەر لە ناو ئەو كێشە و ئالنگارییانە لە بەردەم سەروەریی یاسا لە هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەرێكی دروست بگەڕێین و، هەموو پێكەوە هاوكار بین بۆ ئەوەی زەمینەیەكی دروستی ئەوتۆ بێتە ئاراوە، كە سەروەریی یاسا لەم هەرێمەی ئێمە بەرقەرار بێت، ئەوا دوو پێشنیار دەخەمە ڕوو.

یەكەم: هۆشیاریی كۆمەڵگە بە یاسا

لە پەرلەمانی كوردستان یاسای زۆر باشمان دەركردووە، بەڵام هاووڵاتیانی كوردستان وەك پێویست بە یاساكان ئاشنا نین و نازانن پێویستیی كۆمەڵگەی ئێمە بۆ ئەو یاسایە چییە تا ڕێزی بگرن، یاسا لە هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی دەنگی لەسەر درا و لە ڕۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاوكرایەوە، دەبێتە یاسایەكی بەركار و كاری پێ دەكرێت، بەڵام پرسیاری من ئەوەیە تا چەند هاووڵاتی ڕۆژنامەی وەقائیعی كوردستانی دەكەوێتە بەردەست هەتا یاساكە بخوێنێتەوە و لە بڕگە و ماددەكانی وەك خۆی تێبگات، بۆیە گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە دەسەڵاتی جێبەجێكارە لەم هەرێمە و پشكی شێری لە جێبەجێكردن و ڕێزگرتنی یاسا و سەروەریی یاسا بەردەكەوێت، میكانیزمێك دابنێت بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە بە یاسا و، هەروەها گرنگە كە میدیا بەگشتی و كەناڵە تەلەفزیۆنییەكان بەتایبەت هاوكاریی هەوڵەكانی حكومەت بكەن، بۆ ئەوەی بەردەوام بایەخ بە هۆشیاریی یاسایی بدرێت و، بۆ ئەوەی ئاستی ڕێزگرتن لە یاسا لای هاووڵاتیان بگاتە ئەو ئاستەی كەمترین پێویستیمان بە جێبەجێكردنی یاسا هەبێت، بەمەش ئەو ژینگەیە دێتە ئاراوە كە یاسا لە هەرێمی كوردستان سەروەر بێت و هەموو هاووڵاتییەكیش شانازی بەوەوە دەكات لە وڵاتەكەیدا سەروەریی یاسا هەبێت.

دووەم: چاوخشاندنەوە بە یاساكاندا

وەك ئامادەبووانی بەڕێزیش ئاماژەیان پێ كرد، ئێمە لە كوردستان یاسای زۆر باشمان هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا هەندێك یاساشمان هەیە كە زیادە و جێبەجێ ناكرێن، هەندێك یاساشمان پێویستیان بە دووبارە هەمواركردنەوە هەیە، بۆیە یاسا نابێت وەك شتێكی نەگۆڕ سەیر بكرێت، بەڵكو دەبێت بەردەوام بەپێی گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگە ڕێك بخرێتەوە و هەموار بكرێتەوە، یان ئەگەر یاسایەك پێویست نەبێت و لە كۆمەڵگە جێبەجێ نەكرێت، ئەوا دەكرێت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ڕابگیرێت و یاسای دیكە دەربكرێت، كە بۆشایی لە ناو كۆمەڵگەدا پڕدەكاتەوە كە پێداویستیی ئەم قۆناغەی كۆمەڵگەیە.

Top