بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان لە نۆیەمین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی خوشک و برا ئێزیدییەکان

بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان لە نۆیەمین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی خوشک و برا ئێزیدییەکان


لە یادی ئەو تاوانە خەمناک و دڵتەزێنەدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ گیانی پاکی هوموو تاکێکی سەتەملێکراوان و سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی یەکە یەکەی قوربانیانی ئێزیدیی دەستی تیرۆریستانی داعش دەنێرین.

ئەو تاوانە ھەوڵێكی جدی بوو، بۆ نەھێشتنی کوردی ئێزدی لە شنگال و گشت ناوچەکانی دیکەی سنووری
موسڵ، کە تیرۆریستانی داعش دەسەڵاتیان بەسەردا سەپاندبوو و وێرانکاری و تاوانگەلی جۆراجۆریان دژ بە بنەماکانی مرۆڤایەتییان تێدا ئەنجام دا.

دەنگی ئەو ئێش و ئازار و زیندەبەچاڵ و کوشتنی بەکۆمەڵ و بێ سەر و شوێن کردنی ھەزاران ئافرەت و مێردمناڵ بە ھەموو کوردێك لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و ھەر چوار پارچەی کوردستان و گشت کوردێكی دڵسۆز و ھەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان لە دەرەوەی وڵات و گشت عێراق و دەوڵەتانی ھەرێمی و جیھانی ئیسلامی و دونیا، گەیشت.

ئەم کارەساتە ناخهەژێن و پڕ ئازارە پێویستی بە ئاوڕدانەوەی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، چونکە تاوانێک بوو دژ بە مرۆڤایەتی و پرەنسیپەکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئاین و ئاینزاکان و سەرجەم پێکهاتەکان.

وەکو هەمیشە و بەردەوام، داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین لە ھەوڵدانی پاک و دڵسۆزانەی خۆی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی خوشك و برا ئێزیدیە ستەملێکراوەکانمان بتوانن لە شوێنی خۆیانی پێش جینۆسایدکردنیان نیشتەجێ ببنەوە و قەرەبوو بکرێنەوە و بتوانن خۆیان خۆیان بپارێزن و ژیانێکی بەختەوەر و سەربەرزیان ھەبێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامیش پەیمان و بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی و جاری گەردوونیی مافی مرۆڤ بیری خودی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دیموکراتی لە جیھان و وڵاتانی زلھێزی جیھان بهێننەوە، لە ڕێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانەوە بەتایبەتیش نوێنەرایەتیی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا، یاخود ڕاستەوخۆ لە وڵاتەکانیان و، بەردەوامیش لە ڕاگەیاندنەکانی ھەرێمی کوردستان کاری لەسەر بکرێت.

زۆر گرینگە، حکوومەتی عێراق بە جدی کار بکات و ڕێز لە دانیشتووانی عێراق بگرێت و جینۆسایدی دژ بە پێکهاتەی ئێزیدی بابەتێکی زۆر گرینگە و پێویستە خزمەتگوزاری و ئاوڕدانەوەی زیاتر لێیان بکاتە ئەولەویاتی کارەکانی خۆی و لە ماف و داخوازییەکانیان بێبەشیان نەکات.

ھەر لەو یادە دڵتەزێنە جارێکی دیکە ھەزاران سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی گشت ئەو سەربەرزانەی تیرۆریستانی داعش جینۆساید و شەھیدیانی کرد.

سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان

دکتۆر کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان
٣-٨-٢٠٢٣

Top