پڕۆفیسۆر ڕیتا ئەبراهامسەن بۆ گوڵان: ئەفریقا كەوتووەتە ژێر كاریگەریی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە

پڕۆفیسۆر ڕیتا ئەبراهامسەن بۆ گوڵان:  ئەفریقا كەوتووەتە  ژێر كاریگەریی شەڕی  ڕووسیا و ئۆكرانیاوە

 

 

 

ڕیتا ئەبراهامسەن، پڕۆفیسۆری كاروبارە گشتییەكانە لە زانكۆی ئۆتاوا لە كەنەدا، لە چەند بوارێكدا توێژینەوە دەكات، لەوانە سیاسەتی ئەفریقا، ئاسایش و پەرەپێدان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و حوكمڕانیی جیهانی. پێشتریش وانەبێژ بووە لە زانكۆی كەیپ تاوون و زانكۆی كوینزلاند. بۆ شرۆڤەكردنی ڕۆڵ و سیاسەت و كاریگەریی وڵاتانی ئەفریقا لە نێو سیستمە جیهانییەكە و كاریگەریی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لەسەر ئەم وڵاتانە گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.

 

* ئەگەر بە وڵاتانی ئەفریقا بوترێت وڵاتانی باشوور، ئەوا دەكرێت بڵێین ئەم وڵاتانە سوودمەند نەبوون لەوەی پێی دەوترێت سیستمی نوێی جیهان، یان سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی، لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاش، یان ئەوەتا پشتیوانی لە سەرۆك پوتین دەكەن بۆ كۆتاییهێنان بە سیستمە جیهانییەكە، یان هەڵوێستی بێدەنگییان هەڵبژاردووە. پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندیی وڵاتانی باشوور نییە؟

- ئەمە پرسیارێكی ئاڵۆز و گرنكە، ئەم پرسە چەندین ڕەهەندی جیاواز و ڕیشەی قووڵی لە مێژوودا هەیە. یەكەم شت كە بتوانرێت لەم بارەیەوە بوترێت، ئەوەیە كە ئەوەی پێی دەوترێت «سیستمی لیبڕاڵیی جیهانی»، سیستمێكی هەرەمبەندی و نایەكسانە، ئەوەش ڕاست نییە كە بوترێت ئەفریقا و وڵاتانی باشووری جیهان لەم سیستمە سوودمەند نەبوون. بە هەمان شێوە، ئەوەش دروست نییە كە بوترێت كە سیستمی لیبراڵیی جیهانی- ئیدی مێژووەكەی بگەڕێنینەوە بۆ ساڵی 1945 و كۆتاییهاتنی ئیمپراتۆریەت، یان بۆ كۆتایی شەڕی سارد و دووجەمسەری لە سەرەتای ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی ڕابردوودا كە بە تەواوی لە نێو ڕۆژئاوادا داڕێژدراوە و گەڵاڵە بووە. بە واتایەكی دیكە پێویستە وریا بین و ڕۆڵ و كاریگەریی وڵاتانی باشوور لە ڕەنگڕێژكردنی ڕووداوەكانی جیهان و نۆرمە نێودەوڵەتییەكاندا نادیدە نەگرین. وڵاتانی باشوور كاریگەرییەكی زۆریان هەبوو لەسەر كۆتاییهاتنی ئیمپراتۆریەت و هاتنەئارای جیهانی وڵاتە خاوەن سەروەرییەكانی دوای ساڵی 1945، داواكاریی ئەم وڵاتانە بۆ نەهێشتنی ئیستیعمار ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە خێراكردنی پرۆسەی ڕووخاندنی ئیمپراتۆریەت و ڕەتكردنەوەی دیدگا بەدیلەكانی هێزە ئیستیعمارییەكان كە دەیانویست درێژە بە حوكمڕانیی ئیستعیماری بدەن. هەرەوەها وڵاتانی ئەفریقا و كاراكتەرەكانی دیكە لە باشوور ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە پەرەپێدانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانسە جۆراوجۆرەكانی كە كار دەكەن بۆ برەودان بە مافەكانی مرۆڤ و یەكسانی. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئاماژەی پێ كرا، ئەوا ئەوەی بە تێڕوانینی من گومان هەڵناگرێت لەم ڕووەوە، ئەوەیە كە سیستمی لیبراڵیی جیهان شكستی هێناوە لە بەدیهێنانی بەڵێنەكانی پەیوەست بە یەكسانی و ئەم سیستمە بەردەوام بەرەو هەرەمبەندی و نایەكسانییەكی قووڵ دەچێت، واتە ئەم سیستمە تا ڕاددەیەكی زۆر میراتی ئیمپراتۆریەتی ڕابڕدووە. نموونەیەك كە ئەم پرسە ڕوون بكاتەوە، بریتییە لە پەیكەربەندیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی بەرجەستەكاری هاوسەنگیی هێزی سەروەختی كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهان- 1945- بوون، واتە لە كاتێكدا كە زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا هێشتا شەڕی بەدەستهێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووسیان دەكرد. هەروەها لایەنەكانی دیكەی سیستمە نێودەوڵەتییەكە لە بەرژەوەندیی رۆژئاوان، یان ئەو وڵاتانەن كە لە پێگەیەكی دارایی و سەربازیی باشتردان، ئەمەش ڕاستییەكی ڕوون بوو لە سەروەختی ترۆپكی باڵادەستی و هەژموونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلین لە ساڵی 1989 تاوەكو ڕوودانی قەیرانە داراییەكەی ساڵی 2007-2008. كەواتە ئەم ناڕەزاییەتییە درێژخایەنەی نێو زۆرێك لە وڵاتانی ئەفریقا و وڵاتانی باشوور لە ئاست سیستمە هەرەمبەندییە جیهانییەكەیە كە زەق بووەتەوە لە پەیوەندی بە هەلومەرجی داگیركاریی ڕووسیا لە ئۆكرانیا. هەرچۆنێك بێت، ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە زۆربەی ئەم وڵاتانە پشتیوانییان لە ڕووسیا كردبێت، یان تەواو بێدەنگ بووبن لە بەرانبەر دەستدرێژیكاری و پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی. لە ڕاستیدا چەند وڵاتی كەمی ئەفریقا تەواو هاوهەڵوێست بوون لەگەڵ ڕووسیا، لە كاتێكدا زۆرێك لەم وڵاتانە هەوڵیان داوە بە بێلایەنی بمێننەوە، ئەمەش لە پرۆسەكانی دەنگدانی نێو ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بەرجەستە بووە و دەركەوتووە. هەروەها گرنگە كە پرسی ناڕەزایەتیی وڵاتانی ئەفریقا لە ئاستی سیستمە لیبڕاڵییە جیهانییەكە جیا بكەینەوە لە بانگەشە و داوای وڵاتی ڕووسیا بۆ هێنانەئارای سیستمێكی فرەجەمسەریی جیهانی.

ئەگەرچی ڕەنگە ئەم دوو پرسە لە ڕواڵەتدا وەك یەك پرس، یان دوو پرسی زۆر هاوشێوە دەربكەون، بەڵام لە ڕاستیدا جیاوازن و لە هەندێ كاتدا زۆر جیاوازیشن. لە ڕووی مێژووییەوە وڵاتانی ئەفریقا و ڕێكخراوە هەرێمایەتییەكە (یەكێتیی ئەفریقا) پابەندبوون بە هاوكاریی هەمەلایەنەوە و یەكێتیی ئەفریقا بە چەشنێكی كارا پاڵپشتی لە دیموكراسی و بەرپرسیارێتی و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ كردووە و برەوی پێ داون. ئەمە لە كاتێكدا دیدگای ڕووسیا كەمتر جەخت دەكاتەوە لەسەر هاوكاریی هەمەلایەنە و لە بری ئەوە سیاسەتی دەرەوەی ئەم دواییەی ڕووسیا وەك هێزێكی مەزن پێناسەی ئەم وڵاتە (ڕووسیا) دەكات، كە خاوەنی شارستانیەتێكی تایبەتە و هێزێكی مەزنی ئەوروپی-ئاسیاییە. واتە ئەمە تێڕوانینێكی پتر خۆسەپێنانەیە بۆ جیهان، هەروەها زۆر زەحمەتە سیاسەتی ناوخۆیی ڕووسیا مۆدێلێك بێت كە وڵاتانی دیكە بیانەوێت و خوازیاری ئەوە بن كە دووبارەی بكەنەوە. بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە ئاڵۆز و فرەڕەهەندە تەواو بكەین، ئەوا دەكرێت بڵێین ئەمە ساتەوەختێكی یەكلاكەرەوەیە نەك تەنیا بۆ وڵاتانی ئەفریقا و باشوور، بەڵكو بۆ تەواوی جیهان. لە هەلومەرجی داگیركاریی ڕووسیادا، ددانپێدانانێك بەدی دەكرێت بۆ گرنگی و سەنگی ئەفریقا بۆ سیاسەتی جیهانی. بەم شێوەیە وڵاتانی ئەفریقا و یەكێتیی ئەفریقا دەرفەتی ئەوەیان بۆ دروست بووە، كە كار بكەن بۆ هێنانەئارای سیستمێكی جیهانیی یەكسانتر و دادپەروەرتر، لە نێویاندا چاكسازیكردن لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی ئەم ڕێكخراوە. كە دەبوو زۆر زووتر ئەم چاكسازییە ئەنجام بدرێت. شتێكی ناواقیعییە ئەگەر پێمان وابێت بە ئاسانی و بە كاتێكی كەم دەتوانین ئەم كارە ئەنجام بدەین، هەروەها ئاماژەی ئەوە لە ئارادایە كە هێزە مەزنەكانی نێو ڕۆژئاوا، هەروەها ڕووسیا و چین ئامادەییان هەبێت بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامدانی چاكسازی لەم ڕووەوە. من پێم وایە ئەفریقا و باشووری جیهان دەستكەوتێكی كەم بەدەست دەهێنن و زیانێكی زۆر دەكەن، ئەگەر هاوهەڵوێست بن لەگەڵ ڕووسیا و دیدگای ڕووسیا بۆ جیهان.

* هەر لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكڕانیاوە، ئایا ئاكام و كاریگەرییەكانی ئەم شەڕە لەسەر وڵاتانی ئەفریقا چی بووە و بۆچی بەم دواییە سەركردەكانی ئەم وڵاتانە پلانی ئاشتییان بۆ كۆتاییهێنان بەم شەڕە خستەڕوو؟

- هەرچەندە ئەفریقا دوورە لە بەرەكانی شەڕەوە، بەڵام بە چەند شێوەیەك ئەم كیشوەرەش كەوتووەتە ژێر كاریگەریی ئەم شەڕەوە. یەكێك لە كاریگەرییە سەرەكییەكان بریتییە لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و كەمبوونەوەی ئاسایشی خۆراك. ڕووسیا و ئۆكرانیا سەرچاوەی سەرەكیی گەنم بوون بۆ وڵاتانی ئەفریقا، شەڕەكەش دابینكردنی ئەم سەرچاوە سەرەكییەی خۆراكی پەك خستووە، ئەمەش ئاكامی خراپی هەبووە لەسەر زۆرێك لەو هاووڵاتیانەی پێشتر و بە شێوەیەكی رۆژانە ڕووبەڕووی برسێتی و كەمیی خۆراك دەبوونەوە. بۆی هەیە كشانەوەی ئەم دواییەی ڕووسیا لە ڕێككەوتنی دانەویڵەی هەناردەكراو لە ڕێی دەریای ڕەشەوە گوشاری زیاتر لەسەر نرخی خۆراك دروست بكات، حكومەتی كینیاش ڕایگەیاند ئەمە خەنجەردانە لە پشتی ئەو وڵاتانەی بەدەست وشكەساڵییەوە دەناڵێنن لە قۆچی ئەفریقادا. هەروەها ئەم شەڕە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی پەیینیش، هەروەها وزەش كە ئەمەش كاریگەریی توندی لەسەر هەندێ وڵات بەجێ هێشتووە. نیگەرانییەكی ڕاستەقینەی دیكە ئەوەیە كە هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان تەرخان دەكرێن بۆ ئۆكڕانیا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بڕێكی كەمی ئەو هاوكارییانە لە ئارادا بمێنێت كە پێویستە بە پەلە بۆ وڵاتان و گەلانی ئەفریقا دابین بكرێن. هەندێ كەس پێیان وایە ئەمە ئاماژەیەكی دیكەیە بۆ سیستمێكی نایەكسانیی جیهانی. لەبەر هەموو ئەم هۆكارانە، ئەوا ئەفریقا بەرژەوەندییەكی زۆری هەیە لە كۆتاییهێنان بە شەڕەكە. لە كاتێكدا ئەو پلانی ئاشتییەی بەم دواییە سەركردەكانی ئەفریقا خستیانەڕوو، گوڕ و تینێكی زۆر بەدەست نەهێنا، ئەمەش ئاماژەیە بە كاریگەرییە مەترسیدارەكانی شەڕەكە لەسەر ئەم كیشوەرە.

 

Top