خەندە كەمال: پێویستە خانمان بێنە مەیدانی كار و متمانەیان بە خۆیان هەبێت

خەندە كەمال:  پێویستە خانمان بێنە مەیدانی كار و متمانەیان بە خۆیان هەبێت

 

 

لەسەر ئاستی جیهان بە شێوەیەكی گشتی بە هۆی سەختیی گوزەران ئاسان نییە پیاو بتوانێت بە تەنیا ماڵ بەڕێوە ببات و بژێوی ژیانی خێزانێك دەستەبەر بكات، لەو حاڵەتەشدا زۆرجار ئافرەت دەبێتە هاوكار و یارمەتیدەرێكی باش بۆ هاوژینەكەی بێ ئەوەی ئەركی دایكایەتی خۆی فەرامۆش بكات. خەندە كەمال، خانمە كابانێكی گەنج و دایكێكی پڕ ئەزموونە ئەو توانی بە شەونخونی و پێداگیری لە كاركردن ببێتە خاوەن خانووی خۆی و لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی چۆنیەتی تێكەڵبوونی خۆی بە بازاڕی كار دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

خەندە كەمال، خانمێكی دانیشتووی شاری سلێمانی و دەرچووی زانكۆیە لە بەشی دەروونناسی و دایكی چوار منداڵە. وەك خۆی باسی دەكات سەرەڕای هەوڵەكانی لە هیچ دامەزراوەیەكی حكوومی و ناحكوومی دانەمەزراوە. لە ئاخافتنێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باسی ژیانی تایبەتی خۆی دەكات: «نزیكەی دە ساڵە بەشی دەروونناسی زانكۆی سلێمانیم تەواو كردووە، بەڵام لە هەلی دامەزراندن تا ئێستا سوودمەند نەبووم، خێزاندارم و دایكی چوار منداڵی وردم، هاوسەرەكەم فەرمانبەرە و مووچەكەی زۆر كەمە، بەتایبەتی كە بە هۆی قەیرانی دواكەوتن و نەدانی مووچە قەرزار بووین، ئەوەش ناچاری كردم بیر لە كاركردن بكەمەوە، بۆ ئەوەی بتوانم هاوكاریی هاوسەرەكەم بكەم، گومانی تێدا نییە هەر كەسێك كە خاوەنی خانوو و جێگەی خوی نەبێت، هەتا كۆتایی هەوڵ دەدات كە ببێتە خاوەنی بستێك زەوی، منیش لەو ڕوانگەوە و بەو ئامانجە بڕیاری كاركردنم دا، كە زانكۆم تەواو كرد، بەڵێنم بە هاوسەرەكەم دا و وتم: كەناسی ئەكەم و شەوانە و ڕۆژانە كۆڵان و شەقامەكانی شار پاك دەكەمەوە، تا ببینە خاوەنی بستێك زەوی، یان خانووی خۆمان، سوپاس بۆ خوا بە نانكردن و بە چێشتلێنان بەڵینەكەی خۆمم بردە سەر و شەو و ڕۆژم خستە سەر یەك و بە ماندووبوون و بێ پشوودان كارم كرد، هەتا بووین بە خاوەنی هەیكەلێك لە دەرەوەی شار، قەناعەتیشم بەوە هەیە، مرۆڤ بە پارەی حەڵاڵ درەنگتر بە ئاواتەكانی دەگات، بەڵام بە پشتیوانی خوای گەورە هەموو شت باش دەبێت، ئەمڕۆ خانووم لە دەرەوەی شارە، سبەی دێمە نزیكی شار و دوو سبەی دێمە قەراخی شار و سێ سبەی دێمە ناو شار، كورد گوتەنی كەس لە پڕێ نەبووە بە كوڕێ».

ئەو باسی كرد وەكو دایكێك كە منداڵەكانی وردن، كارەكەی ماندووبوونی زۆرە، بەڵام سوپاسی خوا دەكات و دەڵێت: «گەیشتن بە ئامانج و خەونەكان وات لێ دەكەن كەمتر هەست بە ماندووبوون بكەیت».

خەندە كەمال، سەرەتا كە بڕیاری كاركردن دەدات، بیر لەوە دەكاتەوە كە چ كارێك بكات و چۆن تێكەڵ بە بازاڕی كار بێت، هاوكات كارەكەی لە ماڵەوە بێت و ئاگای لە منداڵەكانیشی بێت. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «یەكەم جار دەستم بە نانكردن كرد، لە بەر ئەوە بوو، كە تاكە شتێك بوو زانیم زوو ساخ دەبێتەوە، بۆیە ماوەی شەش مانگ نانی هەورامیم كرد، هەرچەندە نانكردن بەڕاستی زەحمەتە و ماندووبوونی زۆری دەوێ، دواتر لە پاڵ نانكردن، دەستم كرد بە كاری دروستكردنی خواردن و چێشتلێنان». لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا لە كارەكانت كەس هاوكاریت دەكات؟ گوتی: «تەنیا خوای گەورە پشتیوانمە، ئەویش بەسە بۆم، تا بتوانم بە تەنیا خۆم كارەكانم بكەم». باسی ئەوەشی كرد، كە هاوسەرەكەی فەرمانبەرە، بەڵام «مووچەكەی بەش ناكات، بەتایبەتی بۆ كەسێك كە خاوەن خێزان بێت و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی نەبێت، ئەركی ژیان قورس دەبێت و بە تاك لایەنە بژێوی ژیان دابین ناكرێت».

كاتێك پرسیارمان كرد، لە سەرەتادا چۆن كڕیارەكانت بە كارەكەت ئاشنا كردووە؟ لە وەڵامدا گوتی: «پەیجم دانا و ژمارەی مۆبایل و ئەو خواردنانەی رۆژانە دام دەنا، هاوكارم بوون، بەڕاستی سۆشیال میدیا رۆڵی سەرەكیی هەبوو بۆ ئەوەی كڕیاری چێشت و خواردەمەنییەكانم زیاد بكەن».

ئەو خاتوونە سەبارەت بە پشتیوانی، یان ڕێگریی خێزانەكەی بۆ كارەكەی دەڵێت: «زۆر پشتگیرییان كردم، بەتایبەت خوشكەكەم، هاوسەرەكەشم پاڵپشتمە تا ڕاددەیەكی باش، بەڵام زۆر هاوكارم نییە، لەبەر ئەوەی ئەویش سەرقاڵی كاری خۆیەتی». گوتیشی: «هەر كەسێك هەر كارێك بكات، ئەگەر متمانەی بە خۆی نەبێت، ناتوانێت سەركەوتوو بێت». گوتیشی: «پێویستە گوڵان هانی خانمان بدات، بۆ ئەوەی بێنە ناو مەیدانی كار و متمانەیان بە خۆیان هەبێت».

كاتێك پرسیاری لێ كرا، ئایا داهات و ئابووریی سەربەخۆ بۆ خانمان تا چەند لە گرفتەكان دەیپارێزێت؟ گوتی: «من قسە لەسەر پاراستن ناكەم، چونكە ئەمە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، پاشان مەرج نییە كارەكە بیپارێزێت، هەندێك ئافرەت كە نەزانن چون مامەڵە لەگەڵ ئەو داهاتە دەكەن كە دەستیان دەكەوێت، تووشی توندوتیژیشیان دەكات، بەڵام گیرفانی خۆت بێ منەتە، چاوەڕێی دەستی كەس نیت، چەندەش هیلاك بیت، كە داهاتێكت هەبوو بۆ خوت، وادەزانی، دونیا هی خۆتە، چونكە دەتوانی هاوكاریی هاوسەرت بكەیت و هاوكاریی كەسانێكیش بكەیت كە پێویستیان بە هاوكاری و یارمەتی هەیە».

سەبارەت بە پڕۆژەشی بۆ داهاتوو گوتی: «هەتا منداڵەكانم ئاوا ورد بن، بیر لە پڕۆژەی دی ناكەمەوە، بە پشتیوانیی خوای گەورە هەر كەمێك منداڵەكانم گەورە ببن، دەبمە خاوەن جێگا و پڕۆژە و براندی خۆم، ئەو كات چەندین خاتوونی دیكەش دەبنە خاوەن كار و داهاتی خۆیان لای من، چونكە داهاتی خۆمم هەیە، حەز دەكەم هەموو خانمێك كە باری داراییان خراپە، ببنە خاوەنكار».

خەندە كەمال لە كۆتایی قسەكانیدا بەم جۆرە پەیامی خۆی ئاراستەی خانمان كرد: «دەستی هەر ئافرەنێك ماچ دەكەم، كە كاسبیی حەڵاڵ بكات، خوا تاقەت و وزەی زیاتریان بداتێ و ڕزقیان فراوان بكات، داوایان لێ دەكەم، هەرگیز نەڵێن ماندووین و چاوەڕێی دەستخۆشی و ماندوونەبوونییش لە كەس نەكەن، لە كاركردن  پشت سارد نەكەنەوە بە پشتیوانی خوا بە خەون و ئامانجی خۆیان دەگەن».

 

Top