پاسپۆرت و گەشتكردن، ئامرازی تێپەڕاندنی سنوورەكان

پاسپۆرت و گەشتكردن، ئامرازی تێپەڕاندنی سنوورەكان

پاسپۆرت:ناسنامە و ھاووڵاتیبوونی کەسێک دەستنیشان دەکات و بەڵگەنامەیەکی گەشتکردنە کە لە لایەن دەسەڵاتێکی تایبەتمەند دەرکراوە. لە لایەکی دیکە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی جۆرێکە لە پاسپۆرت کە تێیدا زانیاری کەسی بە شێوەی ئەلیکترۆنی هەڵیدەگیرێت، ئەم جۆرە پاسپۆرتە بە زۆری چیپێکی ئەلیکترۆنی تێدایە کە زانیاری کەسی و وێنەی دیجیتاڵی تێدایە. ئەم تەکنەلۆژیایە یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی ئاسایش و کەمکردنەوەی ساختەکاری، هەروەها پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لەوانەیە تایبەتمەندی وەک واژۆی دیجیتاڵی و پەیوەندی بە سیستەمی ئۆنلاین هەبێت.
پاسپۆرت و گەشتكردن، دوو پێداویستی سەردەمیانەن كە مێژووەكەی بۆ سەردەمانێكی زۆر زوو دەگەڕێتەوە. دەتوانین ئەم مێژووە بگەڕێنینەوە بۆ سەرەتاییترین ئەو سەردەمانەی كە مرۆڤ هەستی خاوەندارێتی یان بە دەڕبرینێكی تر، مافی خاوەندارێتی ناوچە و شوێنە جیاوازەكانی بۆ خۆی بە ڕەوا زانیوە. لێرەوە دەسەڵات بۆ پاراستنی شكۆداریی خۆی و زامنکردنی دەسەڵات و مانەوەی بە بەهێزی، رێكار و رێوشوێنی پێویستی داناوە، ئەویش بۆ ڕێگریكردن و چاودێریكردنی ئەو گەشتیارانەی هاتوونەتە هەرێم یان دەوڵەتەکەوە.
وشەی پاسپۆرت بە ئینگلیزی (Passport) لە (Pass) پەڕینەوە و (Porte) لەنگەری كەشتییەوە هاتووە.
مانایەكی دیكەی پۆرت لە زمانە ئەورووپاییەكاندا، بریتییە لە دەروازە، ئەمەش لەبەرئەوەی شارە كۆنەكانی ئەوڕوپا وەك قەڵا كۆنەكان، هەر یەكەیان چەند دەروازەیەكی هەبووە، كە هەموو كەس لێیەوە هاتووچۆی كردووە، پاسپۆرت ئەو بەڵگەنامەیە بووە، كە ڕێگەی هاتووچۆكردنی بە خاوەنەكەی داوە.

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕش و کۆمەڵگەی پیشەسازیدا، هاووڵاتیان بە مەبەستی پەیداكردنی هەڵی كار زیاتر پێویستییان بە گەشت و گەڕان هەبوو، بەمجۆرەش پاسپۆرت خواستی لەسەر زیاد بوو، دواتر لەكاتی دەركەوتنی دیاردەی داگیركاری لەلایەن زۆرێك لە وڵاتانی ئەوڕوپاوە، بووە پێویستییەكی سەرەکی و لە جیهاندا بڵاوبووەوە.
پاسپۆرت لە سەردەم و ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، بۆ گەشتیارانی بیانی لە هەر وڵاتێكدا بە پێویستییەكی سەرەكی دادەنرێت، كە گەشتیار بە هۆیەوە، بە ئازادی گەڕان و گەشتی خۆی ئەنجام دەدات. زیاتر لەمەش پاسپۆرت هۆكارێكە بۆ زانینی ئاستی خۆشگوزەرانی وڵاتان، وەك ناسنامەیەكی نێونەتەوەیی سەیر دەكرێت؛ پاسپۆرت بەڵگەنەمایەكی نێونەتەوەیی دانپیانراوە، كە مۆڵەت بە هەڵگرانی دەدات لە وڵاتێكەوە بچنە وڵاتێكی دیكەوە، هەروەها لەكاتی جەنگەكاندا وەك پارێزەرێك بەكاردەهێنرێت بۆ گەشتیاران و كەسایەتییە دیپلۆماسییەكان، پاسپۆرت بە دەست دەوڵەتەوە ئامرازێكی كاریگەر و بەهێزە، ئەویش چاودێریكردنی گەشتیاران و پەیڕەوكركردن و پاراستنی سەروەریی وڵات.

پاسپۆرت هەمیشە تەكنەلۆژیایەك بووە بۆ بەڕێوەبردنی جووڵەی تاك و كات بەسەربردن لە دەرەوەی ئەو وڵاتەی كە گەشتی بۆ دەكات، ئامرازێكە بۆ پەڕینەوەی تاكەكان لە سنوورەكانەوە لەسەر هەردوو ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، هاوكات ئامرازێكی بەهێزە بۆ كۆنترۆڵكردنی تاك لەلایەن دەوڵەتەوە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەندێك لە گەشتیاران لە هەندێك وڵات، لەكاتی گەشتدا پێویست ناكات پاسپۆرت هەڵبگرن، نموونەی دانیشتوانی زۆرێك لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كە لەكاتی گەشتكردندا تەنیا ناسنامەی وڵاتەكەی خۆیان هەڵدەگرن، هەروەها بۆ گەشتكردنی منداڵ و نەوجەوانی خوار تەمەنی (18) ساڵی پێویستی بە ڕەزامەندی باوانیان هەیە.
بە سەرنجدان لە تایبەتمەندیی ئەو كەسانەی كە گەشت دەكەن، چەند جۆرێكی جیاواز لە پاسپۆرت لە عێراق و زۆربەی وڵاتەكاندا هەن‌، كە بریتین لە: پاسپۆرتی دیپلۆماسی، تایبەت، ڕاژە(خزمەت) و ئاسایی. بەرگی پاسپۆرت (بەرگی دواوە و پێشەوە) لەگەڵ لاپەڕەکانی ناوەوە یەک پارچەن، ھەر پچڕانێکی تێبینیکراو بە خاڵی نیگەرانیی دەژمێردرێت لەبەر ئەوەی ئاماژەیە بۆ زیادکردن یاخود لادانی لاپەڕەیەک لە بەڵگەنامەکە.


ئەتەكێتی گەشتكردن:

بە سەرنجدان لەوەی كە هێڵی ئاسمانی و وشكانی زۆر جار خێراترین و ئاسانترین و گونجاوترین ڕێگەن بۆ گەشتكردن و تێكەڵبوونی تاكەكان لەگەڵ یەكتری و کۆمەڵگە جیاوازەکان، بۆیە دەروازە سنوورییەكان (وشكانی و ئاسمانی) بە یەكێك لە دەروازەكانی تێكەڵبوونی كولتووری دادەنرێن.
لەم ڕوانگەیەوە دەكرێت بڵێین كە فڕۆكەخانە و دەروازەكان لەو شوێنە قەرەباڵغ و هەستیارانەن كە زیاتر لە هەر شوێنێكی گشتی دیكە، پێویستیان بە ڕەچاوكردنی كۆمەڵێك یاسا و رێسای تایبەت هەیە، كە پێی دەڵێن ئەتەكێتی گەشتكردن.
وا باشە پێش گەشتكردن سەیری مێژوو و تۆپۆگرافی و ڕەوشی وڵاتەكە بكرێت، كە بە نیازی گەشتی بۆ بكەی، نەخشەی شارەكانت لەبەرچاو بێت، خوێندنەوە بۆ بەهای دراو و خواردەمەنی و مانەوە و هۆتێل و موتێلەكانی بكات.
خاڵێكی تر، زۆر جار كێشە لە خۆدی گەشتیارەوەیە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە بە شێوازێكی خراپ هەڵسوكەوتی لە گەڵدا بكرێ.
چونكە لە زۆربەی گەشتەكاندا، گەشتیار پێویستە هەندێك ڕێكار بگرێتەبەر و ئەنجامیان بدات. خاڵێكی دیكە پابەندبوونە بە كێشی دیاریكراو و ڕێگەپێدراو زۆرجار گەشتیاران لەبەر ئەوەی كێشی جانتاكانیان قوڕستر بووە لە كێشی دیاریكراو‌، رووبەڕووی كێشە بوونەتەوە، بۆیە پێویستە گەشتیار وریا بێت و كێشی كەلوپەلەكانیان لە كێشی ڕێگەپێدراوی هێڵی وشكانی و‌ ئاسمانییەكە زیاتر نەبێت.
كارمەند و كاربەدەستانی هێڵی وشكانی و ئاسمانییەكان، كەسانی دڵسۆز و ماندوونەناسن، ئامانجیان خزمەتكردنی گەشتیارە، بۆیە پێویستە لەكاتی ڕاییكردنی كارەكان، ڕێزی تەواویان لێ بگیرێت. لەسەرخۆبوون و سینە فرەوانی و لێبوردەیی و بەكارنەهێنانی مۆبایل و گوێگرتن لە ڕێنماییەكانیان لەكاتی بوونی هەر كێشە و هەڵە تێگەیشتنێك، زۆر پێویستن بۆ گەشتیار، هەروەها پێویستە گەشتیاران لە كاتی دروستبوونی هەر كێشەیەك دان بە خۆیاندا بگرن و یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی كێشەكە بە ئاسانی چارەسەر بكرێت.
لەگەڵ گەیشتن بە شوێنی كۆنتڕۆڵ یاخود گەڕان و پشكنین (Check-in)، پێویستە پاسپۆرت و بلیت بدرێتە‌ دەست وردبین‌؛ كە كارتی تێپەڕبوون یان سواربوونی پێدرا Boarding)، (Card بیخوێنێتەوە،‌ نەبادا كات و شوێنی گەشتەكەی هەڵەی تێكەوتبێت؛ بزانرێت‌ مۆری دەرچوون یاخود هاتنەناوەوەیان لێدراوە یان نا‌؟ ئەگەرنا دوایی تووشی كێشە و گرفت دەبیت.
پێویستە لەنێو فڕۆكەخانە و ھۆڵی چاوەڕوانی دەروازەكاندا‌ تا بتوانێت بێدەنگی و هێمنی بپارێزێت و دەنگە دەنگ دروست نەكات؛ ئەگەر كێشەیەكیش هاتە ئاراوە، پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدارەوە بكات، تاوەكو كێشەكە چارەسەر بكرێت و رێنمایی پێویست بە گەشتیاران بدرێت.

سالار تەحسین سەیدۆ دری
بەڕێوەبەری نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی حاجی ئۆمەران

Top