پێشەنگی پیشەی مامۆستایەتی

پێشەنگی پیشەی مامۆستایەتی


ڕۆمان نوس و نوسەری بەناوبانگی میسری (نەجیب مەحفوز) دەڵێ" مامۆستا خاوەنی پیشەیەكی هێندە گەورەیە، كە هەموو پیشەكانی تر لە سەر دەستی ئەو دەردەچن".
كاتێك هەر وتەیەك پەندێك قسەیەكی نەستەق لەلایەن كەسانی بە ناوبانگ و زانا و دانا و فەیلەسوف لە سەر مامۆستا دەگوترێ، بۆمان دەردەکەوێت كەوا ڕۆڵی مامۆستا چەند گەورە و كاریگەرە لە ژیانی هەر مرۆڤێكدا ئاماژەیەكی ڕوون و بەڵگەدارە لە سەر گرنگی و بایەخی ڕۆڵی مامۆستا لە سەر كۆی كۆمەڵگە بە گشتی.
گەر هەموو پیشەیەك بنچینە و یاسا و ڕێسای خۆی هەبێت، بێ شك پیشەی مامۆستایەتی جودا لە هەموو بنچینە و یاسا و ڕێسا گشتییە پەیوەندیدارەكان بنچینەی ویژدان و مرۆڤایەتی و ڕەوشتی پیشەیی هەیە، كە بە بنچینە هەرە گرنگ و بنەڕەتییەكان دادەنرێت، لە کاری پەروەردە كردن و فێركردن خۆی دەبینێتەوە كە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر گۆڕینی ڕەفتار و ئادكار و خووڕەوشتی قوتابی، كە هەمیشە وەكو چاودێرێكی زیندوو لە ناو ناخی مامۆستادایە و ئامۆژگاری و ڕێنمایی دەكات لە ڕاپەڕاندنی كارەكەی. بۆیە زۆر ڕاستە كە دەڵێن مامۆستایەتی ویژدانە و قوتابیش ئەمانەت، گەر ویژدان بوونی نەما و ونبوو، ئەوا ئەمانەتیش وون دەبێ و نامێنێ‌، بۆیە پیشەی مامۆستایەتی هەمیشە پەیامێكی بەرز و جێگا و پایەكی بڵندە و بەردەوام كاریگەری گەورەی هەیە لە ئێستا و پاشەڕۆژی كۆمەڵگە بە گشتی وبەرئەنجام و دەرئەنجامەكانی كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن.
هەردەم مامۆستا هەست بە بەرپرسیاریەتی گرنگی پیشەكەی دەكات لە گەیاندنی پەیامەكەی و كاریگەری و بایەخی ئامادەبوونی و بەدەست هێنانی ئەو ئامانجانەی كە بۆی هەوڵ دەدات، چونكە مامۆستای دڵسۆز و سەركەوتوو خاوەن ویژدانی زیندوو سەرنجی قوتابییەكانی بۆ لای خۆی كێش دەكات و دڵ و هەست و سۆزی قوتابیان بۆلای پیشەكەی خۆی و كەسایەتی مامۆستایەتی كێش دەكات، بە نەرم و نیانی میهرەبانی دلۆڤانی نیاز پاكی و ویژدان ئاسودەیی کە دەبێتە مایەی سەرسامی قوتابییەكانی و ڕێزی لێ دەگیرێت .
لای كەسمان شاراوە نییە هەر مامۆستایەك پیشەكەی خۆی خۆش بوێت و دڵسۆز دەبێت بۆ كارەكەی و داهێنانی تێدا دەكات و چێژ و خۆشی و سەركەوتن لەم كارە دەبینێ‌ و هەمیشە وەكو پێشەنگ لە ڕووی كەسایەتی و زانستی و پەروەردەیی دەردەكەوێت، بە سەر ئاستەنگ و كێشەكان دا زاڵ دەبێت و ڕێگا قورس و سەختەكان ئاسان دەكات، لای قوتابیەكانی نموونەی هەرە بەرز دەبێت لە هەموو ڕوویەكەوە، دەبێتە جێگای متمانە و باوەڕ و دڵنیایی هەم بۆ قوتابییەكان كە ئەمانەتی كۆمەڵگەن هەم لای كەسوكاری قوتابیان كە خاوەنی ئەو ئەمانەتە و خاوەنی كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنن.
هەموو كات باشترین مامۆستاكانت ئەوانەن كە لە دڵەوە قوتابیان پەروەردە دەكەن و فێریان دەكەن و شوێنەواری دوور مەودا لە دڵ و دەروون و ناخی قوتابی جێ دەهێلن، دەبنە مایەی فەخر و شانازی بۆ قوتابیەكانیان و بە گەشی و چاكە و گەش بینی و وەفاداری یادی ئەو مامۆستایانە دەكەنەوە، گرنگە قوتابی لەگەڵ مامۆستاكەی هەست بە پارێزراوی و دڵنیایی و متمانە بكات و بزانێ‌ كەوا مامۆستا دڵسۆز و خەمخۆری قوتابیەكانیەتی و دەست بەرداری نابێت، چونكە پیشەی مامۆستایەتی هەڵگری پەیامی ڕاستەقینەیە ئەویش بنیاتنان و تێگەیاندن و پێگەیاندنی قوتابییە لە ناخەوە تاوەكو كەسێكی بەهێز وەكو شاخ دروست بكات كە هەڵگری هەموو سیفات و ئادكار و ڕەفتاری جوانی نیشتمانی و پەروەردەیی و ڕەوشتی جوان و هاووڵاتی بوون و خۆشەویستی و لێبوردەیی و پێكەوە ژیانی تێدا بەرجەستە بێت و ڕەنگ بداتەوە .

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top