16ی ئۆکتۆبەر.. ئەو کارەساتەی پینە نەکرا

16ی ئۆکتۆبەر.. ئەو کارەساتەی پینە نەکرا

١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە دیرۆکی کوردان ڕۆژێکی شووم و ئاڵۆز و خەماوییە. کوردێکی ڕەسەن نییە، خاکپارێز و نیشتمانپەروەرێک نییە لە سەرانسەریی دونیا، شەوی ١٥ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بە کارەساتێکی مێژوویی ڕانەچڵەکیبێت، چونکە ڕووداوەکە جیا لەوەی ڕەھەندێکی ناوخۆیی ھەبوو، ڕەھەندێکی جیھانییشی ھەبوو، کە کاریگەرییەکانی بە ئێستاشەوە هەر ماون. ئەو ڕۆژەی بە بەرچاوی تەواوی گەلی کورد و جیھان، کارەساتیان بەسەر لە نیشتمان و گەلی کوردستان و پێشمەرگە و خوێنی شەھیدان و کەرکووک سەپاند.
ڕووداوەکە بە دروستی، داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان بوو لەلایەن ھێزە عێراقییەکان و میلیشیا وەلائیەكانەوە، بە ڕێککەوتنێکی نھێنیی ژێر بەژێر، بە ھاوکاریی گرووپێکی خیانەتکار، دەوڵەتی ئێران و کۆمەڵێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانیش ڕۆڵیان لەو ڕێککەوتنەدا ھەبوو، ئەمە جیا لەوەی، بڕیارەکە بەو شێوەیە بوو کە (پارتی دیموکراتی کوردستان) لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان بکرێتە دەرەوە.

ئەگەرچی خەنجەری ژەھراوی و خیانەت، بوونە ھۆکاری لەدەستدانی کەرکووک و فرمێسکی لە چاوی ئازادیخوازان ھێنایە خوارێ، بەڵام لەدوای ئەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە داستانەکانی پردێ و سحێلا و مەحموودییە و تەلسقۆف وانەیەکی مێژووییان بە داگیرکەران دا، کە بە ژیانی خۆیان بیریان نەچێتەوە، ئەوەیان بۆ سەلماندن کە گەلی کوردستان خۆ ناچەمێنێت، تانک و تۆپ و فڕۆكە، خیانەت و ترازان، زەڕەیەك لە ئیرادە و خۆڕاگریی کورد کەم ناکاتەوە.
بەڵگە سەلمێنەرەکان
خاڵی سەرەکیی سەلماندنی ئەم خیانەتە ئەوەیە کە (سەرکردە باڵاکانی یەکێتی، بەئاشکرا دژی ئەم ڕێککەوتن و خیانەتە وەستانەوە). بەشێکی زۆر لە جەماوەری یەکێتی و ھەریەکە لە بەڕێزان (کۆسرەت ڕەسوول عەلی، مەلا بەختیار، نەجمەدین كەریم، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، شاڵاو عەلی عەسکەری) ئەم ھەنگاوە مێژووییە خراپەی یەکێتییان ڕەت کردەوە و بە لادان لە ڕێبازی یەکێتی وێنایان کرد.
دانپێندانانی سەرۆکی ئێستای یەکێتی بەوەی کە ئەوان بە ئیمزای ٣٨ لە سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕێککەوتنەکانیان کردووە، ھیچی نەھێشتووەتەوە.�بەڵگە فیلم و ڤیدیۆ و وێنەکانی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، دەلالەتی ئەوەن کە ھیچ ڕوونکردنەوەیەک دەرهەقی ڕاستییەکانی ئەم ڕووداوە نایەت. بۆیە ناکرێت مێژوو لەبیر بکرێت، گەورەیی ئەم خیانەتش لە دیرۆکی کوردان ناسڕێتەوە.
ھەموومان ئەوە دەزانین، کارەساتهێنان، ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، بە کۆمەڵێک بەیاننامەی ھەڵخەڵەتێنەر دەیەوێ بیر و ھۆشی ھەموان بە لای ھەندێک چەواشەکاریی نادروست و نالۆژیکیدا ببات، کە لەگەڵ ڕووداوە هەقیقییەکانی ئەو ڕۆژە یەک ناگرێتەوە، بەڵام بەڵگەکان ھێندە ئاشکرا و ڕوونن کە بە ھیچ کەس و لایەنێک (پینە) ناکرێن.
ئەنجامەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر
ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئێستا هەڕەشەی گەورەیان لەسەرە، بەتایبەت لە ڕووی تەعریبکردنەوەی ئەو ناوچانە و سووتاندنی بەروبوومی دانەوێڵەی کورد و هێرشی داعش بۆ سەر گوندەكانی کوردان، حکوومەتی عێراقیش بێ دەنگە لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی کە لەو ناوچانە لەسەر کورد هەن و تاوەکوو ئێستا هیچ هەڵوێستێکی لانی كەم بێلایەنانەشی دەرهەق بە مافی کوردەکان دەرنەبڕیوە.
دوای خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و فرۆشتنی خاک و خەڵکی کوردستان لەو ناوچانە، دەیان کێشە دروست بوون، بەتایبەت کێشەکانی خاوەندارێتیی زەوییەکان و دەرکردنی کوردەکان لەسەر ماڵی خۆیان و تێکدانی خانووەکانیان و هێنانی عەرەبی بیابان بۆ ناوچە کوردییەکان و پێشێلکردنی دەستوور و یاسا لەلایەن پارێزگاری سەپینراوی کەرکووک و تیرۆرکردنی دەنگی ئازاد و تەعریبکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان.

Top