فێركردن پەیامێكی گرنگ و پیرۆزە

فێركردن پەیامێكی گرنگ و پیرۆزە

بانگخواز و بەرگریكاری بەناوبانگی ئەمریكی لە مافەكانی مرۆڤ (مالكۆم ئیكس) دەڵێ" فێركردن بریتییە لە پەساپۆرتی گەشت بۆ پاشەڕۆژ، كە سبەی بۆ ئەوانەیە كە ئەمڕۆ خۆیانییان بۆ ئامادە كردووە".
فێركردن پرۆسەیەكە گرنگی و بایەخی یەكجار گرنگ و گەورەی هەیە لە ژیانی سەرتاپای میللەتان و سەكۆیەكە بۆ پەرەوپێشبردنی تاك بە تاكی كۆمەڵگە و گەشەسەندن و پەرەسەندنی كۆی كۆمەڵگە بەگشتی لە هەموو ڕوویەكەوە.
پرۆسەی فێركردن دەوەستێتە سەر دوو ئەندام و كۆلەكەی گەورە ئەوانیش مامۆستا و قوتابین، مامۆستا بە جێ بەجێ كردن و ڕاپەراندنی ئەركەكەی و بەرپرسیاریەتی كاریگەر و شوێنەواری گەورە جێ دەهێلێ لە ژیانی قوتابی، بەڵكو كاریگەری دوور مەودای هەیە لە سەر كەسایەتی و بیركردنەوە و هزری قوتابی بەرەو باشتر و باشتر، بە پێی هەموو ئەو بەها و پڕەنسیپە پەروەردەییانەی كە مامۆستا پراكتیزەی دەكات و دەریدەبڕێ‌ لە ئەنجامی ڕەفتار و گوفتار و هەڵسوكەوتی بەردەوامی ڕۆژانەی لەگەڵ فوتابییەكانی، جودا لە گوتنەوەی پڕۆگرام و بابەتە پسپۆڕییەكەی كە بە پێی بەشەوانەكانی هەفتانە دەیلێتەوە.
لێرە دا دەتوانین بڵێین فێركردن پەیامێكی گرنگ و پیرۆزە، جگە لەوەی زۆرێك وا سەیری فێركردن دەكەن وەكو پیشە، لێرەدا ڕۆڵی مامۆستا وەكو ڕۆڵی كاریگەر و یەكلاكەرەوە لە پرۆسەی فێركردن بێ ڕكابەر خۆی دەبینێتەوە، لە ئەنجامی ڕاپەڕاندن و جێ بەجێكردنی ئەركەكەی خۆی وەكو ئارەزوو و حەزێكی كەسی و خۆشەویستی بۆ كارەكەی و پاڵنەرێكی كەسی بەردەوام لە ناخەوە لە پێناو پەرەپێدان و گەشەپێدان و داهێنان كاری لە پسپۆڕی و كاری فێركردنی گشتی.
شك لەوە دانییە لە نەبوونی پاڵنەری كەسی و حەز و ئارەزووی هەمیشەیی بۆ فێركردن ئەوا وا تێدەگەین كە فێركردن پەیام نییە، بەڵكو وەكو پیشە و كار سەیر دەكرێ.
(ستیتناهۆس) لە ساڵی 1975 كە یەكێك لە پێشەنگ كارانی بواری فێركردن لە ووڵاتی بەریتانیا لە حەفتاكان نوسیویەتی دەڵێ (پێویستە مامۆستا ئارەزوو بكەن لە گۆڕانكاری لە فێركردن، بەبێ ئەوە هەر یاسایەك دەربچێ كاریگەری نابێ و، یانیش بۆ كاتێكی دیاری كراوە).
بۆیە مامۆستا دەبێ لە ناخەوە ئارەزووی گۆڕانكارییان هەبێ لە فێركردن و باوەڕ و متمانەی تەواویان بە خۆیان هەبێ كە چۆن بیردەكەنەوە و هەنگاو دەنێن و، وە چی ئەنجام دەدەن.
هەمیشە فێركردن دەبێ بەوپەڕی پیرۆزییەوە سەیر بكرێ چ وەكو پەیام یانیش وەكو پیشە، دەتوانین بڵێن فێركردن هەم پەیامە و هەم پیشەیە بە مەرجێ لەگەڵ بنەما و مەرج و پێوەرەكانی ئەرك و بەرپرسیاریەتی و دیسپلین و پڕەنسیپەكانی فێركردن بگونجێ.
لە بیرمان نەچێ كە قوتابی ئەمانەت و پارێزراوە لای مامۆستا و هەموو بەرپرسیاریەتیەكی پێگەیاندن و تێگەیاندن و دروست كردنی كەسایەتی قوتابی دەكەوێتە ئەستۆی مامۆستاكەی كە هەمیشە جێگای شانازییە بۆ قوتابی و كۆمەڵگە، لە هەمان كاتیشدا خێزان و كەسوكاری قوتابی مامۆستایان خۆش دەوێت كە وەكو باوك و برا و خوشك و دایك بێت بۆ منداڵەكانیان، وە جێگای متمانەی هەمووان بێت، دەتوانین بڵێن فێركردن، پەیامە، پیشەیە، ئەمانەتە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top