تێڕوانینی كۆمەڵگا بۆ نەخۆشییە دەروونییەكان

تێڕوانینی كۆمەڵگا بۆ نەخۆشییە دەروونییەكان

 

 

ژینگەی كۆمەڵگا بریتییە لەو بارودۆخەی كە تاك تێیدا لە دایك دەبێت، گەشە دەكات، دەژیت و كار دەكات، بۆیە تاك زۆر جار دەكەوێتە ژێر كاریگەریی كۆمەڵێك هزر و بیركردنەوەی كۆمەڵگا، چونكە ئێمەی مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتین و لە كۆمەڵگادا دەژین و تاك ڕەنگە لە هەر قۆناغ و تەمەنێك ڕووبەڕووی شڵەژان و نەخۆشیی دەروونی ببێتەوە، بەم توێژەران ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە ئەو كەسانەی پەیوەندییان بە كۆمەڵگاوە هەیە لە ئاستێكی بەرز و باشدایە، وەكو پەیوەندیی نێوان تاك و خێزان و هاوڕێ، لە ڕووی جەستەوە تەندروستترن و زیاتر دەژین، لە هەمان كاتدا ئەوانە كەمتر تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبنەوە، بەراورد بەو كەسانەی كە كەمتر پەیوەندی بە كۆمەڵگاوە دەكەن و گۆشەگیرن.

توێژینەوەكان ئەوە دەردەخەن، هەموو تاكەكان كە لەدایك دەبن، هەڵگری كۆمەڵێك خەسڵەتن كە ڕەنگە لە داهاتوو ڕووبەڕووی شڵەژان، یان نەخۆشیی دەروونییان بكاتەوە. نەخۆشییە دەروونییەكانیش هەروەكو نەخۆشییە جەستەییەكان ئاساییە لە هەر تەمەنێك و قۆناغێك ڕووبەڕووی تاك ببێتەوە، چونكە وەكو هەر نەخۆشییەكی جەستەیی دەتوانرێت لەلایەن پسپۆڕی دەروونی و ڕاوێژكاری دەروونی چارەسەر بكرێت، بەڵام بەداخەوە لە كۆمەڵگای ئێمەدا كاتێك كەسێك تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبێت، خێزانەكەی تووشی شەرمەزاری دەبنەوە لەلایەن كۆمەڵگاوە، چونكە كۆمەڵگا بە شێوەیەكی نەرێنی و كەم بایەخ سەیری نەخۆشەكە دەكەن و شێوازی مامەڵەكردنیان بەراورد بە كەسێكی ئاسایی كەمترە، ئەم جیاوازییەش وا لە تاكی دەروون نەخۆش دەكات، حاڵەتەكەی بەرەو خراپتر ببات. لە كۆمەڵگای ئێستا كاتێك بە كەسێك دەوترێت «دەروون ناساغ» ئەوا بە مەترسیدار، یان شێت لە قەڵەمی دەدەن و ڕووبەڕووی گاڵتەپێكردن دەبێتەوە، لەلایەن دەوروبەری، لە كاتێكدا ئەوانەی نەخۆشیی دەروونیان هەیە، یان ڕووبەڕووی شڵەژانێك بوونەتەوە، زیاتر پێویستییان بە پاڵپشتی و گرنگیپێدانە، بۆ ئەوەی حاڵەتەكەیان لەلا ئاسایی ببێتەوە.

هۆكاری تێڕوانینی هەڵەی كۆمەڵگا دەگەڕێتەوەی بۆ چەند شتێكی نادروست و دوور لە ڕاستی سەبارەت بە نەخۆشییە دەروونییەكان! لە كاتێكدا هۆكاری سەرەكی بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەكان ژینگەی كۆمەڵایەتی و پەروەردەی خێزانە» بۆ ئەوەی تاك لە هەر حاڵەتێك تووشی شڵەژان ببێتەوە و دواتر چارەسەرنەكردنی گەشە دەكات و دەبێتە نەخۆشیی دەروونی.

نەبوونی زانیاریی پێویست خاڵێكی گرنگە بۆ ئەوەی لەلای تاك ئاسایی نەبێت، كاتێك تووشی گرفتی دەروونی دەبێتەوە، لە هەمان كاتدا پەیوەستكردنی نەخۆشیی دەروونی بە كارێكی خراپ واتا كاتێك هەر كردەوەیەكی تاوان، یان توندوتیژی ئەنجام بدرێت، ئەوا لە زۆربەی حاڵەتەكاندا پەیوەستی دەكەن بە نەخۆشیی دەروونی، بۆیە لێرەدا بیروبۆچوونێكی هەڵە لەلای تاكی كۆمەڵگا دروست دەبێت و تێڕوانینی نەرێنی سەبارەت بە نەخۆشیی دەروونی دروست دەبێت، بەوەی كە گوایە هەموو ئەو كەسانەی نەخۆشیی دەروونییان هەیە، مەترسیدار و توندوتیژن و كردەوەی تاوانی ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەمەش لە كاتێكدایە كە زۆر جار ئەو كەسانەی نەخۆشیی دەروونییان هەیە، دەبنە قوربانیی كۆمەڵگا. چونكە ئەوانەی دەروون دروست نین، ڕەنگە كەسانێك بن كە هیچ زیانیان بۆ كۆمەڵگا و كەسانی دەوروبەر نەبێت. بێگومان كۆمەڵگا هۆكارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دەروونی، بەڵام هەندێك لە نەخۆشییە دەروونییەكان بە ڕێگەی كڕۆمۆسۆمەكانەوە دەگوازرێتەوە، واتا بە شێوەی بۆماوەیی لە تاكدا دروست دەبێت و دەبێتە بەشێك لە سیماتی كەسایەتیی ئەو تاكە و لەگەڵی گەشە دەكات، بەڵام دەكرێت لە ژینگەیەكی باش و تەندروست بتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت. جیا لەمانە چەند هۆكارێكی دیكەی گرنگ و سەرەكی هەن، كە وا لە تاك دەكات، ڕووبەڕووی شڵەژان و گرفتی دەروونی ببێتەوە، وەكو پەروەردەی هەڵە و ژینگەی ناسەقامگیر.

بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی بەریتانیا دەركەوتووە كە ئەو منداڵانەی لە ژینگەیەكی خراپدا گەشە دەكەن، ئەگەری ئەوەیان هەیە زیاتر تووشی گرفت و نەخۆشیی دەروونی ببنەوە، وەكو كێشەكانی فێربوون و شەڕانگێزی. هەروەها نایەكسانیی كۆمەڵگا هۆكارێكی دیكەیە بۆ ئەوەی تاك تووشی گرفتی دەروونی ببێتەوە، چونكە تاك لێرەدا هەست بە بێبەشبون دەكات و كاریگەری دەبێت لەسەر كەمیی بڕوابەخۆبوون و تووشی نائومێدی و گۆشەگیری دەكات.

بە هۆی ئەوەی ئێمە بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتین و پەیوەندیمان بە كەسانی دەوروبەرمانەوە هەیە، ڕەنگە زۆر جار لە دەستدانی كەسێكی ئازیز تاك تووشی زەبر، یان شۆكی دەروونی و خەمۆكی بكات. بە هەمان شێوە تێپەڕاندنی ڕووداوێكی سەخت و نەخوازراو تاك تووشی شڵەژانی دەروونی دەكات.

یەكێك لە خاڵە گرنگەكان بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دەروونی، ئاستی كەمیی داهاتی ئابووری و هەژارییە. نوێترین توێژینەوەكان ئەوە دەردەخەن كە پەیوەندیی بەهێز هەیە لەنێوان هەژاری و بێكاری بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دەروونی و تاوان. هەروەها ئەوە دەركەوتووە، كەوا پەیوەندی هەیە لە نێوان نەخۆشیی دەروونی و پلەكانی گەرما و كەشوهەوا، واتا زیاتر ئەو كەسانەی كە لە ژینگەیەكی گەرمدا دەژین، ئەگەری هەیە تووشی نەخۆشیی دەروونی ببنەوە. یەكێكی دی لە هۆكارەكان ئەوەیە كە ڕەنگە زۆر جار بە هۆی فشاری كارەوە، یان فشاری خوێندن، تاك تووشی نەخۆشییەكی دەروونی ببێتەوە، هەروەها بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و خواردنەوە كحوولییەكان بە یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكان دادەنرێن، بۆ ئەوەی تاك تووشی نەخۆشیی دەروونی ببێت. هەموو ئەو لایەنانە و چەندین لایەنی دی كاریگەرن بۆ ئەوەی تاك تووشی نەخۆشیی دەروونی ببێت، بۆیە لێرەدا تاك پێویستی بە پاڵپشتیكردنی كەسانی دەوروبەرە، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لەگەڵ كۆمەڵگاكەیدا بگونجێنێت.

هەر بۆیە ژینگەی كۆمەڵایەتی ڕۆڵ و كاریگەرییەكی گەورە دەگێڕێت لە دەروون دروستیی تاكەكاندا، هەروەها بوونی كەسانی نزیك و متمانەپێكراو لە ژیانی تاكدا، دەتوانێت ژینگەیەكی ئەرێنی بۆ بڕەخسێنێت و توانای خۆگونجاندنی زیاتر بێت.

 

ئیمان محەمەد شێركاوەیی

 

Top