پاك ڕاگرتنی قوتابخانەكان و هەستی خاوەندارییەتی

پاك ڕاگرتنی قوتابخانەكان و هەستی خاوەندارییەتی

نوسەری بەناوبانگی ئیرلەندی (جۆرج برناردشۆ) دەڵێ " چەند جوانە خاوێنی، بەڵام گەورەتر و جوانترە كاتێك لە هزرماندایە"
قوتابخانە كە ماڵی دووەمی قوتابییە و پێویستە وەكو ماڵی خۆی بیپارێزێ و بە پاك و خاوێنی ڕایبگرێ و پیسی نەكات، گەر پیس بوو پاكی بكاتەوە، چونكە هەموو پاكییەك ئاسودەیی و دڵنیایی دەبەخشێ. بێگومان قوتابخانە دەزگایەكی پەروەردەیی و فێركردنی كۆمەڵگەیە، قوتابی لە قوتابخانەوە پەروەردە دەكرێ و فێردەكرێ و بنیات دەنرێ، بۆیە گرنگە قوتابی هەر لە سەرەتاوە پەروەردە و فێر بكرێ لە سەر پاك و خاوێن ڕاگرتنی ماڵی دووەمی.
هەموومان دەزانین پاك و خاوێنی قوتابخانە ژینگەیەكی تەندروست و ئارام و گونجاو و ئاسودە دەستەبەر دەكات، هەم بۆ مامۆستا هەم بۆ قوتابی. گەر قوتابخانە پاك و خاوێن بوو مامۆستاش دەتوانێ‌ مكوم تر و سورتربێ لە سەر گەیاندنی پەیامەكەی وزانیارییەكان بە ئاسودەیی ببەخشێ، لە بەرامبەردا قوتابیش ئاسانتر دەتوانێ‌ وەربگرێ و باشتر و چاكتر بیر بكاتەوە و فێر ببێ و توانای وەرگرتن و فێربوونی باشتر دەبێ، تا قوتابخانە و پۆڵ پاك و خاوێن بن یارمەتیدەری زیاتری قوتابی دەبێت لە سەر بیركردنەوە و فێربوونی زیاتر و باشتریش لە بابەتەكان دەگەن و ئاسودەتر دەبن.
لە بیرمان نەچێ كاتێك قوتابی فێر دەكەین و پەروەردەی دەكەین لە سەر پاك و خاوێن ڕاگرتنی پۆڵ و قوتابخانەكەی و ڕایدەهێنین لە سەر خاوێن كردنەوەیان، ئەلێرەوە هەستی خاوەندارییەتی لای قوتابی دروست دەبێت بۆ قوتابخانەكەی و بە ماڵی خۆی دەزانێ‌ و خۆی بە خاوەنی دەزانێ‌، ئەوەش زیاتر هاندەر دەبێت كە شانازی بە قوتابخانەكەی بكات وخۆشی دەوێت و وشیاری ژینگەیی زیاتر مكوم تر و بەهێزتر دەبێت، قوتابیش تەندروست تر و پارێزراو تر دەبێت لە نەخۆشی و پیسی و تۆز و خۆڵ، قوتابی كە هەڵدەستێ‌ بە پاك و خاوێن كردنەوەی پۆڵ و قوتابخانەكەی بە هاوكاری سەرجەم قوتابیانی تر لە ژێر ڕێنمایی و سەرپەرشتی كردنی ڕاستەوخۆی بەرێوەبەری قوتابخانە و مامۆستاكان و ڕێكخستنیان بە شێوازی گروپ و هەر گروپێك شوێنی خاوێن كردنەوەكەی بزانێ‌، بێگومان هەست كردن بە شانازی و خاوەنداریەتی دروست دەبێ لای قوتابی كە قوتابخانەكەی زیاتر خۆش دەوێت و ڕەفتار و كردار و هەڵسوكەوتی زۆر باش و ئەرێنی دەبێت و زیاتر هاوكاری یەكتر دەكەن و رێزی یەكتر و شوێنەكەش دەگرن، لە هەمان كاتدا گیانی ئینتیما بوون بۆ قوتابخانە زیاتر گەشە دەكات و زیاتریش دەیپارێزن و كات و ووزەی بۆ تەرخان دەكەن، هەستی بەرپرسیاریەتی بەهێزتر دەبێت و دڵسۆزی بۆ قوتابخانەکەیان زیاتر دەبێت، لەوەش تێدەگەن فڕێ دان و پیس كردن، هەڵگرتنەوە و پاك كردنەوەی پێویستە و هەست بە ماندوو بوونی وبەرپرسیاریەتی ئەوانی تریش دەكەن. لێرەدا گرنگە كەسوكاری قوتابیان لەو پرسەدا هاوكار و پاڵپشتی قوتابخانەكان بن و هانی منداڵەكانیان بدەن، شوێنەكانیان كە قوتابخانەكەیە ماڵی دووەمیانە خاوێنی بكەنەوە و بە پاك و خاوێنی بیپارێزن، چونكە تا قوتابخانە خاوێن بێ قوتابیەكانیش لە بەر چاوی خەڵك و خۆیان جوانتر دەردەكەون.
لە بەر هەموو ئەوانەی باسمان كردو و زیاتریش، وەزارەتی پەروەردە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی جەنابی وەزیری پەروەردە بە بایەخەوە گرنگی بەو پرسە دراوە و لە بەشێك لە قوتابخانەكاندا دەست كراوە بە پاك و خاوێن ڕاگرتنی قوتابخانەكان لەلایەن قوتابیانەوە، جگە لە كاری قورسی وەك توالیت پاك كردنەوە لە ژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی مامۆستایان و بۆ بۆ سەلامەتی و وشیاری قوتابیان و بە شێوازی گروپ ئەنجام بدرێت.
لە بیرمان نەچێت بەشداری كردنی قوتابیان لە خاوێن كردنەوەی قوتابخانەكانیان ئامانجێكی پەروەردەیی و دوورمەودای هەیە لە سەر بنیاتنانی تاكێكی بەهێز و بەرپرسیار كە خۆی و قوتابخانەكەی و خاكەكەی و ووڵاتەكەی خۆش بوێت و ئینتیما و خاوەندارییەتی بۆ دروست دەبێت و دەیپارێزێ.
هەر بۆیە پۆلەندییەكان دەڵێن" ئەگەر هەر كەسێك بەردەمی ماڵەكەی خۆی پاك كردەوە، ئەوا شارەكە و ووڵاتەكە جوان و پاک دەبێت".

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top