سەیدی یوسف موسلیم ناسراو بە مەزڵووم، ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:   پەكەكە هۆكاری چۆڵبوون و ئاوەداننەكردنەوەی 600 گوند و تێكدانی سەقامگیریی چەندین ناوچەی پارێزگای سلێمانییە

سەیدی یوسف موسلیم  ناسراو بە مەزڵووم، ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:     پەكەكە هۆكاری چۆڵبوون و ئاوەداننەكردنەوەی 600 گوند و تێكدانی سەقامگیریی چەندین ناوچەی پارێزگای سلێمانییە

 

 

 پەكەكە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی باكووری كوردستانە، بەڵام شكستە یەك لە دوای یەكەكانی و كاركردن بۆ ئەجێندای دەرەكی و دووركەوتنەوەی لە هێڵی نەتەوەیی، وای لێ كردووە، كاری پشێوی و تێكدان لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات، ئەمەش هەمووی لە پێناو دەستكەوتی دارایی بۆ خۆیان و لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان. گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ سەیدی یوسف موسلیم ئەنجام دا، كە بە «مەزڵووم» ناسراوە و ئەندامی پێشووی پەكەكە بووە. لێرەدا پوختەی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

 

* پەكەكە شەڕی براكوژی خۆش دەكات و بەردەوام سەرقاڵی سەنگەرگرتنە لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و لە ڕێگەی دانانەوەی مین و TNT یەوە چەندین هاووڵاتیی كردووەتە قوربانی، لەم دواییانەشدا زیاتر سەرقاڵی نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیرییە، ئایا بۆ چ مەرام و مەبەستێك پەكەكە ئەم كارە تێكدەرانە ئەنجام دەدات؟

- پەكەكە گوێ لە هزری نەتەوەیی و كوردایەتی ناگرێت، ئەوان لە چوارچێوەی ئەجێندا و مەرام و مەبەستی هێزەكانی دژ بە كورد كار دەكەن، ئەوەی چەكدارانی پەكەكە دەرهەق بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هەرێمی كوردستان دەیكەن، دەچێتە چوارچێوەی خزمەتكردنی هێزی داگیركەرەوە، لەوەتەی هاتوونەتە قەندیلیش بە درێژایی سنوورەكەی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، هێز و سوپای توركیای پەڵكێشی كوردستان كردووە، بەو هۆیەوە بەردەوام ئاوەدانییەكانی كوردستانی خستووەتە مەترسی و بەر ڕەحمەتی تۆپ و درۆن و مووشەكی فڕۆكە سەربازییەكانی ئەو وڵاتەوە، ئیتر لەوە بگەڕێ كە بە هۆی پەكەكەوە 600 گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە و دانیشتووانەكەی لە مافی گەڕانەوە بۆ سەر زێدی باوك و پاپیرانیان بێبەشن، ئەوەتا ئاوەدانی و ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕینیشی خستووەتە مەترسییەوە، پێشمەرگەی كوردستان تاكە هێزی پاراستنی هەرێمەكە و ماڵ و حاڵ و ژیان و بژێویی خەڵكی كوردستانە، كەچی پەكەكە بە فیتی میلیشیات و هێزە ئیقلیمییەكان دژایەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش دەكات، پەكەكە لەلای كوردی هەر چوارپارچەی كوردستان جێگای قبووڵكردن نییە و تەنانەت چەكدارەكانیشی ڕیزەكانی ئەو گرووپە چەكدارییە كە دوورە لە هزری نەتەوەیی و كوردایەتی، بەجێ دەهێڵن.

* ئەوەی لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەی پەكەكە و توركیا دەیبینین، ئەوەیە كە پەكەكە شوێنە ستراتیژییەكان بۆ سوپای توركیا چۆڵ دەكات و خۆی پاشەكشە دەكات، بەڵام ڕێگەش نادات بە شێوەیەكی ئاشتییانە هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانە بپارێزیت، پرسیار ئەوەیە ئەو ناوچە ستراتیژییانە بۆچی تەسلیمی سوپای توركیا دەكات؟

- ماوەی چەندین ساڵە و بەتایبەتیش لە دوای شەڕی خەندەقەوە، پەكەكە بووە هۆكاری لە دەستدانی دەسەڵاتداریەتی لە باكووری كوردستان و جەماوەرەكەی ڕووی لە كەمی كرد، لە ئێستادا كێشە و گرفت بۆ باشووری كوردستان دروست دەكات، كە لە مێژووی كۆن و نزیكی خۆیاندا دەیان هەزار قوربانی و شەهیدیان داوە و دەربەدەری و ئاوارەییان بینیوە و ئازاریان پێ گەیشتووە. هەرێمی كوردستان بووتە پێگە و قەوارەیەك بۆ پێكەوە ژیان و لێبووردەیی و جێگەی لێقەوماوان، تەنانەت ئەوانەی ڕیزەكانی پەكەكەشیان جێ هێشتووە، ڕوو لە پایتەختی هەرێمی كوردستان دەكەن، هەموو ئەمانە لەلایەن پەكەكەوە جێگەی قبووڵ نییە، چونكە پەكەكە چووەتە بەرەی دوژمنان و داگیركارانی كوردستان و بەپێی خواست و ویستی میلیشیات و گرووپە چەكدارەكانی كار دەكات، ئەوەتا پەكەكە هێزی چەكداری توركیا پەلكێشی ناو هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان تووشی شەڕ بكات و پشێوی لە هەرێمی كوردستاندا بنێتەوە. سوپای توركیا بەشێكە لە سوپای ناتۆ و هێزێكی زۆر دڕ و توندە، ناكرێت چەكدارانی پەكەكە بەو بیر و سیستەمەی هەیانە بتوانن بەرەنگاری توركیا ببنەوە، بەڵكو مەبەستی چەكدارانی پەكەكە داگیركردنی زیاتری خاكی هەرێمی كوردستانە لەلایەن توركیاوە، ئەمانەش ئەوە دەگەیەنێت كە چەكدارانی پەكەكە ئەو ناوچە گرنگ و ستراتیژییانەی لە ناو باشووری كوردستان داگیریان كردووە و ناتوانن پارێزگاریشی لێ بكەن، سەرئەنجام سوپای توركیا بۆ شوێنەكان پەلكێش دەكەن.

* كەواتە پەكەكە هەرێمی كوردستانی كردووە بە گۆڕەپانی شەڕ و ڕۆژانە هێزەكانی توركیا بە بیانووی بوونی پەكەكە گوندەكانی كوردستان بۆمباباران دەكات، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر پەكەكە دەیەوێت شەڕی توركیا بكات، بۆ لە ناو كوردستانی توركیا نایكات، خۆ چیاكانی كوردستانی توركیا لە چیاكانی هەرێمی كوردستان سەختترن؟

- ماوەی زیاتر لە 12 ساڵ دەبێت، چەكدارانی پەكەكە لەسەر هەڵە و كردەوە و ڕەفتاری خراپی سەركردەكانیان دەجووڵێنەوە و توانای بەرەنگاربوونەوەی سوپای توركیایان نەماوە، تەنیا كێشە و گرفت بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكەن، ئەوان نایانەوێت ئەو هێمنی و سەقامگیرییەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە بەردەوام بێت، كە بووەتە پەناگە و ماڵێكی گەورە و ئاسوودە بۆ كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە پەكەكە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان باكووری كوردستانە كە لەوێش چیا و شاخی زۆر سەختتر و بەهێزتر لە باشووری كوردستان هەیە، بەڵام سەركردەكانیان لە پێناو مانەوە و بەرژەوەندیی كەسێتی خۆیاندا چەندین كەسی بێچارە و هەژاریان هەڵخەڵەتاندووە، بە شێوەی گرووپی چەكداری لێرە و لەوێ لە باشووری كوردستان لە چەند ناوچەیەك جموجووڵی بێ مانا و بێ مەبەست ئەنجام دەدەن. پەكەكە بووەتە هۆكاری ئەوەی سوپای توركیا بە درۆن نائارامی لەو شوێنانەش دروست بكات، وەك ئەوانەی لە چەند مانگی ڕابردوو لە ماوەت و ناوچەی ڕاپەڕین و پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان ڕووی دا.

* هەموو دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان لەسەر ئەوە كۆكن كە ڕێگر بن، بۆ دروستبوونی قەوارەیەكی بەهێزی سیاسی بۆ كوردستان، بەڵام لە هەمان كاتدا پەكەكە پەیوەندیی لەگەڵ هەرسێ دەوڵەتی (ئێران و عێراق و سووریا) لەو پەڕی باشیدایە و هاوكاریی چەك و دارایی دەكرێت، ئایا ئەمە چی لێ دەخوێندرێتەوە؟

- وەكو ئاماژەم پێ دا، پەكەكە چەندین ساڵە لە بەرژەوەندیی وڵاتانی داگیركاری كوردستان وەك سووریا و عێراق و ئێران دەجووڵێتەوە، ئەو چەكدارانەی پەكەكە كە لە شنگالن بە تەواوی بەپێی پیلان و فەرمانی حەشدی شەعبی دەجووڵێنەوە و مووچە و هاوكاری و چەك و تفاقیشیان لە حەشدەوە بۆ دابین دەكرێت، هەر بۆیە ڕێگریشن لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال، لەلایەكی دیكەوە لەو كاتەی شەڕی حەماس و ئیسرائیلیش دەستی پێ كردووە، ئەو چەكدارانەی پەكەكە خەریكی چەندین پیلان و ڕەفتاری مەترسیدارن كە لە بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامیی ئێراندایە لە دژی ئیسرائیل، ئەمە لە كاتێكدا پێویستە ئێمە خاك و نیشتمان و خەڵكی خۆمان لەو شەڕە وێرانكارییە بپارێزین و چارەسەری كێشەی خۆمان بكەین، نەوەكو سەرئێشە بۆ خۆمان دروست بكەین.

* پەكەكە لە كاتێكدا خۆی ڕایگەیاندووە كە بڕوای بە سەربەخۆیی كوردستان نییە، ئەو كە ئامانجی سەربەخۆیی نییە، بۆچی ئەم هەموو كوڕ و كچەی كوردستان بە كوشتن دەدات؟

- پەكەكە هێزێكی بەكرێگیراوە، سەرئێشە بۆ خۆی و نەتەوەكەی دروست دەكات، بووەتە هێزێكی چەكدار و مەرام و بەرنامەی ئەو هێز و لایەنانە جێبەجێ دەكات كە دژی بیر و هزری نەتەوەی كوردن، ئەم هێزە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی خۆی هەڵگەڕاوەتەوە، ئەمەش ئەوە ئاشكرا دەكات، كە چەكدارانی پەكەكە باوەڕیان بە سەربەخۆیی كوردستان نییە و هەر لایەن و حزبێك وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كوردستان و سەربەخۆییەكەی كار بكات، لە دژی دەوەستنەوە.

* پەكەكە بەهۆی ئەوەی لەگەڵ ڕەوتی سیاسەتی جیهانی ناڕوات، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانی بە كردەوەكانی ناشیرین كردووە، ئایا بۆچی پەكەكە هەموو ئامانجی ئەوەیە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان ناشیرین بكات؟

- پەكەكە بە درێژایی تەمەنی كردەوەی تیرۆریستی و تەقینەوەی لێرە و لەوێ ئەنجام داوە، دانانەوەی TNT لەسەر پردێكی پەڕینەوەی خەڵكی سڤیل و شەهیدكردن و ڕفاندنی خەڵك و نانەوەی پشێوی و پەلكێشكردنی درۆن و هێز و سوپای داگیركەرن، وەكو ئەوەی لە فڕۆكەخانەی عەربەت ڕووی دا، هەروەها لەسەر چیای هەیبەت سوڵتان و ماوەت هاتوچۆ دەكەن و كێشە و گرفت بۆ خەڵكی دەنێنەوە و بوونەتە هۆكاری هاتنی درۆنە شەڕكەرەكانی سوپای توركیا، ئەمە جگە لە ناشیرینكردنی كورد چی دەگەیەنێت، تەنانەت بوونەتە هۆكاری كوشتنی خەڵكی ئاوارەی مەدەنی لە كەمپی مەخمووریش، كردەوە خۆكوژییەكەی ئەنقەرەش لە ناوەندە جیهانییەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا وەكو كردەوەیەكی تیرۆریستی باسی كرا، ئەم كارە ناڕەوا و ڕەفتارە تیرۆریستییانە لەگەڵ ڕەوتی دونیا و مرۆڤایەتی ناگونجێت.

پەكەكە دەیەوێت لە ڕێگەی دروستكردنی هێز و گرووپی چەكداریی بچووك بچووكەوە لە هێرش و بۆردومانی درۆنەكانی توركیا ڕزگاری بێت، نازانێت لە دونیای دەرەوە بووەتە هێزێكی تیرۆریستی و پشتگیری لە دەست داوە، لەوەش مەترسیدارتر، گەلی كوردیش ناشیرین دەكات، ئەوەتا بە هۆی خراپیی باری داراییانەوە، سەرقاڵی كاروكردەوەی پیس و قاچاخچێتین، بەڵام بەو ڕێگە ناشەرعییانەش دووبارە هیچ گۆڕانكارییەك هەست پێ ناكرێت، بەڵكو دۆخیان زیاتر ڕوو لە خراپی كردووە.

Top