پەروەردە لە بنكە تا لوتكە لە پێناو قوتابیدایە

پەروەردە لە بنكە تا لوتكە لە پێناو قوتابیدایە

(كۆنفۆشیۆس) گەورە فەیلەسوفی چینی دەڵێ" فێربوون بێ بیركردنەوە كات بە فیرۆدانە، بەڵام بیركردنەو بێ زانست شتێكی مەترسیدارە".
بێ شك قوتابی كە دەچێتە قوتابخانە بۆ فێربوون و فێركردنی كۆمەڵێ ئادكار و ڕەفتاری جوان و پەروەردەییە جودا لە بابەتەكانی خوێندن، پێویستە قوتابی فێربكرێ و بزانێ‌ كە قوتابخانە ماڵی دووەمی خۆیەتی و لە ماف و ئەركەكانی خۆی شارەزا بێ و بزانێ‌ و تێ بگەیندرێ كە هەمووی لە پێناو تێگەیاندن و پێگەیاندن و پەروەردە كردن و فێركردنی ئەوە، لای ڕوون بێ كە هەر هەموو پێداویستییەكانی بە گشتی لە خزمەت قوتابی دایە ،مامۆستا، قوتابخانە، پڕۆگرام كەلوپەلەكانی بە گشتی هەموو مەسرەف و خەرجی كە دەكرێ لە پێناو قوتابی دایە بۆ بەدیهێنانی ئامانجێكە كە ئەویش دروست كردن و بنیاتنانی نەوەیەكی زیندوو بە ئاگا و بە هێز و ڕۆشنبیر بۆ كۆمەڵگە و بۆ هەرێم، وە پێویستە هەموو قوتابییەك ئەو ڕاستییە بزانێ‌، وە لە بەرامبەریشدا ئەوە بزانێ‌ چی لە ئەستۆی ئەودایە دەبێ جێ بەجێ بكات، وە چی لە پێناو ئەودایە دەبێ بۆی جێ بەجێ بكرێ.
لێرەدا بە كورتی باسی ئەوە دەكەین كە قوتابی دەبێ فێر ببێ و وشیار بكرێتەوە كە چی جێ بە جێ بكات لە قوتابخانەدا ئەركەكانی چین بۆ ئەوەی قوتابییەكی نموونەیی و سوودبەخش بێت، پێویستە قوتابی پابەندی و گوێ ڕایەڵی هەبێت بە ڕێنماییەكان و یاسای پەروەردە و فێركردن و پابەندبوون بە قوتابخانە و ڕێزگرتنی مامۆستایان بە گشتی و فەرمانبەران، پاڕاستنی ناووناوبانگی قوتابخانە و پابەندبوون بە دەوامی ڕۆژانەی قوتابخانە و خوێندن و یەكپۆشی و ڕێز لە كاتەكانی قوتابخانە بگرێ و بەشداری بكات لە چالاكییەكان و پاك و خاوێن ڕاگرتنی قوتابخانە، پاڕاستنی باڵەخانە و كەلوپەلی قوتابخانە بە جۆرێك قوتابخانە ببێتە شوێنێكی پارێزراو و پاك و خاوێن و باشترین شوێن بێ بۆ فێركردن و فێربوون، قوتابی هەست بە بەرپرسیاریەتی بكات و ئەركەكانی خۆی بزانێ‌، وانەكان و ئەركەكانی خوێندن ڕۆژانە ئامادە بكات و بەشداری كردنی پۆڵی هەبێت و بەوپەری ڕەوشت بەرزیەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ مامۆستا و قوتابییەكان بكات و پابەند و ڕێك و پێك بێت، فێربكرێ و بزانێ‌ كە هەر لە سەرەتاوە بەبێ پابەندبوونی و ڕێك و پێكی هەرگیز ناگاتە سەركەوتن و دەرچوون، چونكە هەردووكیان بنەمای سەرەكی و بنەڕەتین بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی قوتابی، بۆیە كە قوتابی تاكە دەرئەنجامی كۆی گشتی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنە. پێویستە لە قوتابخانەوە تاكێكی بەهێزی وەكو شاخی لێ دروست بكرێ لە هەموو ڕوویەكەوە، لەوە تێبگات و بزانێ كە كۆی گشتی پرۆسەی پەورەردە و فێركردن لە بنكەوە تا لوتكە لە پێناو قوتابی دایە ودەبێ باشترین و پوخترین و نایابترین بەرهەمی لێ بێتە دی و خۆی بە خاوەن و بەرئەنجامی پرۆسەكە بزانێ‌. ئەو كات بە بەرپرسیاریەتی پاشەڕۆژی دەكەوێتە سەرشان و بەئەركەكانی خۆی هەڵدەستێ‌، بێگومان هەموو ئەوانە و زۆری تریش پێویستە مامۆستایان بە بەردەوامی بۆ قوتابیان ڕوونی بكەنەوە و تێ یان بگەیەنن و ئامۆژگارییان بكەن كە قوتابی تاكە دەرئەنجام و چەقی كۆی گشتی پرۆسەكەیە .

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top