لە بارەی بێگەردی سوفیگەرییەوە..

لە بارەی بێگەردی سوفیگەرییەوە..

 گەلی کوردستان خاوەن شارستانییەتێکی پرشنگدارە، بۆنی هەزاران ئاسەواری ڕوچو لە دێرینیدا ، گەواهی ئەو ڕاستییەیە ، لە هەمو بووارەکاندا زانای بلیمەت مان هەیە ، هەر وەک لە ئاستی ئایین پەروەریدا ، فەیلەسوف و سوفی بێ هاوتامان هەیە، لە کاتێکدا سوفیگەری (باڵاترین شێوازی بەرجەستەکردنی هزرو پاپەندییەکانی ئایینەکانە و لەوانەش ئایینی ئیسلام) ، سوفیگەری هێمای جوانی و بێگەردی خواپەرستی و توانەوەیە لە ناوەروکی حەق ناسیدا .
گەلی کورستان خاوەنی سەدان سوفی گەورەیە، لە پێناوی گەلەکەیاندا لە کوشش و خەباتی نێشتیمانیدا ئەستێرەی دیارن ، پێویستە بیان ناسین و رێبازەکەیان رێپێشاندەرمان بێت لە پەیرەوکردنی داب و نەریتی ئیسلامێکی بێگەردی کوردانە .
لێرەدا هەندێ بیری جوانی سوفی و زانای گەورەی گەلەکەمان(مەحوی) دەخەمە ڕوو ، کە لە چوارچێوەی چەند دێریکی شعرەکانیدا خۆی دەنوێنێ.
((خەڵاصی بوونی، قەت ناوێ، ئەسیری زوڵفی زنجیرت
لەبەر تیرت، مەلەک بێ، هەڵفڕینی نەبووە نەخچیرت))
مەبەستی ؛؛ بۆ گەیشتن بۆ ئاستی خواناسی باڵا ، دەبێ بێ وچان لەسەر لێبوردنی سوفیانە خۆمان ڕابێنین و لە هەمو خواستێکی نارێک و نارەوا خۆمان بەدوربگرین و گومرانەبین.
هەروەها دەڵێت؛
((لە خەزنەی دڵم دا ، هەرچی هەیە ، هەر داغی سەودایە
دەسا ئەم نەقدە، دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم ، چیپکەم؟))
واتە؛ خۆشەویستی سوفیانە ، دەروازەیەکی روحییە و ژێردەستەی یاساو خواستەکانی مرۆڤ نییە ، ئەزمونێکە لە ناخی سوفیدا هەڵدەقوڵێت و لە کانوی عێشقێکی بێ سنوردا دەتویتەوەلە پێناوی مەعشوقەکەیدا.
سوفیگەری رێبازی بێ تەفرەدانە ، تەنها لە ڕاستگوییدا لەنگەر دەگرێت ، دورە لە خشتەبردن و ڕاچنینی واتای دور لە جوانی و ویستی خودا ، بۆیە سوفی ئامادەیە لە پێناوی پاراستنی بیروباوەرە پاراوەکانیدا ، گیانی خۆی ببەخشێت ، لەو بارەیەوە ( مەحوی) دەفەرمێ
؛
((هەتا حەق ناصیرە ، هەر حەقمە مەنزور
وەکو (مەنصور) ئەگەر بمکەن ، بەدارا))

Top