كانی عەبدوللەتیف: خوازیارم فێرگەیەك بكەمەوە و پاڵپشتی گەنجانی دەستڕەنگین بكەم
ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە خانمان لە هەموو كات و سەردەمێكدا خاوەن وزە و هێزێكی لەبن نەهاتوون، ئەوان لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە توانای ئەنجامدانی چەندین كاریان بە یەكەوە و لە یەك كاتدا هەیە، كانی عەبدوللەتیف ئەنوەر ئەنوەر كچە گەنجێكی دەست و پەنجە ڕەنگینی شاری سلێمانییە، خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە كارگێڕیی كار بەشی ماركێتینگ، فەرمانبەرە لە زانكۆی ئەمریكی سلێمانی بەشی ژمێریاری و دارایی، لەگەڵ ئەوەشدا بە وزەیەكی زۆرەوە تێكەڵ بە دونیای كاری دەستڕەنگینی بووە و بەرهەمە دەستكردەكانی لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە بە بازاڕ دەكات. لەم دیدارەشدا باسی كار و بەرهەمەكانی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.
كانی عەبدوللەتیف ئەنوەر ئەنوەر، لەدایكبووی شاری سلێمانییە و تەمەنی 34 ساڵە و هەر لە سلێمانی نیشتەجێیە، وەك خۆی باسی كرد، خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە كارگێڕیی كار بەشی ماركێتینگ و فەرمانبەرە لە زانكۆی ئەمریكی سلێمانی و لە بەشی ژمێریاری و دارایی ئەو زانكۆیە كار دەكات. بەڵام ماوەی حەوت ساڵە خاوەنی بڕاندی (كانو جەلەرییە) و بەمجۆرە باسی لە ئەزموونی خۆی لەگەڵ كارەكەی كرد:
«كاری دەستڕەنگینی خولیایەكی منداڵیم بوو، سەرەتا وەكو حەز دەستم پێكرد، پاشان كردم بە كارێكی بچووك و بە خۆشحالی و شانازییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە فراوانبووندایە، كارەكانم بە موورو و و بەردە،(بەڵام بەردەكان ئەو بەردانە نین كە بۆ ئێنێرجی بەكار دێن)، لە هەر دیزاینێك تەنیا یەك دانە دروست دەكەم، واتە هیچ دیزاینێكم لەوەی دی ناچێت و دروستیشی ناكەمەوە تەنانەت بۆ خۆیشم، بۆ ئەوەی تاقانە بێت». هاوكات گوتی: «لە ساڵێكدا تەنیا چوار بۆ پێنج كۆلێكشن دەكەم، واتا بەپێی بوونی كاتەكانم كۆلێكشنەكانم ئامادە دەكەم، شێوازی كاركردنیشم تەنیا ئۆنڵاینە، لە ماوەی دروستكردنی كانو جولەرییەوە تەنیا دوو جار بەشداریم لە بازاڕی بۆنەكان كردووە، ئەویش لە بازاڕی سەری ساڵ بوو».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە هاندەر و پشتیوانت بۆ پێشكەوتنت لە كارەكەت كێ بووە؟ كانی گوتی: «لە سەرەتای دەستپێكردنی كارەكەمەوە خێزانەكەم و هاوڕێكانم زۆر پاڵپشتم بوون، بە خۆشحاڵییەوە دەتوانم بڵێم ئێستا كڕیارەكانیشم یەكێكن لە هاندەر و پاڵپشتییەكانم».
سەبارەت بە پلانی داهاتووشی گوتی: «دەمەوێت بڕوانامەیەك بەدەست بهێنم، بۆ ئەوەی ئەو تەكنیكانەی كە نایزانم، فێریان ببم و دەمەوێت سوودم هەبێت لە فێركردنی ئەو كەسانەی كە خولیای دروستكردنی جولەرین، چ گەورە بن، یان منداڵ، خوازیاری ئەوەم بتوانم شوێنیك وەكو فێرگە بكەمەوە و یارمەتیدەر و پاڵپشتێك بم لە هاندانی گەنجانی دەستڕەنگین».