مه‌ترسییه‌كانی پرۆگرامی شاراوه‌ی خوێندن دووره‌ له‌ چاوی هه‌مووان

مه‌ترسییه‌كانی پرۆگرامی شاراوه‌ی خوێندن دووره‌ له‌ چاوی هه‌مووان

 

یه‌كه‌مجار ئه‌و شیعره‌م له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌م گوێ لێبوو، ئه‌و له‌ قۆناغی ناوه‌ندی... له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵانی هه‌شتاكان له‌ دواناوه‌ندی كانی قرژاڵه‌ بێجگه‌ له‌ كاری به‌ڕێوه‌به‌رێتی وانه‌ی زمانی كوردی پێده‌گوتینه‌وه‌. مامۆستا (یوسف ئه‌حمه‌د) یادی به‌خێر و جێ و مه‌نزڵی له‌ناو گوڵان بێت؛ پیاوێكی كوردپه‌روه‌ر بوو... به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانییه‌وه‌ زیندانیكرابوو و ئازار و ناخۆشی زۆری به‌ده‌ست پیاوانی رژێمی به‌عس چێژتبوو. رۆژێكیان له‌ وانه‌یه‌كدا نه‌خشه‌ی كوردستانی گه‌وره‌ی بۆمان دروست ‌كرد و سنووره‌كانی پیشان داین و دوایی ئه‌و شیعری (ئه‌سیری):
کوردە دەزانی لە کوێ جێگرە خزمانی تۆ
گوێ گرە بۆتی بڵێم جێگەیی قەومانی تۆ
کێوی تۆرۆس و عومقی حەوزەکەی ئەسکەندەروون
غەربییە تا بەحری ڕەش ، سەرحەدی مەیدانی تۆ
بەحری ڕەش و ئەردەهان، ئاوی ئەراسە بزان
حەددی شیمالە ئەمە بۆ کۆچ و جەولانی تۆ
ئه‌و شیعره‌ی له‌پاڵ نه‌خشه‌كه‌ نووسییه‌وه‌ و رایسپاردین له‌به‌ری بكه‌ین، له‌ ئێستادا سی و شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌دا تێده‌په‌ڕێت و هێشتا ئه‌و شیعره‌م له‌بیره‌. ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌مان له‌نێو جه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و له‌نێو گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌دا چاونه‌ترسانه‌ له‌ ئاهه‌نگی نه‌ورۆز به‌ده‌م گۆرانیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی شڤان په‌روه‌ره‌وه‌ به‌شداری قوتابیانی ده‌كرد و له‌به‌ر ئاوازه‌كانی گۆڤه‌ندی ده‌به‌ستا. هه‌روه‌ها هاوڕێیه‌كی له‌خۆم گه‌وره‌تر بۆی باسكردم كه‌ چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌وه‌ مامۆستایه‌كی ریشدار بۆ هه‌مان قوتابخانه‌ گوێزرایه‌وه‌، ئه‌وسا ته‌وژمی بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری ئیخوانی له‌ میسر له‌ گه‌رمه‌ی دابوو، ئه‌و مامۆستایه‌ له‌و كاته‌دا كیتابه‌كانی (قه‌زیه‌تونا وه‌ ده‌عوه‌تنا)ی حه‌سه‌ن به‌ننا و (مه‌عالیمون فی ئه‌لته‌ریق)ی سه‌ید قوتب؛ی ده‌هێنا و ده‌یدایه‌ قوتابیان و له‌م رێیه‌وه‌ چه‌ندانی تێكه‌ڵ به‌و ره‌وته‌ ئیخوانییه‌ كرد و به‌شێكیان تاكو ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت به‌خۆیان و خانه‌واده‌كانیان وابه‌سته‌ی ئه‌و هزر و رێكخستنه‌ن.
هه‌ڵوێست و كه‌سایه‌تی ئه‌و هه‌ردوو مامۆستایه‌ و مامۆستایانی دیكه‌ له‌ قوتابییه‌كاندا ره‌نگی دایه‌وه‌، دواجار و پاش ده‌یان ساڵ ئه‌وجا زانیم كه‌ ئه‌وشێوه‌ ره‌فتار و كارتێكردن و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی مامۆستایان له‌ڕووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ و له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێكی زۆره‌وه‌ به‌شێوازێكی زانستییانه‌ توێژینه‌وه‌ی له‌باره‌وه‌ كراوه‌ و به‌ (پرۆگرامی شاراوه‌ و نادیار) ناونراوه‌.
نووسه‌رێك له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه‌ ده‌ڵێت: پرۆگرامی خوێندنی شاراوە لەوانەیە لەڕووی كاریگه‌رییه‌وه‌ پەرتووکی خوێندن و پەروەردەی قوتابیان تێبپەڕنێت، ئه‌و پرۆگرامه‌ بریتیه‌ له‌ كۆمه‌ڵیك له‌ بەها و نۆرم و باوەڕەکان كه‌ بە شێوەیەکی زۆر فراوان دەگوازرێنەوە بۆ قوتابیان لە ڕێگەی پرۆسەی بێئاگایی و ناڕێکی لە ژینگە و پێکهاتەی قوتابخانەدا).
پرسی كاردانه‌وه‌ی ئه‌و پرۆگرامه‌ شاراوه‌یه‌ كه‌ مامۆستایان چ به‌ مه‌به‌ست یان بێ مه‌به‌ست ده‌یگوازنه‌وه‌ بۆ قوتابیان له‌لای من بووه‌ پرسێك كه‌ شایانی ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی داموده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان له‌ هه‌رێم له‌سه‌ری بوه‌ستن و ئاوڕی جیددی لێ بده‌نه‌وه‌، ئاخر هه‌موو جارێك چه‌سپاندنی هزر و بیری مامۆستایان و دزه‌ كردنیان بۆ خه‌یاڵ و كه‌سایه‌تی قوتابیان ده‌ره‌نجامی باشی نیه‌ و به‌سوودی قوتابی و كۆمه‌ڵگا و ئامانجه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان ناشكێته‌وه‌.
له‌ سه‌رچاوه‌كاندا هاتووه‌ كه‌ (فیلیپ جاکسۆن)ی شاره‌زای بواری په‌روه‌رده‌یی یەکەم کەس بوو کە زاراوەی پرۆگرامی شاراوەی لە ساڵی 1968 داهێناوه‌ لە كتێبێكدا بە ناونیشانی "Life in the classroome"، به‌كاری هێناوه‌. فیلیپ جاکسۆن لەو كتێبه‌دا گوتوویه‌تی: (قوتابخانە شوێنێکە کە قوتابیان تێیدا دادەنیشن، گوێ دەگرن و له‌چاوه‌ڕوانی فێربووندان، بۆ به‌شداریكردن له‌ گفتوگۆ و ده‌ربڕینه‌كانیان دەست بەرز دەکەنەوە ، گفتوگۆ دەکەن و پێکەوە هه‌وڵی گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامه‌كان ده‌ده‌ن، هەموو ئەم ئەزموونانە ڕۆتینن و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕوودەدات و بەبێ ئەوەی تێبینی بکرێت. بەڵام ئەم کارلێکانە پەیام و ناوەڕۆکیان هەیە و کاریگەرییان لەسەر قوتابیان هه‌یه‌ و زۆرجار کاریگەری به‌سه‌ر ده‌ره‌نجام و رێچكه‌ی كه‌سه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت). ئه‌و پرۆگرامه‌یه‌ چه‌ندین ناوی لێنراوه‌ وه‌كو (بێدەنگ، نادیار، شاراوە، هاوتەریب، یان بەرنامەی نافەرمی) كه‌ هەموویان ئاماژەن بۆ هەمان چەمک. مه‌ترسی په‌یڕه‌وكردنی له‌وه‌دایه‌ كه‌ زانیاری و ناوه‌رۆكی پرۆگرامه‌كه‌ دوور له‌چاوی سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌یی و كارگێڕی قوتابخانه‌ و به‌ده‌ر له‌ سیسته‌م و پلانی داڕێژراوی په‌روه‌رده‌یی كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و حكوومه‌ته‌وه‌ داڕێژراون و په‌سند كراون به‌ قوتابیان ده‌درێن و هیچ سانسۆریان له‌سه‌ر نیه‌ و ناكه‌ونه‌ به‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن و تاقیكردنه‌وه‌.
بایه‌خدان و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی واقیعی پەروەردەیی وا ده‌خوازێت كه‌ لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی و ئه‌رك و رۆڵی مامۆستایان به‌پێی سیسته‌م و یاسا رێكبخرێت، ده‌كرێ پیاده‌كردنی پرۆگرامی شاراوه‌ و نادیار له‌ هه‌موو كاتێكدا زیانبه‌خش بن، له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر سوودیشی هه‌یه‌ با به‌ ئاگاداری ئه‌و لایه‌نانه‌ بێت كه‌ ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتیكردنی بزاڤی په‌روه‌رده‌ و فێركردنیان له‌ ئه‌ستۆیه‌.

پسپۆرێكی بواری په‌روه‌رده‌یی له‌مڕووه‌وه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئەو پرۆگرامە پلان نەکراوەی کە کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوتەکانی قوتابی دەکات لە تەنیشت بەرنامەی خوێندنی ڕاگەیەنراو، لە ڕێگەی ژینگەی قوتابخانەوە کە قوتابیان تێیدا دەژین بەشێوەیەکی کاریگەر بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانی هەندێک هەڵوێست و بەهای دیاریکراو کە لەوانەیە دژایەتی یان هاوڕابن لەگەڵ بەرنامەی خوێندنی ڕاگەیەنراو.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك ئاگاداری ناوه‌رۆكی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ نیه‌ كه‌ به‌ قوتابی ده‌درێت، بۆیە مه‌ترسییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ كه‌ ناتوانرێت پێوانە بکرێت، و ده‌بنه‌ هۆی گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی قوتابیاندا چونكه‌ له‌ڕێی پەیامێكی نادیار و په‌سندنه‌كراوه‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ قوتابی و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وه‌ریگرتووه‌. زۆربه‌ی شاره‌زایانی بواری په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌یان پشتڕاست كردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌و شێوه‌ شاراوەیه‌ کاریگەرییەکی بەهێزتری هەیە لەسەر قوتابیان وەک لە بەرنامەی خوێندنی ئاشکرا، چونکە ڕۆڵێک دەگێڕێت لە پەروەردەکردنی قوتابیان لە ڕووی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ژێر چاودێری كردنی لایه‌نی به‌رپرس بێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ نووسه‌رێك له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه‌ ده‌ڵێت: کۆنترۆڵکردنی ئەم پرۆگرامە زەحمەتە، بەڵام دەتوانرێت بە شێوەیەکی ئەرێنی بەکاربهێنرێت و نەرێنییەکانی کەم بکاتەوە بە دروستکردنی هۆشیاری لەنێو مامۆستایان، دەربارەی گرنگی مامەڵەکردنی مرۆیی لەگەڵ قوتابیان و ئاڕاستەکردنیان بۆ باشترین ئاستی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و نیشتمانی پێویسته‌ مامۆستایانی شایستە بۆ ئه‌ركی په‌روه‌رده‌ كردنی نه‌وه‌كان دیاری بكرێن بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان بە شێوەیەکی کرداری و زانستییه‌وه‌ جێبەجێ بکەن.
مامۆستایان به‌شداری كاران له‌ پێدانی پەروەردەی جوان بۆ قوتابیان و هاوبه‌شن له‌ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی باش، له‌مڕووه‌وه‌ نووسه‌رێكی ئه‌رده‌نی به‌ناوی (محه‌مه‌د ئه‌لزوبێدی) له‌ وتارێكیدا باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ زۆربەی ئەندامانی بزووتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە ماوەی خوێندنیان لە قوتابخانەکاندا كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر كاریگه‌ری ئایدۆلۆژیای مامۆستاكانیان، قوتابیان به‌پێی ئاستی توانایان بۆ پەیوەندیکردن بە ئایدۆلۆژیای ئیخوان موسلیم یان بزووتنەوە سەلەفییەکان هەڵدەبژێردراون و دواتر ورده‌ ورده‌ راكێشراون بۆ تێكه‌ڵكردنیان به‌و بزاڤانه‌ تا ئەو کاتەی قه‌ناعه‌تیان بە بیرۆکەکانیان دروست بووه‌.

Top