یاری بالە زۆر بەكەمی گرنگی پێ دەدرێت

یاری بالە زۆر بەكەمی گرنگی پێ دەدرێت

بەهرە حامد یاریزانی تۆپی بالەی یانەی دەربەندیخان

یاری بالە زۆر بەكەمی گرنگی پێ دەدرێت
قەزای دەربەندیخان لە سنوری پارێزگای سلێمانی یەكێك لەم شارانەی كوردستان كەوا گرنگی یەكجار زۆر بە یارییەكانی بالە دەدەن لە سەر ئاستی ئافرەتان، یانەكە مەشقی بەردەوامی هەیە بۆ ئەوەی زۆرترین یاریزانی لە یانەكە كۆبكاتەوە، ساڵانە لەگەڵ دەستپێكی خولەكانی كوردستان و عێراق لە یاری بالە تیپەكانیان لە ئامادە باشیدایە لە ئاستە جیاوازەكان، یانەكە بۆتە شوێنی دروست كردنی پێگەیەكی گرنگی یاریزانان بۆ داهاتووی یانەكە و بگرە هەڵبژاردەی عێراقیش، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی یانەكەش كچە یاریزان بەهرە حامد-ە خاوەنی چەندین ئەنجامی بەرچاوە لەگەڵ تیپەكەی ناوبراو لە دایك بووی ساڵی (2006)قەزای دەربەندیخانە و ماوەی حەوت ساڵە یاری بۆ ئەو یانەیە دەكات، پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیەتی لە داهاتوو، گۆڤاری گوڵان لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو وەرزشی تۆپی بالەت هەڵبژارد؟
- سەرەتای دەستكردنم لە یاری بالە بۆ تەمەنی نۆ ساڵی دەگەرێتەوە كە ئەوكات بچووك بوو، وەكو حەزێكی منداڵیم یاریم دەكرد، بەڵام لەگەڵ بەردەوام بوونم بووە تەواوی ژیانم.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە؟
- ئەگەر ڕاهێنەرێكی پڕ ئەزموونت هەبێت و هەنگاو بە هەنگاو تەكنیكی نوێت فێر بكات و خودی خۆت كەسێكی هەوڵدەر بیت و ئامانجت سەركەوتن بێت هیچ وەرزشێك قورس نابێت.
*بۆچی لە ئێستادا یاری بالە لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- یاری بالە زۆر بەكەمی گرنگی پێ دەدرێت لە چاو یارییەكانی تر، بێگومان ئەوە تەنیا لە ووڵاتی ئێمە وایە.
*هۆكاری چیە ئەم یارییە لە ئاستی كچان پێشوازی باشی لێنەكراوە لە شارەكانی كوردستان؟
-خێزان گرنگترین بەشی پشتگیری ژیانی خانمانە، وە زۆر لە شارەكان ئامادە نین كچان ڕاسپاردەی نێو یاریگاكان بكەن.
* ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- تاكو ئێستا یاری بالەی خانمان لە كوردستان ئاستێكی بەرزی پێشكەش نەكردوە بەهۆی ئەوەی كە یاری بالە پەرەی پێ نادرێت لە چاو یارییەكانی دیكە، هەروەها كەم كردنەوەی خولەكان و نەگونجانی كاتی خولەكان، چونكە ئێمە تەنیا یاریزان نین، بەڵكو قوتابیشین پێویستە گرنگی بە خوێندنەكەشمان بدەین.
* بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی كچانی وەرزشكار ئەم یارییە؟
- زیاتر پاڵپشت و پشتگیری ئافرەتان بكرێت بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەكی وەرزشوانی كە تێیدا هەست بكەن مافیان پارێزراوە.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێكی لاو؟
- وەكو وەرزشكارێكی كچ بەرنامەم ئەوەیە زیاتر گرنگی بە ژیانی وەرزشیم بدەم بۆ بەدیهێنانی خولیا و ئامانجەكانم.
*یانەی دەربەندیخان بە چ شێوازێك هاوكاریتان دەكات؟
- سەرەڕای ئەوەی دەربەندیخان شارۆچكەیەكی بچووكە، بەڵام تا ئێستا هەر چەند لەتوانایان بووبێت هاوكار و پاڵپشت بوونە,
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- لە هەموو وەرزشێك كێشە هەیە، بەڵام وەك یارییەكانی دیكە گرنگی بە یاری بالە بدرێت.

* خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێك؟
-وەكو هەموو كچە وەرزشكارانی تر خەونی گەورەم هەیە، بەڵام وەك باسكردن گرنگ نییە هەمووان ئەنجام دەبینین.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتانن بۆ وەرزش كردن؟
-خانەوادەكەم گرنگترین بەشی ژیانی وەرزشكاریمن، هەنگاو بەهەنگاو پشتگیر و هاوكارم بوون بە تایبەتی خوشكەكەم، ئەوان بەتەواوی لە پشت سەركەوتنەكانی منن.
*دەلێن چەندین گرێبەستت بۆ هاتووە لە یانەكان؟
-بەلێ لە چەندین یانە گرێبەستم بۆ هاتووە، بەڵام ڕەتم كردۆتەوە پێم باشبوو شارەكەی خۆم لە لوتكە ببینم، هەوڵ و كۆششەكانی خۆم بۆ شارەكەم بێت.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو هەموو خزمەتە زۆرەی بۆ وەرزشكارانی كوردستان دەیكات.

 

Top