ئۆتۆمبێلی کارەبایی تورکیا لە ساڵی 2025ەوە دەخرێتە بازاڕەکانی ئەوروپا

ئۆتۆمبێلی کارەبایی تورکیا لە ساڵی 2025ەوە دەخرێتە بازاڕەکانی ئەوروپا

 

وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجیای تورکیا بڵاوکردنەوەی ئۆتۆمبێلی "تۆگ"ی تەواو کارەبایی بۆ بازاڕەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ڕاگەیاند.

محەمەد فاتح کاجیر، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجیای تورکیا، کە سەفەری بۆ برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کردووە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان، ڕایگەیاندووە، تا کۆتایی ئەمساڵ (٢٠٢٣) ٢٠ هەزار ئۆتۆمبێلی تۆگ ڕادەستی کڕیاران دەکرێت و گوتی: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ کۆمپانیا ئۆتۆمبێلی تۆگ هەناردەی بازاڕ دەکات و بۆ یەکێتی ئەوروپا دەست پێدەکات و لە ساڵی ٢٠٢٥دا ئەم ئۆتۆمبێلە لەسەر شەقامەکانی وڵاتانی ئەوروپا دەبینین.

کاجیر جەختی لەوە کردەوە کە تۆگ هەر لە سەرەتاوە وەک ئۆتۆمبێلێکی زیرەک و تەواو کارەبایی دیزاین و دروستکراوە.

لە بەشێکی دیكەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە دیدار و دانوستانی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی چالاک لە بواری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەسەر ئاستی جیهانی، ڕایگەیاند: لە ئایندەیەکی نزیکدا هەواڵی نوێ سەبارەت بە وەبەرهێنانی ئەو کۆمپانیایانە لە تورکیا دەبیستین .

وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجیای تورکیا ڕایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ تێسلا و چەند کۆمپانیایەکی دیکەی نێودەوڵەتی بەردەوامن، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیا چینییەکانیش ئارەزووی زۆریان بۆ وەبەرهێنان لە تورکیا نیشاندەدەن. دەرگاکانی تورکیا لەسەر بنەمای پرەنسیپی بردنەوە بەڕووی هەموو وەبەرهێنەراندا کراوەن.

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: تۆیۆتا هەنگاوی یەکەمیشی ناوە بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی پلاگین هایبرید لە ئەوروپا لە تورکیا. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بەشداریم کرد لە مەراسیمی کردنەوەی هێڵی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی هایبریدی تۆیۆتا لە تورکیا. هەروەها پڕۆسەی دروستکردن و تەواوکردنی کارگەی کۆمپانیای فۆرد بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی لە تورکیا نزیکە لە تەواوبوون.

 

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top