وەرزشی هونەرە جەنگیەكان هەمووی قورسن

وەرزشی هونەرە جەنگیەكان هەمووی قورسن

بەهێز ئیسماعیل پاڵەوانی كوردستان لە یاری بۆكسێنگ

وەرزشی هونەرە جەنگیەكان هەمووی قورسن
یاری بۆكسێنگ هەر چەندە لە ئێستادا لە رێگەی چەند هۆلێكی وەرزشیی لە شارەكانی كوردستان هەوڵی زیندووكردنەوەی ئەم یارییە دەدرێت بۆ ئەوەی بتوانن كێبڕكێ ووڵاتانی جیهانی بكەن، یانەكان تاكو ئێستا هیچ گرنگییەكی ئەو تۆیان بەم یارییە نەداوە، وەكو یارییە كۆمەڵەكان تیپی بۆ دروست بكەن، بەڵام یاریزانان و ئاشقانی ئەم یارییە بەردەوام لە ئامادەكاریدان و لە چەندین ئیڤێنتی نێودەوڵەتی لەسەر ئەركی خۆیان بەشدار بووینە و ئەنجامی گەورەیان بۆ كوردستان بەدەست هێناوە، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی ئەم یارییەش كە بەردەوام گرنگی بەتواناكانی خۆی دەدات دەیەوێت لە داهاتوو وەكو ئەستێرەیەكی كوردی بەشداری كێبڕكێیە نێودەوڵەتییەكان بكات ئەویش یاریزان بەهێز ئیسماعیل-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2002 پارێزگای هەولێر، ناوبراویاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و بۆهەریەك لە یانەكانی هەولێر و بروسك و شەقلاوە یاری كردوە ئێستا بە ناوی هۆڵی بەهێز یاری دەكات، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
* چۆن بوو ئەو بڕیارە بدەیت كە یاری بۆكسێنگ هەڵبژێری؟
- حەز و خولیای خۆم بوو كە ببم بە یاریزانی بۆكسێن، خۆشم هەر لە منداڵییەوە سەیری ئەم یارییەم دەكردو حەزم دەكرد دونیای خۆم لەم یارییە بدۆزمەوە.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە ئەم شەڕ هەمیش ڕكابەری؟
- بەڵێ قورسە، بەڵام وەرزشی هونەرە جەنگیەكان هەمووی قورسن، بەڵام لەگەڵ مەشق كردن و كۆششی بەردەوام یارییەكە بۆت ئاسان دەبێت.
*بۆچی ئەم یارییە لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- لەبەر ئەوەی پشتگیری ماددی نیە بۆ یارییە تاكییەكان، ئێمە وەكو هۆڵی بەهێز هەوڵ دەدەین یاری بۆكسێنگ لە هەولێر بە خەڵك بناسێنین.
*بۆچی بە شێوەیەكی باش پێشوازی لێ نەكراوە لەسەرجەم شارەكان، نموونەی ئەوەش رێژەی یاریزانان زۆر نییە؟
- بەڵێ وایە، چونكە هیچ پشتگیرییەك ناكرێ لەم وەرزشە بۆ ئەوەی خەڵك و لاوانیش بێنە ناو یاری بۆكسێنگ.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی وەرزشكاری زیاتر بۆ نێو ئەم یارییە؟
- هەڵییان بۆ بڕەخسێت و پشتگیری بكرێن هەر وەك یارییە كۆمەڵەكان، ئەمانە دەبنە هۆكاری ئەوەی یاریزان زیاتر ڕوو لەم یارییە بكەن.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-تازە دەیەوێت بەرەوپێش بچێت خەڵكیش زیاتر ئاشنایەتی لەگەڵ یاری بۆكسێن دروست بكات.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو پاڵەوانێك لەم یارییە؟
-هیوادارم بتوانم بگەمە ئاستی یاریزانە پڕۆفیشناڵەكانی جیهانی، هەموو هەولێكیش دەدەم بۆ گەیشتن بەم ئاستە.
*بۆچی بۆ هیچ یانەیەك نابینرێ یاری بكەی؟
- بۆ یانەی هەولێر یاریم كرد بووم بە پاڵەوانی عێراق هیچم بۆ نەكرا، وە دەست خۆشیان لێم نەكرد جارێكی تر بە ناوی هەولێر پلەی سێیەمیشم بەدەستهێنا، بۆیە زیاتر بە ناوی هۆڵەكەی خۆمان یاری دەكەم.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
-پشتگیری نییە و یارییەكی قورسە بۆ یاریزانان.
*خەونی وەرزشیت چیە بۆداهاتوو؟
- لەداهاتوودا بتوانم ببم بە یەكێك لە وەرزشوانە بەهێزەكانی جیهان.
*هەوڵی گەیشتنت بە هەڵبژاردەی عێراق نەداوە كە پێشووتر یاریزانی هەڵبژاردەكە بووی؟
-نەخێر لەبەر كارو بژێوی ژیان ناتوانم، بەڵام تا بتوانم هەوڵ دەدەم كە ئاستم باش و باشتر بكەم.
*یانەكان گرێبەستیان پێشكەش نەكردووی؟
- لە كوردستان تا ئێستا نەخێر، بەڵام لە شاری بەغداد گرێبەستم هەبوو نەمتوانی لە دەرەوەی هەولێر یاری بكەم بۆمن زەحمەت بوو نەچووم.
*ماوەیەك دووركەوتیتەوە لەم وەرزشە ئێستا گەڕایتەوە هۆكاری چی بوو؟
-هۆكاری كارو كاسبی و بژێوی ژیان بوو، سوپاس بۆ خوا ئێستا بەردەوامم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- بەڕاستی گوڵان بۆتە خەمخۆری وەرزشی ناوخۆ و بەردەوام هەوڵی باشی داوە بۆ بەسەركردنەوەی یاریزانان و گەیاندنی كێشەكان، هەمیشە بە پێشەنگی بمێنەوە بۆ خزمەت كردنی وەرزشكاران لە سەرتاسەری كوردستان.

Top