سێ پەرتووكی وەرزشی پڕۆفیسۆر هۆشیار عەبدولرەحمان ناسێندراو پێشكەشكرا

سێ پەرتووكی وەرزشی پڕۆفیسۆر هۆشیار عەبدولرەحمان ناسێندراو پێشكەشكرا

سێ پەرتووكی وەرزشی پڕۆفیسۆر هۆشیار عەبدولرەحمان ناسێندراو پێشكەشكرا
زاگرۆس نانەكەلی
فۆتۆ: جانگیر گەردی
پێش نێوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە رێكەوتی 28-11-2023 لە هۆڵی بەرێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لەهەولێر،بەئامادەبوونی هاوڕێ رواندزی جێگری بەرێوەری گشتی وەرزش و سەڵاح حەسەن خەسرۆ سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و وەرزشوانە دێرینەكان و دەزگاكانی راگەیاندن ومیدیاكارانی وەرزشی ،رێكخروای میتان بۆ پەرپێدانی میدیای وەرزشی و بەهاوكاری بەرێوەبەرایەتی گشتی وەرزش،سێ پەرتووكی وەرزشی پڕۆفیسۆر هۆشیار عەبدولرەحمان لەرێورەسمێكی شایستە ناسێندرا.
سەرەتا هاوڕێ رواندزی جێگری بەرێوەبەری گشتی وەرزش گوتی : پێمان باشبوو بەرێوەبەری گشتی ئامادەبووایە لەم مەراسیمە،بەڵام بەهۆی كەمێك باری تەندروستی نەیتوانی،هەروەها سوپاس بۆ رێكخراوی میتان بۆ پەرەپێدانی میدیای وەرزشی لەگەڵ پڕۆفیسۆر هۆشیار عەبدولرەحمان كەمڕۆ توانیمان هەموو وەرزشوانە دێرینەكان ودەزگاكانی راگەیاندن كۆبكەینەوە،سێ پەرتووكی وەرزشی بەسوودی خۆی بناسێنێت وپێشكەشی ئامادەبوان بكات،پڕۆفیسۆر هۆشیار وەرزشوانێكی دێرین ورۆژنامەنووسێكی چالاك بووە،كتێبخانەی كوردی لەڕووی كتێبی وەرزشی ومیدیای وەرزشی هەژارە،بۆیە ئێمە پاڵپشتی ئەم هەنگاوانە دەكەین ودەستخۆشیان لێدەكەین.
دواتر رێكخراوی میتان باس كاروچالاكییەكانی كرد كە لەماوەی (5)ی دامەزراندنیان (3) چالاكی گرنگیان ئەنجامداوە:-
* بەشداری كردن لە وۆرك شۆپێكی رێكخراوی (ئینترێس) ی ئیتاڵی لەرێكەوتی 27-7-2023.
*كردنەوەی خولێكی میدیای وەرزشی لە سۆران بۆ رۆژانی 16-17/8/2023 كە (32) كوڕ و كچ بەشدارییان كرد.
*ئەمڕۆ 28-11-2023 رێوەرەسمی ناساندن ودابەشكردنی سێ كتابی پڕۆفیسۆر د.هۆشیار عەبدولرەحمان بەهاوكاری بەرێوەبەرایەتی گشتی وەرزش.
* سەرەتای مانگی-12-2023 بەنیازین سمینارێك ئەنجام بدەین بەناونیشانی (دۆزینەوەی مروارییە وونبووەكەی وەرزشی خانمانی كوردستان).
دواتر پڕۆفیسۆر هۆشیار عەبدولرەحمان باسی چۆنیەتی كاركردن وچاپكردن وناوەڕۆكی هەر سێ پەرتووكەكەی بۆ ئامادەبوان كرد و گرنگییەكی زۆری بەناوەرۆكی پەرتووكەكاندا،پاشان ئامادەبووان و بەتایبەتی (سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان، وەرزشوانە دێرینەكان شێردڵ تەحسین وموئەیەد مەغدید وسەید ئەحمەد و كەماڵ عەبدوڵڵا،هەروەها رۆژنامەنووسی وەرزشی سەرهەنگ نەجمەدین گفتوگۆ وپرسیار و رەخنە وپێشنیاری گرنگیان بۆ دەوڵەمەندی پەرتووكەكان و وەرزش ومیدیای وەرزشی كوردی كرد.
بەرلەكۆتایی هاوڕێ رواندزی جێگری بەرێوەبەر چەپكە گوڵی رێز و خۆشەویستی پێشكەشی پڕۆفیسۆر هۆشیار عەبدولرەحمان كرد و لەكۆتایش پەرتووكەكانی بەواژووی خۆی پێشكەشی ئامادەبووان كرد.

Top