فەرهاد محەمەد  ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:   پاراستنی نیعمەتی پێكەوە ژیانی كوردستان لە چەند كورسییەكی كۆتای پێكهاتەكان گرنگترە

فەرهاد محەمەد   ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     پاراستنی نیعمەتی پێكەوە ژیانی كوردستان لە چەند كورسییەكی كۆتای پێكهاتەكان گرنگترە

 

 

فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵانیشە، لە گفتوگۆی ئەم جارەدا (هەڵبژاردن و كۆتای پێكهاتەكان) بەم جۆرە بیروبۆچوونەكانی خۆی خستە ڕوو:

لە دیدارێكی ڕۆژنامەییمدا لەگەڵ مەتران بەشار وەردە پێی گوتم: «ئێمە وەك كەنیسە و پیاوانی ئایینیی كریستیان هەرگیز خۆمان تێكەڵاوی سیاسیەت نەكردووە و لەسەر پرسە سیاسییەكان بێ لایەن بووین، بەڵام كاتێك لە حوزەیرانی ساڵی 2015 پیلانی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو، بۆ ئەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی لە گەرمەی شەڕی دژی داعش لە پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دوور بخرێتەوە، ئێمە وەك كەنیسە و وەك پیاوانی ئایینی كریستیانیش هەڵوێستی خۆمان ڕاگەیاند و گوتمان: ئەگەر ئەم پیلانە سەر بگرێت، ئێمە كوردستان بەجێ دەهێڵین». لە درێژەی قسەكانیدا و سەبارەت بە هاتنی قەداسەتی پاپا بۆ هەولێر و بەڕێوەچوونی نوێژی قەداسەت لە یاریگەی شەهید فرانسۆ هەریری، پێی گوتم: «بەرنامەی ڤاتیكان بۆ بەڕێوەچوونی ئەو نوێژە بەو جۆرە بوو كە لە یەكێك لە كەنیسەكانی عەنكاوە بەڕێوە بچێت، بەڵام ئێمە بۆ ڤاتیكانمان پێشنیار كرد، ئەو نوێژە لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە ناو هەولێر بەڕێوە بچێت، لە كوردستان یەكتری قبووڵكردن هەیە و نوێژی قەداسەتیش بۆ مرۆڤایەتییە نەك تەنیا كریستیانەكان».

ئاماژەكردنم بە قسەكانی مەتران بەشار وەردە، بۆ ئەوەیە بیكەمە دەروازەیەك و هەڵوەستەیەك لەسەر ئەو نیعمەتی پێكەوە ژیانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بكەم كە ئێستا لە كوردستان هەیە. ئەگەر سەیری ئەو كۆنفڕانس و كۆڕبەندە نێودەوڵەتییانە بكەین كە نزیكەی 10 ساڵە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان بەڕێوە دەچن، هەموویان یەكێك لەو هۆكارە سەرەكییانەی بە مەترسی دەزانن بۆ ئاشتی و ئاسایش لە جیهان و، هۆكارێك بۆ پووكانەوەی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی، ئەوەیە كە دیارەدەی فرەكەلتووری «Multiculturalism» و یەكتری قبووڵكردن نەك تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو لە دەوڵەتانی ڕۆژئاواشدا لە بەردەم مەترسییەكی گەورەیەدا و خەریكە لە ناو خودی دەوڵەتانی ڕۆژئاواشدا هزرێكی توندڕۆیی پۆپۆلیزمی چەپ و ڕاست هەڵدەكشێت و، هەموو بنەماكانی فرەكەلتووری دەسڕێتەوە و بەرەو دیاردەیەكمان دەبات، وەك ئەوەی بەهاكانی ڕۆژئاوا لە ناو ڕۆژئاوا كۆتاییان هاتبێت، كە ئەوان بەم زاراوەیە تەعیبیری لێ دەكەن و پێی دەڵێن: «Westlessness».

ئەم نیعمەتی پێكەوە ژیانە لە هەموو ژینگەیەكدا دروست نابێت، ئەمە یەكێكە لە سیما جوانەكانی فیكر و عەقیدەی بارزان، كە مرۆڤبوون و خوداپەرستی و خوداناسی و نیشتمانپەروەریی بە كردەیی لە ناو یەك بازنەدا بەرجەستە دەكات و، پرسەكەش تەنیا قبووڵكردنی بەرانبەر نییە، بەڵكو پاراستنی و بەرگریكردنە لە بەرانبەریش، بۆ ئەوەی جیاوازییەكان هەر بە زیندوویی بمێننەوە، ئەمەش وەك چۆن شێخ ئەحمەد بارزانی لە سەدەی ڕابردوو هێزێكی گەورەی نارد بۆ بەرگریكردن لە ئەرمەنەكان و لە ئاكامدا 14 پێشمەرگەی بارزانی بۆ بەرگریكردن لە ئەرمەنەكان شەهید بوون، هەمان فیكر و عەقیدە لە سەدەی 21 و لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی دیسان هەمان سەروەریی دووبارە كردەوە و، بینیمان چۆن دوای شەهیدبوونی سەدان پێشمەرگە بۆ بەرگریكردن لە كریستیانەكان، پێشمەرگەیەكی قارەمان بە دەستی خۆی سەلیبەكەی لەسەر یەكێك لە كەنیسەكانی دەشتی نەینەوا دانایەوە.

لەم ئاراستەوە جێگەی داخە كە ئێمە لەم هۆڵەدا باس لەوە دەكەین، ئایا پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان شایستەی ئەوەن كورسیی كۆتایان هەبێت، یان باسی ئەوە دەكەین یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی دواكەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كێشەی كۆتای پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانە، كە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەسەری ڕێك نەكەوتوون.

پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا لایەنە سیاسییەكانی كوردستان چ پەیوەندییەكیان بە كورسیی كۆتای پێكهاتەكانەوە هەیە؟ ئایا مەبەستیان ئەوەیە لاسەنگیی سیاسی بە كورسیی كۆتاكان ڕاست بكەنەوە، یان بیكەنە بیانوویەك بۆ ئەوەی ژینگەیەك دروست ببێت، تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زیاتر دوا بكەوێت و، هەرێمی كوردستانیش زیاتر لەم بۆشاییە سیاسی و دەستوورییەدا بمێنێتەوە؟

لەم گفتوگۆیەدا بەرپرسانی بەشی هەڵبژاردنی (بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەتایبەتی كە ئاماژەشی بەوە كرد، هەڵوێستی كۆمەڵی دادگەرییش لە پرسی كۆتای پێكهاتەكان وەك هەڵوێستی گۆڕان و یەكگرتووە، ڕێگەیەكی دووریان بۆ كورت كردینەوە، بەوەی كێشەی كۆتای پێكهاتەكان بە پلەی یەكەم لە نێوان (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)ـە، لەمەشیاندا خۆشبەختانە وتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆبوونەوەی بەشەكانی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەكان، هەڵوێستی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی پێ ڕاگەیاندین و گوتی: «سەرۆك مەسعود بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەشی هەڵبژاردن، فەرمانی پێ كردووین، بە هیچ شێوەیەك دەست لە كاروباری پێكهاتەكان وەرنەدەن و، ئەوان خۆیان بڕیار دەدەن و هەر بڕیارێك دەدەن ئازادن، هەتا ئەگەر ئەو بڕیارە دژی بەرژەوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بێت، ئێوە دەبێت ڕێزی لێ بگرن و پشتیوانی لێ بكەن»، لەمەش زیاتر گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردن پێی گوتین: «هەموو ئەو داواكارییانەی لایەنە سیاسییەكان داوای دەكەن، وەك جیاكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، دانانی سندووقی جیاواز، دەنگ نەدان بە پێكهاتەكان لە دەنگدانی تایبەت، ئێمە هەموو ئەمانە قبووڵ دەكەین، ئەگەر بڕیاری سەربەخۆی پێكهاتەكانی كوردستان بێت».

لە كۆی ئەم گفتوگۆیەدا ئەو سەرنجە دروست بوو، كە باشە ئەگەر بە پلەی یەكەم ئەم كێشەیە لە نێوان پارتی و یەكێتییە و، گازندەی ئەوە دەكەن كە پارتی لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا دەنگ بە كاندیدی پێكهاتەكان دەدات، پرسیار لێرەدا ئەوەیە خۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هێندەی پارتی دەنگدەری لە پرۆسەی (دەنگدانی تایبەت)دا هەیە، بۆ ئەویش دەنگ بەو كاندیدانەی پێكهاتەكان نادات كە خۆی دەیەوێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەگەرچی بیانووی جۆراوجۆری بۆ دروست دەكرێت و، كەمن ئەوانەی ڕاستییەكە وەك خۆی دەبینن، یان دەریدەبڕن، ئەویش ئەوەیە هۆكاری نزیكی و هاوپەیمانیی كۆتای پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستانە و پرسەكە ئەوە نییە پارتی دەنگیان پێ دەدات و بۆ بەرژوەندیی خۆی سوودیان لێ وەردەگرێت، بەڵكو لە بنەڕەتدا پرسەكە ئەوەیە نزیكی و هاوپەیمانیی پێكهاتە جیاوازەكان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ لۆژیكی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە، كە درێژەپێدەری فیكر و عەقیدەی بارزانە و، پێكهاتەكان لە ژێر چەتری ئەو فیكر و عەقیدەیەدا نەبێت، هەست بە ئەمان ناكەن، واتە پرسەكە زۆر لەوە گەورەتر سەیر دەكەن، كە ئەم پرسە تەنیا پرسی یەكتری قبووڵكردن نییە، بەڵكو پاراستن و بەرگریكردنیشە لەو پێكەوە ژیانە ئاشتییانەیەی كە ئێستا لەژێر سایەی سەرۆك بارزانیدا لە ناو پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستاندا هەیە.

 

Top