بەهیوای ئەوەم بە ئەنجامی پاڵەوانێتی ئاسیا بگەم

بەهیوای ئەوەم بە ئەنجامی پاڵەوانێتی ئاسیا بگەم

دێرین بەختیار یاریزانی گۆرەپان و مەیدانی یانەی سیروانی نوێ

بەهیوای ئەوەم بە ئەنجامی پاڵەوانێتی ئاسیا بگەم
پارێزگای سلێمانی خاوەنی چەندین یانەی بەهێزە لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لە پاڵەوانێتیەكانی عێراقی و كوردستان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بە دەستهێنانی ئەنجامی شایستە، كچانی یانەی سیروانی نوێش یەكێك لەم تیپانەیە كە بەردەوام خاوەن پێگەی خۆی بووە لە ناو یانەكانی كوردستان وعێراق و یاریزانانی یانەكەش بە ئەنجامە باشەكانیان هەڵبژاردەی عێراقیان داگیركردووە لە یارییە جۆراوجۆرەكان، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی یانەكەش دێرین بەختیار-ە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق ئەو لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لەڕاكردنی 100مەتری و یەك بازی بەشدارە و خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە ناوبراو لە دایك بووی ساڵی 2005ی شاری سلێمانیە ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێ‌ كرد ئەوەیش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:كارزان كانەبی
*هاتنت بۆ نێو دونیای وەرزش چۆن بوو؟
- لە رێگەی فیستیڤاڵی قوتابخانەكانەوە تێكەڵ بە وەرزش بووم.
*بۆچی یاری گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد؟
-لە بەر ئەوەی یارییەكی تاكە و حەز و خولیام زیاتر بوو بۆ یارییە تاكەكان.
*هەست ناكەی یاری گۆڕەپان ومەیدان قورسە بۆ ئافرەتان؟
-نەخێر قورس نییە، چونكە حەزێكی زۆرم هەیە بۆ یارییەكە بۆیە هەست ناكەم قورس بێت.
* ئاستی یاری گۆڕەپان ومەیدان چۆن دەبینی لە ئاستی كوردستان ؟
-خەم ساردییەكی زۆر هەیە.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان ؟
-گرنگترین شت دابین كردنی یاریگای تایبەت بەم یارییە بۆ ئەوەی ئاستەكەی بچێتە پێشەوە.
* خەونی تۆ لە یاری گۆڕەپان و مەیدان چیە؟
-بەدەستهێنانی مەدالیا لە پاڵەوانێتی ووڵاتانی ئاسیا.
*چۆن بوو یانەی سیروانی نوێت هەڵبژارد؟
-یانەی سیروانی نوێ یانەیەكی بەخزمەتە بۆ یاریزانانی.
* پەیامت چیە بۆ ئەو كچانەی لە وەرزش دوورن ؟
-بە هیوای ئەوەم كردنەوەیەكی فێرگەیەك ببێتە هۆكار بۆ ئەوەی ئەوانیش لەم رێگایەوە بێنە ناو وەرزش.
*جگە لە یاری گۆڕەپان و مەیدان چ یارییەكی تر ئەنجام دەدەی؟
- نەخێر هیچ یانەیەك ئەنجام نادەم جگە لە یاری گۆڕەپان و مەیدان.
* هیواو ئاواتت وەكوكچە وەرزشوانێك ؟
-بەهیوای ئەوەم بە ئەنجامی پاڵەوانێتی ئاسیا بگەم و ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەم.
*لە ئەنجامەكانت ڕازی وەكو یاریزان ؟
-بەڵێ ڕازیم و ئەنجامەكانم وەكو پێویستە .
*هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش نەكردووی؟
-بەلێ گرێبەستم هەبووە لە یانەیەكی سعودی، بەڵام تا ئێستا هەر لە یانەی سیروانی نوێم.
*بۆچی یانەكان گرنگی بە یاری گۆڕەپان ومەیدان نادەن ؟
-چونكە زیاتر گرنگی بە یاری تۆپی پێی دەدەن.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو خزمەتە بەردەوامەی بۆ وەرزشی ناوەخۆ.

 

Top