خانمانی كەركووك گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەكەیان بە دەستكەوتێكی مەزن دەزانن

خانمانی كەركووك گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەكەیان بە دەستكەوتێكی مەزن دەزانن

 

بە درێژایی مێژوو پرسی كەركووك یەكێك بووە لە پرسە هەرە گرنگەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و بەتایبەت گەلی كورد. بەپێی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك دەركەوتووە كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان، هەمیشە هەوڵ بۆ چارەسـەركردنی ڕیشەیی پرسی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەدات، ئەم ڕاستییەش لە هەڵوێست و پێداگرییەكانی پارتی و سازشنەكردنی لە مافە دەستوورییەكانی كوردستان و سازشنەكردنی لە كوردستانیبوونی كەركووك بەرجەستەیە، ئەمڕۆش دوای زیاتر لە شەش ساڵ هێزی پارتی دیموكراتی كوردستان گەڕایەوە بۆ كەركووك. لەم ڕوانگەیەوە خانمانی كەركووك لەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان، بۆچوونی تایبەتیان بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ دڵی كوردستان دەخەنە ڕوو.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

زەینەب ڕزگار كارگێڕی لقی قوتابیانی كەركووك، سەرەتا باسی گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركووك، بە «دووبارە ژیانەوەی كەركووك» لە قەڵەم دەدات و هاوكات دەڵێت: «وەك ئاشكرایە لە ٢٠٢٣/١١/٢٦ پارتی خۆنەچەمێنەكانی سەربەرزان و شكۆدارەكانیان بە ئاڵای پیرۆزی كوردستانەوە بۆ شاری كەركووكی دڵی كوردستان دەربڕی، بۆیە لەلایەن خەڵكی بەشەرەف و سەربەرزی كەركووكەوە پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا، چونكە خەڵكی كەركووك دەزانن، تەنیا پارتی خەمخۆری ڕاستەقینەیە و وەك لە زاری خۆیانەوە دەڵێن: كورد بۆ شارەكە گەڕایەوە».

زەینەب ڕزگار جەخت لەوە دەكاتەوە كە «لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوو لای هەمووان ئاشكرا بووە، كە خەڵكی ڕەسەنی كەركووك واتا كوردی كەركووك زۆرترین تەعریب و ناهەقی و دژواری و ئاستەنگ دروستكردنی لەلایەن عەرەبی شۆڤێنیی هاوردەكراو بینی، لەلایەن پارێزگارێكی سەپێندراو كە ناسنامەی دیار نەبوو، كێیە و چییە، هەر لە دروستكردنی بازگە و شەڕفرۆشتن بە گەنجەكانمان و ئازاردانیان بە ناحەق و ئازاردانی ڕۆحی هەر تاكێكی كورد بە سووكایەتیكردن بە موقەدەساتەكانمان و خواردنی مافی جووتیاران و داگیركردنی زەوی و زاریان و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی خوێندن بە زمانی شیرینی كوردی بە یەكجاری، ئەوەشی مافی گەنجەكانمان بووە بۆ دامەزراندن، لێمان زەوت كراوە».

زەینەب ڕزگار، پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە «پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەرنامە و كاری تۆكمەوە دووبارە گەڕایەوە بۆ كەركووك بۆ كۆتاییهێنان بە ژێردەستەیی و تەعریب و ناهەقییەكان كە بەرانبەر بە كورد دەكرێت». هاوكات دەڵێت: «هیچ كەس ناتوانێت دووبارە ڕێگە لە ئازادیی هەر تاكێكی كورد بگرێت، ئەوەی مافی خۆمانە وەردەگیرێتەوە و هەر خاوەن مافێك، مافی خۆی پێ دەدرێتەوە، لە هەر چین و توێژێك و هەر دامودەزگایەك كە پشكی كورد بووە و مافی خۆمان بووە و لێمان زەوت كراوە».

ئەو كارگێڕەی لقی قوتابیانی كەركووك، گوتیشی: «بە دڵنیاییەوە دووبارە بە هاتنەوەی پارتی كۆتایی بەم عەسكەرتاریەتە و دەسەڵاتی هیتلەرییانە دەهێندرێت و، بە هەمووانەوە دەڵێین: وەك سەرۆك بارزانی فەرمووی ناسنامەی كەركووك قسەی لەسەر ناكرێت و كەركووك شارێكی كوردستانییە.

پەیمان تەها ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بەداخەوە لە غیابی هێزی پارتی دیموكراتی كوردستان، بارودۆخی ئێستای كەركــووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، توندوتیــژی و ناســەقامگیری تێیدا زاڵــە، ئەمەش بووەتە بە ڕێگەخۆشكەر بـۆ ئاڵۆزكردنـی زیاتری دۆخەكە و ململانێی لایەنە سیاسی و پێكهاتە جیاجیاكانی ناوچەكە لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەكانەوە. بێگومان سەركەوتنی پارتی و گەڕانەوەی بۆ كەركووك، نەك هەر سەنگ و پێگەی كەركووكییەكان بەهێز دەكات، بەڵكو خەونی نەیارانی كەركووك و كەركووكییەكان دەخاتە ژێر گڵ، كە چەندین ساڵە هەوڵی سڕینەوەی مۆڕكی كوردستانیبوون و پێكەوەژیان و دروستكردنی پەرتەوازەیی دەدەن .» گوتیشی: «لە ماوەی ڕابردوودا كەركووكییەكان هەر هەموومان شاهیدی ئەوە بووین، كە ڕووداوەكانی دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر چەندە بۆ هەموو پێكهاتەكان كە لە كەركووك بیزاركەر بوون، بۆیە ئەوە ڕوونە كە گەرانەوەی پارتی، واتە بوونی ئاڵای كوردستان و سەقامگیری و ئارامیی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە سنوورەكە و هەروەها دەرفەتێكی باشە بۆ دەستپێكردنەوەی خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵك بەگشتی و ڕزگاربوونی كورد لە تەعریبكردن و ڕاگواستنیان بەتایبەتی».

هەرێز جەبار كەركووكی، بەرپرسی ئافرەتانی كەركووك، ڕای وایە: «مێژوو ئەوەی نووسیوەتەوە كە پارتی هێزێكە هەرگیز ڕێگە بەخۆسەپاندن نادات و لەبەر هیچ هێز و زوڵمێك خۆی ناچەمێنێت». هاوكات دەڵێت: «نزیكەی حەوت ساڵە كەركووك شارێكی بێناز بووە و، هەر چۆنێك ویستبێتیان ئاوا لەم شارە كوردستانییەدا ئازاری كوردیان داوە، بەڵام بە گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك نەیارانی كورد چیتر ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان چۆنیان بوێت، ئاوا خواستەكانیان دروێنە بكەن، بێگومان گەڕانەوەی پارتی بووەتە هێز و ورەیەك بۆ كوردانی كەركووك و لایەنە كوردییەكانی دیكەش، دەستكەوتەكانی گەڕانەوەی پارتی زۆرن، یەك لەوانە باڵانسی هێزی سیاسیی كورد بەرانبەر بە نەتەوەكانی دیكە لە كەركووك لاسەنگ بوو، بە گەڕانەوەی پارتی ئەو لاسەنگییە ڕاست بووەتەوە، چونكە پارتی خاوەنی بڕیاری سیاسی و خاوەنی مەبدەئێكی كوردایەتیی بەهێزە و جەماوەرێكی بەهێزی كوردپەروەری هەیە، لە ناوەندەكانی بڕیاری لە عێراقدا ڕۆڵ و پێگەی پارتی زۆر بەهێزتر دەبێت. بڕوام وایە بە گەڕانەوەی پارتی كێشەی زەویی جووتیاران چارەسەر بكرێت و پارتی ڕێگری لەو تەعریبە نوێیە دەكات، ماددەی 140دەستووری عێراق بەرەو پێش دەبات و بە عەسكەرتارێتی كەركووك كۆتایی دێت». گوتیشی: «بڕوام وایە پارتی دووبارە بەڕێوەبەری دامودەزگا خزمەتگوزارییەكان و پۆلیس و لایەنی ئەمنی دادەڕێژرێت و پشكی كورد زیاتر دەبێت، بەم جۆرەش ئەو سیاسەتە چەوت و خۆسەپاندنەی پارێزگاری خۆسەپێنی كەركووك كۆتایی دێت، چونكە لە ڕابردوودا پارتی سازشی لەسەر هیچ مافێكی نەتەوەی كورد لەم شارە نەكردووە، بۆیە بە گەشبینییەوە دەڕوانینە گەڕانەوەی پارتی و ئایندەی كەركووك».

هەر سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركووك، ئەسرین عاسی شوانی چالاكی مەدەنی لە دەستپێكی قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات: «پارێزگای كەركووك و دەوروبەری دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر كەوتە ژێر ركێفی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی فیدڕاڵ، كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و لەدەستدانی دەسەڵاتی هێزە كوردستانییەكانیش لە شارەكەدا وای كردووە جگە لە دووبارەكردنەوەی تەعریب و هاوردەكردنی عەرەب بۆ شارەكە، نیگەرانی زۆریشی لای كەركووكییەكان بەدوای خۆیدا هێنا».

هاوكات گوتی: «ئەمڕۆش گەڕانەوەی حزبێكی خاوەن ئەزموون و پێگە بۆ كەركووك، نەك تەنیا دەستكەوتی بۆ كەركووكییەكان دەبێت، بەڵكو بۆ هەموو كورد دەستكەوتێكی گەورەیە، بە گەڕانەوەی هێزی پارتی بۆ شارەكە كەركووكییەكان و كوردانی ناوچە كوردستانییەكانی تریش بە ئومێدەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ناوچەكانیان دەكەن، چونكە بە گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركووك هەزاران خێزانی ئاوارە بە ئازادانە بۆ زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە.

بە هۆی حوكمی سەربازی و دۆخی داگیركاری لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بەهۆی ئەو نائارامی و بۆشاییە ئەمنییەی كە هەیە، كورد لەبەردەم هەلومەرجێكی قوڕسدایە، بەڵام دانیشتووانی ڕەسەنی كەركووك بێگومانن لەوەی بە گەڕانەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و سیمای كوردستانیبوون دەگەڕێتەوە بۆ كەركووك و ناوچەكانی دیكە.»،

ئەو پێیوایە پارتی دەبێت زیاتر و بەرفراوانتر بوون و تەواجودی لە كەركووك هەبێت و لەمبارەیەوە دەڵێت: «بوونی پارتی ورە و هێز و بڕوا بۆ كەركووكییەكان دەگەڕێنێتەوە، بەتایبەت بۆ دانیشتووانی ڕەسەنی كەركووك. هەر وەك بینیمان لە گەڕانەوەی بارەگای لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركووك چ جۆش و خرۆشێك كەوتە شەقامی كەركووكەوە، خەڵكی بە متمانەوە پێشوازییان لە گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك كرد، ئێستاش دەبینین ڕۆژانە چەندین كادر و ئەندام و لایەنگرانی حزبەكان پەیوەندی بە پارتییەوە دەكەن، لەبەر ئەوەی خەڵكی كەركووك بەو ڕاستییە گەیشتوون كە هەر پارتییە لە خەمی گەورەی خەڵكی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان دایە، هەر وەك چۆن لە ڕابردوودا لە گفتوگۆكانیدا مساوەمەی لەسەر كوردستانی بوونی كەركووك نەدەكرد، بەهەمان نەفەس پارتی لەسەر هەمان بیروباوەڕی سەرۆك مەلا مستەفا بارزانی نەمر كەركووك بە دڵی كوردستان ئەژمار دەكات، بۆیە گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك گەڕانەوەی شكۆی كوردە چونكە كەركووك بێ پارتی جەستەیەكی نەخۆش و شەكەت و بریندارە، پەیوەندی كردنی جەماوەری كەركووك و هەوادارانی حزبەكان ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە بوونی پارتی بۆ كەركووك و گەڕانەوەی شكۆی كەركووكییەكان چەند گرنگە.»

كەركووك لە دوای 18 ساڵ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات، كە بڕیارە لە 18ـی كانوونی یەكەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەبچێت، لەوەتەی عێراقی فیدڕاڵی دامەزراوە، لە كەركووك تەنیا یەك جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بەڕێوەچووە، ئەویش لە ساڵی 2005 بوو، كە تێیدا كورد زۆرینەی كورسییەكانی مسۆگەر كرد و، بۆ یەكەم جار بە شێوەیەكی یاسایی ئیدارەی پارێزگاكەی بە دەستەوە گرت.

 

خانمانی كەركووك گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەكەیان بە دەستكەوتێكی مەزن دەزانن
خانمانی كەركووك گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەكەیان بە دەستكەوتێكی مەزن دەزانن
خانمانی كەركووك گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەكەیان بە دەستكەوتێكی مەزن دەزانن
خانمانی كەركووك گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەكەیان بە دەستكەوتێكی مەزن دەزانن
خانمانی كەركووك گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەكەیان بە دەستكەوتێكی مەزن دەزانن
Top