تابان حەسیب: هەوڵ دەدەم وەكو ڕاوێژكارێك لە بواری چێشتلێنەریدا كارا بم و دەستی هەموو ئەو ئافرەتانە بگرم كە لە كارەكەیاندا لێهاتوون

تابان حەسیب:  هەوڵ دەدەم وەكو ڕاوێژكارێك لە بواری چێشتلێنەریدا كارا بم و دەستی هەموو ئەو ئافرەتانە بگرم كە لە كارەكەیاندا لێهاتوون

 

 

تابان حەسیب، خانمە چێشتلێنەرێكی بەتوانای شاری سلێمانییە، خاوەنی پەیجی (taban food)ـە و بە شێوەی ئۆنڵاین كاردەكات و بە پێی داواكاریی كڕیارەكان خواردن ئامادە دەكات و بە ڕێگەی دلیڤەری بۆیان دەنێرێت، وێڕای ئەوەی دایكە و پەروەردەكردنی دوو منداڵی چاوگەشی لە ئەستۆدایە، هاوكات كاری ڕیكلام دەكات و لە پەیجی سۆشیال میدیا و لە تەلەفزیۆن بەرنامەی فێركاری ئامادەكردنی خواردنی هەیە. لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لە هەنگاوەكانی كاركردنی بۆ خوێنەران دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

تابان حەسیب دانیشتووی شاری سلێمانییە و لەدایكبووی ساڵی 1991 ـە و دەرچووی زانكۆی سلێمانی و ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆییە، وەك خۆی باسی دەكات دوای تەواوكردنی خوێندن و سوودمەندنەبوونی لە هەلی دامەزراندن لە كەرتی حكوومی دەستی بە كارەكەی كردووە، بەمجۆرەش باسی چۆنیەتی تێكەڵبوونی بە بازاڕی كار دەكات: «ماوەی سێ ساڵە دەستم بە كاری چێشتلێنەری وەك شێف كردووە، بە شێوەی ئۆنلاین كاردەكەم و بەپێی داواكاری كڕیارەكان خواردنەكانم ئامادە دەكەم و بە شێوەی دلیڤەری بۆیان دەنێرم، هاوكات كاری ڕیكلام دەكەم و لە پەیجی سۆشیال میدیا و لە تەلەفزیۆن بەرنامەی فێركاریی ئامادەكردنی خواردنم هەیە، بە پێشكەشكردنی زنجیرە بەرنامەیەكی فێركاری خواردنی تەندروست بۆ خانمان كە لە ئێستادا لە یەكێك لە كەناڵە تەلەفزیۆنییەكان پەخش دەكرێت، هەروەها ڕیكلام بۆ ناساندنی خواردنگە و ڕێستۆرانتەكانی شاری سلێمانی و دەوروبەری دەكەم و بەردەوامیشم، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لەگەڵ ستافەكەم بەشداری زۆرێك لە فیستیڤاڵەكان دەكەین، ئەویش هەم بۆ ناساندنی خۆمان هەمیش بۆ ناساندنی خواردنە كوردەوارییەكان بەگشتی».

دەربارەی هۆكاری كاركردنی وەكو شێف تابان حەسیب دەڵێت: «دانەمەزراندنم هانیدام بۆ دەستخستنی بژێویی ژیان بیر لە كارێكی سەربەخۆ بكەمەوە، بە هۆی قورسی و گرانبوونی ژیانكردن و زۆریی پێداویستیی ڕۆژانەی خێزانەوە، لێرەوە پێویست دەكات ئافرەتیش شان بە شانی پیاوان كار بكەن، وێڕای ئەركە قورسەكەی ئافرەتان لە پەروەردەكردنی منداڵ و بەڕێوەبردنی خێزان و بەرپرسیارێتی ژیان، دەبێت ئافرەت بیر لەوەش بكاتەوە كە ئەركێكی دیكە بۆ خودی خۆی زیاد بكات و لە پاڵ هاوژینەكەیدا لە پەیداكردنی بژێوی ژیان هاوكار بێت، چونكە ژیان لە ئێستادا وەكو جاران سادە نییە كە بە مووچەیەكی كەم، یان بە كرێكارییەك بژی.»

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا كاركردنی خانمان لە بارودۆخی ئێستا لە چ ئاستێكدا دەبینێت و ئایا زەروورە ئافرەتیش خاوەنی كاری خۆی بێت؟ گوتی: «لەم سەردەمەی ئێستادا كاركردنی خانمان زۆر بە پێویست دەزانم، بە پێویستی دەزانم هەر خاتوونێك بیرۆكە و بەهرەیەك و لێهاتووییەك لە خۆیدا بدۆزێتەوە و دەست بە كار بكات، دیارە هیچ كارێكیش بی زەحمەتی و ناڕەحەتی نابێت، پێویستە ماندووبوون بچێژین، تاوەكو بگەینە لووتكەی سەركەوتن، بۆیە بۆ دەستپێكردن هیچ كات درەنگ نییە، ڕۆژێك دێت ئەو بیرۆكەیە گەورە دەبێت و دەبیت بە خاوەن داهاتی خۆت و چەند كەسێكیش لەگەڵ خۆت دەحەسێنیتەوە».

تابان حەسیب، لەبارەی خەون و خولیای بۆ داهاتوو دەڵێت: «خەونی ئەوەم هەیە پڕۆژەكەم گەورەتر بكەم و شوێنێكی تایبەت بە خۆم بكەمەوە، هاوكات هەلی كاركردن بۆ كۆمەڵێك خاتوون بڕەخسێنم، هەوڵ دەدەم وەكو ڕاوێژكارێك لە بواری چێشتلێنەریدا كارا بم، تاوەكو بتوانم دەستی هەموو ئەو ئافرەتانە بگرم، كە خاوەنی لێهاتووییەكی باشن، بە واتایەكی دیكە زۆر خاتوون هەن خاوەن بیرۆكەن، بەڵام نازانن چۆن و لە كوێوە دەستپێبكەن، من بەپێی توانا هاوكاریان دەبم و ڕێێنماییان دەكەم كە چۆن هەنگاوەكان هەڵبگرن».

 

Top