گوڵستان محەمەد: ڕاستە لە دەستپێكدا كەوتن هەیە، بەڵام بەردەوامبوون كلیلی سەركەوتنەكانمانە

گوڵستان محەمەد:  ڕاستە لە دەستپێكدا كەوتن هەیە، بەڵام بەردەوامبوون كلیلی سەركەوتنەكانمانە

 

 

گوڵستان محەمەد، خاتوونێكی دەستڕەنگین و بەسەلیقەیە، وێڕای ئەوەی بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە كۆمەڵناسی هەیە و هاوكات دایكی سێ منداڵیشە، بەڵام وەك خۆی باسی دەكات، هەر لە منداڵییەوە هۆگری كارە دەستییەكان بووە و دواجار لە ماڵەكەی خۆیدا بەهرەكانی دەخاتەڕوو و لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و بە ڕێگەی ئۆنڵاین كارە دەستییەكانی بە بازاڕ دەكات. لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، بەمجۆرە باس لە كارەكەی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 گوڵستان محەمەد، ساڵی 1992 شارۆچكەی ڕانیە لەدایك بووە و دانیشتووی شاری سلێمانییە، هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە كۆمەڵناسی و توێژەری كۆمەڵایەتییە، بەڵام وەك خۆی باسی كرد، تاوەكو ئەمڕۆ هەلی دامەزراندن و كاركردنی لە كەرتی گشتی بۆ نەڕەخساوە، سەرەتا بەشێوەی گرێبەست لە چەند شوێنێك كاری كردووە و دواتر برەوی بە كارە دەستییەكانی خۆی داوە و لە ڕێگەی پەیجی «گوڵستان ڕایزن» بەرهەمە دەستكردەكانی بەبازاڕ دەكات. هەر لە بارەی كارەكەیەوە دەڵێت: «سەرەتا بە شێوەی گرێبەست لە خانەی بێسەرپەرشتان وەكو توێژەر و لە دایەنگەیەك وەكو بەڕێوەبەر كارم كردووە، بەڵام ماوەی ساڵ و نیوێكە سەرقاڵی كاری دەستیم و لە بوارەكانی ڕایزن و ئیپۆكس و سیرامیك و مۆم كار دەكەم».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا سەرەتای كاركردنی تا چەند زەحمەت بووە و كێ هاوكار و پشتگیری بووە؟ گوتی: «سەرەتای دەستپێكردنی ئەو كارەم زۆر زۆر قورس بوو، ئیبۆكس كارێكی زۆر تازەیە لە كوردستاندا و كارێكی وردە، بەڵام كە مرۆڤ ئامانجێكی هەبێت و بۆ ئەوەی پێی بگات، كار لەسەر بەدەستهێنانی دەكات، ڕاستە لە دەستپێكدا كەوتن هەیە و زەحمەتی زۆر دێتە ڕێگەت، بەڵام كۆڵنەدان و بەردەوامبوون كلیلی سەركەوتنەكانمانە.

هەموو ئافرەتێك پێویستی بە پاڵپشتیی خێزانەكەیەتی، منیش هەر لە سەرەتاوە خێزانەكەم زۆر پاڵپشت و هاندەرم بوون و ئەوان منیان دروست كرد، لێرەوە زۆر سوپاسی دایك و باوكم و هاوسەر و خوشك و براكانم دەكەم، بەتایبەت هەڵوێستی برام، وەكو شاخێكە لە پشتم، لەبەر ئەوە لە هەنگاونانم بۆ پێشەوە، لە كەوتن نەدەترسام و دەمزانی كەسێك هەیە ڕێگە لە كەوتنم دەگرێت و لە خراپترین كەوتنیشدا دەستم دەگرێت و هەڵمدەسێنێتەوە».

كاتێك پرسیار كرا: وەكو خانمێك كە كاردەكەیت لە هەمان كاتدا دایكیت، ئایا هێز و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی زەحمەتییەكانت چۆن بەدەست هێناوە؟

گوڵستان محەمەد دەڵێت: «چونكە حەز و ئارەزوویەكی زۆرم بۆ كاركردن هەیە و هەر لە تەمەنی منداڵیشمەوە زۆر حەزم بۆ كاری دەستی بە گشتی هەبوو، ئەگەرچی دوور بووە لەو بوارەی كە تێیدا خوێندوومە، هەر ئەوەش وای كردووە، سەرەڕای ئەو هیلاكی و ماندووبوونەی ژیان لەو كارەم دانەبڕێم، جاری وا هەبووە سەعات دووی شەو بیرۆكەم بۆ هاتووە و لەسەر كاغەز كێشاومە بۆ ئەوەی بەیانی كە هەستام كاری لەسەر بكەم و مۆدێلەكەم لەبیر نەچێت، ئەگەر بیست و چوار كاتژمێرەكە كار لەسەر بەهرەكەم بكەم، هیچ بێزار نابم، سەرەڕای ئەوەی كە دایكی سێ منداڵم».

سەبارەت بە كاركردنی ئافرەتانیش لەم سەردەمەدا گوتی: «هەموو تاكێكی كۆمەڵگە پێویستە لەسەر پێیەكانی خۆی بوەستێت، دەكرێت مرۆڤ ئەو حەز و خولیا و ئارەزووەی كە لە بەهرەكەیدا هەیەتی بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان بیخاتەگەڕ».

سەبارەت بە ئامانجیشی بۆ داهاتووی كارەكەی گوتی: «ئەگەر لە ڕووی ماددییەوە بۆم بگونجێت، حەز دەكەم شوێنێكی گەورەم هەبێت، چونكە ئێستا لەناو ماڵەكەی خۆمدا لە شوێنێكی زۆر بچووك كارەكانم ئەنجام دەدەم، ئەگەر خوای گەورە ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێنێت، ئەوكات دەتوانم كۆمەڵێك خانمی دیكە بهێنمە ناو بازاڕی كار و سەرمایەداری لە بواری كاری دەستیدا، ئەوەش گەورەترین ئامانجی منە كە هەوڵی بۆ دەدەم.

Top