نیشتمان شوێن گرەوەی نییە

نیشتمان شوێن گرەوەی نییە

(ونستۆن تشرشەل) سەرۆكی پێشووتری بەریتانیا دەڵێ" نیشتمان دارێكی باش و شیرینە گەشە ناكات تەنها لە خاكێك قوربانی بۆ درا بێت وە ئاو درابێت بە خوێن و ئارەقە".
نیشتمان گران بەهاترین و بەنرخترینە لای مرۆڤ كە بەهیچ وشە و ڕستە و دەستەواژە و وەسف كردنێك پێناسە ناكرێ، مرۆڤ لە ژیانیدا لەوانەیە بتوانێ دەستبەرداری زۆر شت ببێ، بەڵام هەرگیز ناتوانێ دەستبەرداری بستێك لە خاكی نیشتمان و مشتێك لە خۆڵەكەی بێت، ئەو نیشتمانەی لێی لە دایك بووین و گەورە بووین لەگەڵی ژیاین و تاڵی و سوێری و شیرینیمان لەگەڵی چێشتووە، لەگەڵ خێرو بێر و هەوراز و نشێو و خۆشی و ناخۆشی و ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو هەمووی بەهاوبەشی بووە لەگەڵ خۆمان و خێزان و ئازیزان و خۆشەویستان و كەسوكار و هیوا و ئاواتەكان و خۆزگە و حەسرەت و بەختەوەری و فرمێسك و بزە هەمووی لەگەڵ نیشتمان تێكەڵی یەك بووە.
نیشتمان بۆ سالێك و دووان نییە، لە هەموو چركە و ساتێك لەگەڵی هەناسە دەدەین و دەژین، نیشتمان و خاك ناسنامەی باب و باپیرانمانە و ناسنامە و پێناسەی بوونی خۆمانە و دووربین یان نزیك، نیشتمان ڕاسپاردە و ئەمانەتی پیرۆزە لە گەردەنی هەموومان. ڕاسپاردەیەكی پڕ بەها و بەنرخە بۆ ئەوەی بتوانین ڕۆڵەكانمان، نەوەكانمان، قوتابیەكانمان لە قوتابخانە و شوێنی تر لە سەر خۆشەویستی نیشتمان ڕابهێنین و پەروەردەیان بكەین كەوا نیشتمانی خۆیان خۆش بوێت و بە جۆرێ پەیوەست و متووی بن كە هەرگیز دەست بەرداری نەبن و سازشی لە سەر نەكەن و هەوڵ و تەقەلا بدەین لە بەخشین و دڵسۆزی، بە گیان و خوێن بەرگری و پارێزگاری لە نیشتمان بكەین، چونكە نیشتمان موڵك و خاوەنداریەتی بۆ هەمووان دەگەرێتەوە و ماڵی خۆمانە و میوان نین، نیشتمان مافی لە سەرمان هەیە و ناسین و سەرفرازی و سەربەرزی و شكۆداریمان بە نیشتمانەكەمانە.
لە پێناو پاڕاستنی نیشتمان پێویستە یەكگرتوو بین و هاوبەشی دڵسۆز بین و شكۆی نیشتمان لە سەرووی هەموو شتێكمانەوە بێت. دەگێرنەوە "جارێكیان سوپایەك ویستی پەلاماری شارێك بدات و داگیری بكات ، لە قەراغ شارەكە وەستان تا زانیاری وەربگرن و سەیری دەوروبەری شارەكە بكەن، دیتیان پیرەمێردێك خەریكی داربڕینە و گەنجێكی مێرمنداڵی لەگەڵدایە و بانگیان كردن و، لە پیرەمێردەكەیان پرسی دەنگ و باسی شارمان پێ بلێ سوپاكەتان ژمارەی چەندە و دەروازەی چوونە ژوورەوەی شار لەكام لایە و چۆن بتوانین بچینە ناو شارەكەتان، پیرەمێردەكە گوتی پێتان دەڵێم بەڵام بەمەرجێك ئەو گەنجە بكوژن پێش ئەوەی هیچ بڵێم با نەبێتە شایەد حاڵ كە چیتان پێ دەڵێم و گوتیان باشە و یەكێكیان گەنجەكەی هەندێك دوورخستەوە و بە شمشێرەكەی لە گەردەنیەوە سەری بڕی ، پیاوە بە ساڵاچووەكە تەماشای زەوییەكەی دەكرد چۆن خوێنی كوڕەكەی دەخواتەوە و سەری هەڵبڕی گوتی دەزانن ئەوە كێبوو كوشتتان، گوتیان تۆ باشتر دەزانی كێیە گوتی ئەوە كوڕمە ترسام من بكوژن و لە پێش چاوی من هەموو زانیارییەكانتان پێ بدات و پێم باش بوو لە پێش چاوم بیكوژن، نەوەك لە پێش چاوی من زانیاری لێ بستێنن و یارمەتیتان بدات بۆ داگیركردنی شارەكەم و نیشتمانەكەم، سەربازەكان ئەو شوێنەیان جێهێشت كە پیاوە بە ساڵاچووەكە باوەشی لە تەرمی كوڕەكەی دابوو، گەڕانەوە لای پادشاكەیان و چیرۆكەكەیان بۆ گێرایەوە، پادشا گوتی بگەرێنەوە و سوپاكە بكشێنەوە. خاكێك نیشتمانێك كەسی وای تێدا بێت قوربانی بە كوڕەكەی بدات و بیبەخشێ‌ و لە بەرچاوی بكوژرێت لە پێناو نیشتمانەكەی ناتوانین هێرشیان بۆ بكەین، گەر هێرشیش بكەین ناتوانین داگیرییان بكەین و سەركەوتوو نابین". نیشتمان ناسنامە و شكۆ و چارەنووسمانە بە هەموو شێوەیەك پێویستە دڵسۆز بین و بەردەوام پارێزگاری لێبکەین و بیپارێزین و هەرگیز ڕێگا نەدەین دوژمنان بستێک لەخاکمان داگیر بکەن لە هەموو ڕوویەكەوە ڕۆڵەكانمان ئاشنا بكەین و پەروەردەیان بكەین لە سەر خۆشەویستی و دڵسۆزی و پابەند بوون بۆ نیشتمان و پاراستنی و خۆبەخت کردن لە پێناوی دا چونكە نیشتمان شوێن گرەوەی نییە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top