ئەو دەسەڵاتە شکستخواردووەی تەنها بە خەڵکی سڤیل دەوێرێت

ئەو دەسەڵاتە شکستخواردووەی تەنها بە خەڵکی سڤیل دەوێرێت

کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنها بۆ هاوڵاتییانی سڤیل و خەڵکانی بێتاوان و مەزڵووم ئازایە، دەنا بە ئامانجگرتنی ئافرەت و منداڵ و هاووڵاتی بێتاوان و سەرمایەدار، چ سوود و ئازایەتی و قارەمانییەتێکی تێدایە!
هەر دوور نەڕۆین؛ کاتێک ئێران هەندێک جووڵەی سەربازیی بەرانبەر (پاکستان) ئەنجامدا سوپای پاکستان بە توندی وەڵامی دایەوە، هەتا لەناو ئێرانیش چالاکی سەربازیان ئەنجامدا، جگە لەوەش پاکستان بە ئاشکرا بە ئێرانی ڕاگەیاند؛ کە ئەگەر بێت و مەترسی لەسەر خاکی پاکستان دروست بکەن ئەوا دەست پەنجەیان دەبڕدرێت، لە دوای ئەوە (ئێران) داوای لێبووردنی لە پاکستان کرد و تەنانەت نەیتوانی هیچ هەنگاوێکیش لە دژی بنێت.

ئەمە دەرخەری ئەوەیە؛ کە هێرشە درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەخت قبووڵ نەکردنی ئەو پێکەوەژیان ئاشتی و ئارامی و سەقامگیرییە، کە لە پایتەختی هەرێمی کوردستاندا ڕەنگدانەوەی هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا؛ بە ئامانجگرتنی خەڵکانێکی بێتاوان کە هیچ پەیوەندیەکیان بە ئەو تۆمەت و بوختانە ناڕەوایانە نییە کە دژیان دروست دەکرێت، تەنها بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو شکستە سیاسیی و ئابووریی و هەواڵگرییانەیەتی کە لە ناوخۆی ئێران و لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش تووشی بووە.

بەڕاستی و دروستی دیارە کە دوژمنەکانی ئێران ئەوانەی کە خۆیان ناویان ناون دوژمن، لە کوێن و لە کوێ بارەگایان هەیە و لە کوێش بە ئاشکرا کار دەکەن، بەڵام (ئێران) دەیەوێت <هێزی شکست خواردوو>ی خۆی لە سەر خەڵکی بێتاوان و بێ گوناه تاقیبکاتەوە بۆیە هەمیشە پیلانەکانی شکستی هێناوە.

Top