باوەڕ و متمانەمان بەخۆمان هەبێت

باوەڕ و متمانەمان بەخۆمان هەبێت

(مەهاتما غاندی) سەركردەی ڕۆحی هیندی دەڵێ" هێز لە توانایی جەستەدا نییە، بەڵكو لەو ئیرادەیە كە ناتوانرێ بشكێندرێ".
گرنگە مرۆڤ ئیرادەی بەردەوامی هەبێت لە سەر هەر ڕووداو و شتێك كە دێتە پێش، بەردەوام ئەو بڕوایەی تیادا هەبێت كە دەتوانێ‌ زۆر شت ئەنجام بدات و لە هەوڵدان بەردەوام بێت و هەرگیز خۆی بە دەستەوە نەدات و گلەیی و ناڕەزایی بەردەوام نەكات، چونكە گلەیی كردن و گازاندە دەربڕین هیچ لە ئەنجامی شتەكان ناگۆڕێت و وا لە بەرامبەرەكەت دەكەیت بە چاوی بەزەیی سەیرت بكەن، بەدڵنیایی مرۆڤە ناخ گەورە و بەهێزەكان هەرگیز نایانەوێ بە چاوی بەزەیی تەماشا بكرێن. زۆر جاران وابووە ویستومانە گۆڕانكاری یان چاككردن لە هەر شتێ بكەین وەكو ئەوەی گلەیی کردن لە یاسا و ڕێنمایی لە خەڵك و خزم و دراوسێ و خوێندن و زانكۆ و تا دوایی هەمووی لە دەرەوی دەسەڵاتی ئێمەیە كە ناتوانین هیچ بكەین، بەڵام دەتوانی گۆڕانكاری لە خودی خۆت دا بكەیت ئەویش دەبێ بڕوا و باوەڕی قوڵمان بە خودای گەورە هەبێت و دواتریش بەخۆمان هەبێت كە دەتوانین لە خۆمانەوە دەست پێ بكەین. بیروهزرمان وا ڕابهێنین كە دەتوانین ئەو كارە و ئەوانەی تر ئەنجام بدەین، پێویستە لە ناخمان ئەو دەنگە ببیستین بەلێ دەتوانین ئەنجامی بدەین و متمانەت بەو دەنگەی ناو ناخت هەبێ كە دەتوانی و ئەنجامی باشی دەبێ وە هەرگیز نابێ ستەم لە خودی خۆمان بكەین. چونكە گەر وا سەیری خۆمان بكەین كە ناتوانین و ماندووین و بێ سوودە هەر هەولێك بەردەوام گلەیی لە هەموو شتێك بكەین ئەوا داهێزراو بێ دەسەڵات و خاو و خەمۆك و بێ بەرهەم دەبین و هەر خۆمان هۆكارین و خۆمان بەدەستەوە دەدەین.
بۆیە دەبێ گۆڕانكاری لە خۆمانەوە دەست پێ بكەین و خۆمان خۆش بوێت و هەبوونی خۆمان بە پێویست و گرنگ بزانین و بەردەوام هیواو ئاوات و خۆزگە و هەوڵدانمان هەبێت بە ئومێد و ئیرادەوە سەیری پاشەڕۆژ بكەین و هەرگیز لاواز نەبین و دەستەوەستان نەوەستین.
دەگێرنەوە (دەلێن پیاوێكی دانا هەبوو بەردەوام كۆمەڵە خەڵكێك دەهاتنە لای ڕۆژانە هەمان گلەیی و گازاندە و بێزاریان دەردەبڕی، ڕۆژێك لە جیاتی ئەوەی گوێ لە گلەییەكانیان بگرێ نوكتەیەكی بۆ گێڕانەوە هەموویان پێكەنین دووبارەی كردەوە كەمتر پێكەنین و سێیەمجار هەمان نوكتەیی بۆ گێڕانەوە كەسیان پێ نەكەنین، بە پێكەنینەوە پێیگوتن تەنها یەكەمجار بە نوكتەكە پێدەكەنن، باشە چیتان دەست دەكەوێ بە بەردەوامی گلەیی دەكەن لە هەمان گرفت!!).
ڕوونە زۆری گلەیی و گازاندە كردن لە هەمان گرفت و كێشە نامان گەیەنێتە هیچ شوێنێ‌ ئەگەر هەوڵی چاككردنی بۆ نەدەین و كاتێكی زۆر بە فێرۆ دەدەین لە گلەیی دەربڕین بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێك بەدەست بهێنین.
لێرەدا گرنگە لەوە دڵنیا بین كە دەتوانین خۆمان بگۆڕین و بڕوامان بە ئیرادە و هێزی خۆمان هەبێت كە بەردەوام لە ناخمان پێمان دەلێت دەتوانیت زۆر كار ئەنجام بدەیت، چونكە هیچ كارێك مەحاڵ نییە گەر هەوڵدانی بەردەوامی بۆ بدەیت و باوەڕ و متمانەت هەبێت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top