پارێزگاریکردن لە قەوارەى هەرێم ئەرک وبەرپرسیاریەتى مێژوویی

پارێزگاریکردن لە قەوارەى هەرێم ئەرک وبەرپرسیاریەتى مێژوویی

تێکچوونی بارودوۆخ و سەقامگیریی لە رۆژهەڵاتى و ناوچەکە کاریگەریی نەرێنى لەسەر وڵاتان دروستدەکات، بە تایبەت پریشکى ئەو ئاگرە وەک ئەوەى بەکردەوە دەبینریێت بۆ هەرێمی کوردستانیش بەهۆی ستراتیژیی وڵاتانی زڵهێز و پێگە جیۆپۆلۆتیکیەکەیەوە، دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و گۆڕانکارییەکان دەیگرێتەوە.
بەتایبەتى کە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو وڵاتانەى کە لە نێو ئەو جەمسەربەندییە دا بەتایبەتى بەغدا و تاران ڕووبەڕووى ئاستەنگ و قەیرانى دروستکراو و فشارى زۆر بۆتەوە و لە سەروى هەمووشیانەوە پەڵاماردانى بە مووشەکى بالستیک و درۆن و گەمارۆدانى دارایی وبەکارهێنانى دادگە وەک چەکێکى فشار لە سەر قەوارەى هەرێم ، هەروەها لەدوای شەڕی داعش و ئینجا رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 و ئاسەوارەکانى ، بەکارهێنانى هەندێک کەس ولایەنیش لە نێوخۆى هەرێمى کوردستان ئەو بابەتانەن کە بوونەتە کۆسپ وهەرەشە لە بەردەم قەوارەى هەرێمى کوردستان ، لەگەڵ ئـەوەش کۆمەلێک کێشەی تر هاتۆتە پێش، شەڕی 7ى ئۆکتۆبەرى حەماس و ئـیسڕائـیل جیهانی دابەشکرد و بووە هۆی ئـەوەی پڕیشکی ئاگرى ناکۆکی و ململانێکان، بگاتە هەرێمى کوردستان و کاریگەریی لەسەر دۆخی سیاسی و ئـەمنی و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر وبەغدا زیاتر بکات .
بۆیە، درێژەخایاندنى ئەو جەنگەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست وایکرد کە کاریگەرى ئەو جەنگەش ، لەگەڵ ئەوەى کە هەرێمى کوردستان بەشێک نەبووە و نابێت لەو ململانێ و جەمسەربەندییانە بەڵام وەک ئاماژەم پێدا بووە هۆى ئەوەى کە بە مووشەک و درۆن هێرش بکرێتە شوێنە ئابوورى و سەر خەڵکى سڤیل لە هەولێرى پایتەخت و ستراتیژییەکان
، ئەگەرچی هەرێم ناتوانێ وەڵامی هێرشێکی وەها بداتەوە و لایەنێکی سەرەکی ناکۆکییەکان نییە، بەڵام هەر بەخێرایی بە چەکى دیپلۆماسى و هێزى نەرم توانى هەموو زڵهێزان و وڵاتانى دوونیا لەو راستیە ئاگادار بکاتەوە کە ئێمەى کورد خاوەن دۆزێکى رەواین و ناخوازین تێکەڵى هیچ جەمسەربەندى وشەڕێک ببین.
بۆیە، جوگرافیایی هەرێمى کوردستان کەوتۆتە ناوچەیەک و بە دەوڵەتێکەوە لکێنراوە کە ئەوەیش عێراقە کە هەر لە سەرەتاى دروستبوونییەوە وڵاتانی ئـیقلیمی و دەرەکـــی دەستوەردانی سیاسی لەوڵاتەکە دەکەن و سەروەرییەکەی لاواز دەکەن کە نەتوانێت پیادەی دەســـەڵاتەکانی خۆی بکات.
عێراق وڵاتێکی بریندارە، چونکە هێشتا برینی گۆڕینی دیمۆگرافیا و گۆڕانکاری شێوازەکانی حکومڕانی و قوربانیانی رژێمی بەعس و قاعیدە و داعش ساڕێژنەبووە کە سەرتاپای ئـەو قۆناغانە بە تراژیدیا و خەمناکی باڵی کێشاوە، کەچی هێشتا دڵی هاووڵاتیان ئـارام نییە و ترسیان لەدۆخەکە هەیە، بەتایبەت بەدەست ئەو گروپ و میلیشیایانەى کە دەستیان بە سەر هەموو جومگە سیاسى و ئەمنى و ئابوورییەکانى بەغدا دا گڕتووە ، بەفەرمانى وڵاتانى ناوچەکە دەجوڵێنەوە وفەرمان وەردەگرن .

هەرێمی کوردستان لە نێو ئەو بێ سەروبەرى و پاشاگەردانیە لە بەغدا زۆرجاران تووشى هەڕەشە و مەترسى دەبێتەوە ، هەرچەندە هەرگیز بەشێک نەبووە لەو کێشە وئاڵۆزییانەى کە بەدرێژایی 20 ساڵى رابردوو، رۆژ بە رۆژ عێراقیان بەرەو لێوارى هەڵدێران وهەرەسهێنان بردووە ، بۆ دەربازبوون لەو کێشە وململانێیانە گرنگە چەند هەنگاوێک بهاویژرێت :
یەکەم : کۆتایی هێنان بە قەیرانە دستکردەکان و ناکۆکییە سیاسییەکان و دروستکردنى ناوەندێکى یەکگووتارى و تەبایی لە هەرێمى کوردستان و بەبەشدارى هەموو هێزولایەنەکان و واژۆکردنى بەڵێنەنامەى پارێزگاریکردن لە قەوارەى هەرێمى کوردستان و دروستکردنى تیمێکى بەهێز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى بەغدا و یەکڵاکردنەوەى پرس ومافە چارەنووسسازەکان ، کەدەبنە هۆى سەقامگیرى .
دووەم : یەکێکى تر لەو پرسە گرنگانە هەنگاویی رژدتر بۆ یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و یەک فەرمان لە ژێر فەرمانى سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى هێزێکى نیشتیمانى ونەتەوەیی، بۆ پارێزگاریکردن و خۆئامادەکردن بۆ هەموو ئەگەرەکان ، کە ئەمەش تایبەتمەندى زۆرى دەبێت ،چونکە جگە لە ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش ئێستا میلیشیا لە یاسادەرچوو و بەکرێگیراوەکانیش بوونەتە هەرەشە ومەترسى بۆ سەر هەموو ناوچەکە و بەتایبەتى هەرێمى کوردستان ، ئەو هەنگاوە ڕێکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە وادەکات کە هێزەکانى هاوپەیمانان زیاتر هەنگاوییهاوکاریی چەک و پشتیوانیی سەربازیی لەلایەن هاوپەیمانان بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، بەتایبەتی چەکی دژە درۆن و مووشەک کە ئـێستا مەترسییەکی رژدە .
چوارەم : چاڵاککردن و دروستکردنى لۆبى و بەهێزکردنى زیاترى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى هەرێمى کوردستان لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتیی و نەتەوەیەکگرتووەکان ، کە ئەمەش خۆى لەخۆیدا دەبێتە هۆى چەکێکى کاریگەرى و بەهێز بۆ گەیاندنى دەنگى کورد و چارەسەرێکى گرنگ کێشە و ئاستەنگەکانى بەردەم قەوارەى هەرێم
و دوورخستنەوەی کاریگەریی جەنگەکان و سەقامگیریی کوردستان.
چوارەم : پشتیوانیکردنى هەنگاوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە بوارى پەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆیی وڵات لە کەرتی کشتوکاڵی و ئـاژەڵداری و دەستی هێزی کار، چونکە هەرێمی کوردستان، خاوەنی زۆرترین هێز و توانای لاوان، بۆیە بە بەرهەمی ناوخۆ دەتوانێت بۆشاییەکی زۆری ئـابووری و نەبوونی هەل یکار پڕبکاتەوە.
پێنجەم : بەردەوامبوونی پڕۆسەی خوێندن بەبێ دابڕان، ئـەمە وادەکات کێشەکان قووڵ نەبن و نەوەیەکی تێگەیشتوو و دڵسۆز دروست ببن بۆ نەتەوە و نیشتمان و گەلى خۆیان.
شەشەم : روونە کە هەنووکە هەرێمی کوردستان، تەنها هەرێمی دانپیانراوی دەستوورییە و هەر بەو دەستوورەی عێراقی نوێ بەم هەرێمە پێکهاتووەپێچەوانەکەشی یانی هەڵوەشانەوەی عێراق، بەردەوامیدان بە هەوڵە دیپلۆماسى و شارستانییەکان وەکو هێزێکی نەرم و پشتیوانی لە کوردستان لە وڵاتانی دەرەوە، لەم هەنگاوە دەتوانین سوود لە رەوەندی کوردی وەربگرین بۆ پاراستن و پشتێنەی پارێزگاریکردن لە قەوارەى هەرێم لە پێناو داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و دوورخستنەوەى هەموو ئەو هەرەشە و مەترسییانەى کە بەهۆى ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە وعێراقەوە رووڕووى هەرێمى کوردستان دەبنەوە ،

Top