مامۆستا پەروەردەكارە پێش فێركار

مامۆستا پەروەردەكارە پێش فێركار

(سی ئیس لویس) توێژەر و نوسەری ئیرلەندی دەڵێ" پیشەی مامۆستا چاندنە لە بیابان، نەوەك بڕینی گژو گیای زیان بەخش لە كێلگەكان".
لەم وتارەدا دەمەوێ باسی مامۆستا بكەم وەك پەروەردەكارێك نەك فێركارێك، هەموومان دەزانین و تێدەگەین لە گرنگی و پیرۆزی ئەركی مامۆستا و مافەكانی. مامۆستایەتی هەر تەنها وانە ئامادەكردن و پلاندانان و چوونە ژوورەوەی پۆڵ و دەوام كردن لە قوتابخانە و تاقیكردنەوە و پرسیار و نمرە دانان نییە، مامۆستا كە هەستی كردو زانی پەروەردەكارە پێش ئەوەی مامۆستا و فێركار بێت، ئەوە هەست بە بەرپرسیاریەتی گەورە دەكات بەرامبەر خودای گەورە و ویژدانی خۆی و كۆمەڵگە و ئەركەكەی و لەوە تێدەگات كە قوتابییەكان ئەمانەت و پارێزراوی خانەوادە و كۆمەڵگان لە گەردەنی مامۆستا، خانەوادە و كەسوكاری قوتابی هەموو متمانە و دڵنیاییەكانیان بە مامۆستا داوە.
مامۆستا پێش ئەوەی بابەت بۆ قوتابیەكانی باس بكات و خۆی وەكو مامۆستای بابەت بناسێنێ، پێویستە پەیوەندییەكی ویژدانی و ئەمانەت پارێزراوی لەگەڵ قوتابیەكاندا هەبێت و قوتابیەكان رێزی مامۆستا بگرن و خۆشیان بوێت و گوێی لێ بگرن و نموونەیەكی بەرزی پەروەردەیی و جوان و شایستە بێت لە پێش قوتابیەكان. ئەوەش ئەوكاتە دێتە دی كە مامۆستا هەمیشە هاندەر و پاڵپشت و دڵسۆزی ئەركەكەی و قوتابیەكان بێت، گرنگە مامۆستا هەمیشە نموونەی هەرە بەرزی ڕەفتاری جوان و گوفتار و كردار و هەڵسوكەوتی نایاب و ناوازە و سەرنج ڕاكێش بێت و كاریگەری ڕاستەوخۆ و ئەرێنی هەبێت لەسەر گۆڕینی ڕەفتار و هەڵسوكەوتی قوتابیەكانی بە گشتی بەرەو باشتر و باشتر.
مامۆستای پەروەردەكاری ڕاستەقینە بەردەوام ئامۆژگاری باشی قوتابیەكانی دەكات و هەردەم پڕەسنیپە جێگیرەكان لە ناخی قوتابی دەچێنێت و دەیچەسپێنێت و هەمیشە قوتابیەكان فێری ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و نیشتمان پەروەری و ژینگەدۆستی و پابەندی و خۆبەخاوەن زانین و بەرپرسیاریەتی دەكات، قوتابیەكان لە سەر فێربوونی كۆمەڵێ چەمك و تێگەیشتنی كارامەییەكانی ژیان و بەها پەروەردەییەكان ڕادێنێت و وایان لێ دەكات فێری بین و پابەندی بن، سازش لەسەر مافە نەتەوایەتی و نیشتیمانیەکان نەکەن و ئەوپەڕی متمانەیان بەخۆیان بێت و بەمەش هەردەم كەسی بەهێز و خۆڕاگری وەكو شاخیان لێ دروست دەكات كە ئەوەش ئەرك و بەرپرسیاریەتی مامۆستای دڵسۆز و پەروەردەكاری تەندروستە و لە هەمان كاتیشدا هەر ئەوەش مەبەست و داواكاری پەروەردە و كۆمەڵگەیە.
لێرەدا دەكرێ مامۆستا هەفتانە لەوانەی یەكەم بابەتی خۆی پلانی هەفتانەی هەبێت چەند خولەكێك تەرخان بكات بۆ پەروەردە كردن و فێربوونی قوتابیان ئاشنا بوونیان بە هەموو ئەو پڕەسنیپ وبابەتە بە سوود و گرنگانەی كە پێویستە بۆ ئەوڕۆی تاكی كورد. بە پێویستی دەزانم دەستپێشخەری مامۆستایەك لە شانشینی سعودیە لێرەدا باسی بكەم وەكو ئەزموونێكی پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی هاندان بۆ قوتابیەكان، ئەوە بوو مامۆستایەك لە یەكێك لە قوتابخانەكانی شانشینی سعودیە لەوانەكەی خۆی بە قوتابیەكانی گوت " وێنەی باشترین و سەركەوتووترین و زیرەكترین قوتابی لە ناو ئەم سندوقە دایە وەرن یەك یەك سەیری بكەن بزانە كامەتانە؟ هەر قوتابیەك سەیری سندوقەكەی دەكرد و شۆک دەبوو و دڵخۆش دەبوو كە وێنەی خۆی دەبینی لە ئاوێنەی ناو سندوقەكە". بە جۆرێك دڵخۆشی كردن و هانی دان كە هەموویان هەستیان كرد سەركەوتووترین و زیرەكترین و باشترینن كە توانای زۆر و جۆراوجۆریان هەیە. بۆیە یەك قسەی مامۆستایەك، هاندانی مامۆستایەك بەسە بۆ ئەوەی قوتابی ژیانی داهاتووی هەمووی بگۆڕێ بەرەو باشتر، شك لەودانییە كە پیرۆزی و ئەركی مامۆستا بەراورد ناكرێ بە هیچ شتێكی تر لە ژیان.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top