سه‌لمه له‌نێوان مۆنۆدراما و دیۆدراما و فۆرٍمێكی نوێ
ئه‌وه‌ی له‌مۆنۆدرامای سه‌لمه* به‌دیكرا سێ ته‌وه‌ر له‌یه‌ك ده‌قدا ، (هه‌ڵه‌بجه، ئه‌نفال، كۆچی گه‌نجان)، دوو جوگرافیای و زمانی جیاواز، دوو كاره‌كته‌ر، رۆژئاوایی و رۆژهه‌ڵاتی (كوردی و ئینگلیزی)، كه ده‌رهێنه‌ر زۆر به‌جورئه‌ته‌وه توانیوێتی ئه‌و رێچكه‌یه بشكێنێ له‌یه‌ك كڕۆك و دوو فۆرمدا، كه خۆی له‌خۆیدا لادانێكی هونه‌ری ده‌گمه‌نه له ئێستادا، كه ده‌كرێ به‌بازدان به‌ره‌و خوڵقاندنی فۆڕمێكی نوێ له‌شانۆدا ئاماژه‌ی پێ بكرێت. به‌به‌شداری دوو كچه ئه‌كته‌ری خاوه‌ن ئه‌زموون، یه‌كیان كورد بوو كه به‌ئیحساسێكی زۆر پر نمایشی ده‌كرد، ئه‌وی دیكه‌شیان كچێكی فه‌ره‌نسی خاوه‌ن سه‌لیقه‌ی به‌رزی نواندن كه به‌نه‌رمی مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌ك موفره‌ده‌كانی شانۆییه‌كه ده‌كرد له‌چوارچێوه‌ی جوڵه درامیكییه‌كانی.
ئامادەكردنی/عه‌باس جه‌میل جێماو
مۆنۆدراما به‌یه‌كێك له هونه‌ره درامییه‌كان ناوده‌برێت له‌چوارچێوه‌ی شانۆی ئه‌زمونگه‌ری، هاوكات قورسترینیانه، به‌به‌رجه‌سته‌كردنی یه‌ك كاره‌كته‌ر بۆ گێرانه‌وه‌ی رووداوه‌كانی نێو ده‌قه‌كه، كه به‌رپرسه له‌گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌ی كه له‌ده‌قه‌كه‌دا به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات هاوشانی ره‌گه‌زه‌كانی تری شانۆییه‌كه، هاوكات ره‌گه‌زێكی بنه‌ره‌تیه بۆ جڵه‌وگیری روداو و كه‌شه درامیه‌كه، جیاوازی كه‌سایه‌تی به‌رجه‌سته‌كاریش تێیدا به‌رده‌وام له‌گۆرانكاریدایه، چ له‌رووی جوڵه‌وه بێت یان ده‌ربڕینه‌كان كه‌په‌یوه‌سته به‌جۆره‌های جوڵه‌ی درامی له‌بازنه‌ی گۆڕینی هه‌ست و بیر‌و بۆچوون و هه‌ڵچوون، چ به‌روكه‌ش یان له‌رووی ده‌روونیه‌وه له‌نێوان لاوازی و به‌هێزی، ئومێد بێهیوایی، بێده‌نگی و ناڵه‌و گریان پێكه‌نین، هتد.
بۆیه مۆنۆدراما پێویستی به‌كاره‌كته‌ری خاوه‌ن ئه‌زموونی فراوان و لیاقه‌یه‌كی به‌رز و دینامیكی هه‌یه له‌جۆڵه‌دا هه‌روه‌ها تواناسازی له‌جۆره‌های ده‌نگ و ده‌ربڕنی.
سه‌لمه ده‌یه‌وێت له‌م شانۆییه تراجیدییه‌دا چیرۆكی روداوگه‌لێك بگێڕێته‌وه كه‌مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ نێو بازنه‌ی سته‌می پرۆسه‌ی ئه‌نفال، له نووسینی د.دڵشاد مسته‌فا و سینۆگرافیا و ده‌رهێنانی نه‌ژاد نه‌جم، كه تێیدا ده‌یان هه‌زار كه‌سی سڤیل له‌ژن و مناڵ و پیر و گه‌نجی گه‌لی كورد به جۆره‌های ئامرازه‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان و به‌درندانه‌ترین شێوه ئه‌شكه‌نجه‌دران و دواتر زینده به‌چاڵكردنیان، هه‌روه‌ها كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه و كۆچی گه‌نجان.
لێره‌دا ده‌رهێنه‌ر هه‌وڵیداوه به‌سوود وه‌رگرتن له تێكه‌ڵكردنی كلتوور و كه‌له‌پووری رۆژهه‌ڵاتی به شانۆی نوێ به‌چه‌ند جووڵه‌یه‌كی بوێرانه نموونه‌ی چه‌ند كه‌ره‌سته‌یه‌كی هێمایی و وێنه‌ی جۆراوجۆری شانۆیی له پانتاییه‌كه‌دا كه دواتر باسی لێوه ده‌كه‌ین، كه ئه‌ویش هه‌نگاوی به‌ره‌و چوونه نێو بازنه‌ی پۆست مۆدێرنه‌یه له‌چوارچێوه‌ی ستایلێك یان فۆڕمێكی نوێ له‌شانۆ.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی له سه‌لمه به‌دی ده‌كرێت به‌مۆنۆدراما ناوی هاتووه، كه ده‌كرێ بڵێن مۆنۆدراما نیه‌و هاوكات مۆنۆدراماشه، چۆن..!؟
له‌یه‌ك شانۆ و له‌یه‌ك ده‌قدا كه‌دابه‌ش بووه‌ته سه‌ر دوو پانتایی جیا، دوو نمایشمان بینی، كه ده‌رهێنه‌ر زۆر به‌وردی كاری تێدا كردووه و هاوكات هه‌وڵیداوه رێسای مۆنۆدراماش نه‌شكێنێ، به‌واتای دوو جوگرافیای جیا، دوو سینۆگرافیای جیا دوو موفره‌ده‌ی جیاواز، كه‌ده‌كرێت به‌یه‌ك نمایش ناوببرێت، هه‌روه‌ها بێ ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر به‌ر ئه‌كته‌ر بكه‌وێت، كه ئه‌مه بۆ خۆی ته‌وژمێكی نوێ یان روونتر ستایلێكی تازه‌یه له‌ناو مۆنۆدرامادا، كه ده‌كرێ ئه‌م هه‌نگاوه ببێته فۆڕمێكی نوێ له‌وچوارچێوه‌یه‌دا و زیاتر موناقه‌شه بكرێت له‌ناو شانۆكاراندا و پاشان بچه‌سپێندرێت، یان ئه‌گه‌ر له‌ناو مۆنۆدراماشدا نه‌بێت جۆرێك له‌تایبه‌تمه‌ندی سه‌ربه‌خۆیی خۆی وه‌ربگرێت و بخزیته ناو بواره‌كه له‌سه‌ر رێچكه ئه‌كادیمییه‌كه‌ی. كه ده‌كرێ بڵێین شایانی ئه‌وه‌یه ناوێك وه‌ربگرێ و رێسایه‌كی تایبه‌تی هه‌بێت، نمونه‌ی ئه‌و كارانه‌ی كه له‌پێشدا و چۆن كه‌وتنه سه‌ر رێچكه ئه‌كادیمییه‌كه‌ی له‌ناو جیهانی شانۆدا، نموونه شانۆی داستانی بریخت یان ئۆدینی باربا یان بیته‌ر بروك، كه‌چۆن كار له‌سه‌ر كلتووره جیاوازه‌كان ده‌كات، هه‌روه‌ها ئێمه چۆن شانۆی كلاسیكمان هه‌یه هه‌روه‌ها هێمایی، كه پێی ده‌وترێت قوتاپخانه یان ستایل هتد، كه‌هه‌موو ئه‌مانه پاش هه‌وڵه كرده‌نییه‌كان هاتوونه‌ته بوون.
وه‌ك پێشتر باسمان كرد مۆنۆدراما بۆخۆی شانۆی ئه‌زمونگه‌رییه، به‌واتای ئه‌وه‌ی شانۆكاران ده‌توانن له‌ئه‌نجامی ئه‌زمونه‌كانیان كاری له‌مشێوه به‌رهه‌م بێنن له‌چوارچێوه ئه‌كادیمییه‌كه‌دا.
هه‌روه‌ها وه‌ك گوتمان له‌یه‌ك ده‌قدا دوو نمایشمان بینی، دوو سینۆگرافیا دوو پانتایی دوو زمانی جیای تێدا به‌دی كرا، ده‌رهێنه‌ر به‌م ستایله‌ی توانی له‌یه‌ك كاتدا ئاراسته‌ی چاوی بینه‌ر بۆ هه‌ردوو نمایشه‌كه به‌لكێش بكات و كۆنتاكتی له‌گه‌ڵدا بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌ك نمایش ببینی بێ ئه‌وه‌ی تووشی ناڕه‌حه‌تیان بكات،
بۆیه ئه‌كرێ بڵێین ئه‌مه بۆ خۆی فۆرمێكی تازه‌یه به‌ڵام بێناوه، كه ده‌كرێ له‌یه‌ك كاتدا به‌مۆنۆدراما ناوی به‌رین و مۆنۆدراماش نیه، یان بڵێین دیۆدرامایه و دیۆدراماش نیه.
ئه‌وه‌ی لای من زۆر جێی سه‌رنج بوو كه‌به‌دیم كرد له‌م شانۆییه‌دا، ده‌رهێنه‌ر زۆر به‌سه‌لیقه‌و هۆشمه‌ندییه‌وه توانیبووی له رێی ئه‌كته‌ره‌وه سینۆگۆافیا درووست بكات و ئاڕاسته‌كان ته‌وزیف بكات له‌به‌رگێكی نوێ و سه‌رنجراكێشدا.
كاتێك ده‌ڵێین ئه‌م شانۆییه ده‌چێته قاڵبی دیۆدراماوه، راسته دیودرامایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوو ئه‌كته‌ری تێدا به‌رجه‌سته‌یه، هاوكات دیۆدراماش نیه چونكه دوو فه‌زای جیاوازی هه‌یه له‌یه‌ك كاتدا، هه‌روه‌ها ده‌كرێ بڵێین مۆنۆدرامایه، به‌ڵێ مۆنۆدرامایه چونكه دوو فه‌زای جیاوازی له‌خۆگرتبوو، له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا مۆنۆدراماش نیه، چونكه دوو ئه‌كته‌ری تێدا ده‌بینرا.
ئه‌مه‌یه مه‌به‌ستی ئێمه له‌م نووسینه‌دا كه ده‌مانه‌وێت په‌نجه له‌سه‌ر ورده‌كاری روئیا‌و هه‌نگاوه‌كانی ده‌رهێنه‌رو مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ورد و درشتی كه‌ره‌سه و موفره‌ده به‌كارهاتووه‌كانی نێو شانۆییه‌كه دابنێین، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ستكردنی بینه‌ری جدی به‌كاره‌كه‌وه‌و نه‌توانێ خۆی له‌و فه‌زایه گێل بكات و ناچاریان بكات قسه‌یان هه‌بێت.
هاوكات له‌هه‌مووشی گرنگتر خاڵێكه كه‌جێی سه‌رنجی ره‌خنه‌گر بێت، هه‌ست ناكرێت تێیدا ده‌رهێنه‌ر ده‌ستی بۆ شانۆیی ته‌قلید بردبێت، به‌واتای سه‌ڵمه ناچێته قاڵبی شانۆی ته‌قلیده‌وه، به‌ڵام هێماگه‌ری تێدا بووه، كار له‌سه‌ر وێنه كرابوو (وێنه‌ی شانۆیی)، گێڕانه‌وه بوو به‌ڵام كرده‌ی شانۆیی تێدابوو، هه‌مووی حیواربه‌ندی نه‌بوو، بۆیه ئه‌م هه‌نگاوانه پێمان ده‌ڵێن فۆڕمه‌كه جیاوازه.
دواتر لێره نواندن جیاوازبوو له شانۆكانی تر كه رۆژانه لێره‌و له‌وێ و پێشتر ده‌مانبینی له‌كوردستان یان عێراق، لێره نواندن ئیشی له‌سه‌ر ئیحساس ده‌كرد، زۆرترین ئیحساسی ناوه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جه‌سته كاری جیاوازتری كرد، هاوكات سینۆگرافیا و فه‌زای نمایش كاری گرنگتری كرد.
بۆیه ده‌كرێ بڵێین ئه‌م ئیشه خۆی جیاواز پیشان ده‌دات له فۆڕمی مۆنۆدراما یاخۆد وه‌ك شانۆییه‌كی ئاسایی یان دیۆدراما، چونكه شوێن بڕیاری ده‌دا، هه‌ر له‌رووی شوێنیشه‌وه ته‌وزیفی رۆڵی ئه‌كته‌ر ده‌كرا، هه‌روه‌ها به‌رجه‌سته‌كردنی چیرۆكه‌كه.
له سه‌لمه‌دا سێ هێما به‌دی كرا له‌ناو شانۆییه‌كه‌دا، كه له‌سه‌ر زه‌وی كێشرابوون، ئه‌ویش هێمای چوارگۆشه‌و بازنه و سێگۆشه، كه هه‌ریه‌كه‌یان له‌رووی زانستی ده‌روونناسیدا بۆ خۆی گوزارشتی تایبه‌ت هه‌ڵده‌گرێ، هه‌روه‌ها چوار داری وشكه‌وه‌بوو و پۆستاڵێك و سێوێك و گوریسێك و هه‌ندی كه‌ره‌سته‌ی تر وه‌ك جل و جانتاو هتد، دیكۆرێكی ساده‌و پڕ مانا له‌سه‌ر زه‌وی بوو، جیاواز له‌نمایشه‌كانی تر ده‌رده‌كه‌وت، كه دیكۆرێكی زه‌به‌لاحی هه‌بێت.
مۆنۆدرامای سه‌لمه، به‌رهه‌می گروپی شانۆی هه‌واره له كه‌ركوك، به هه‌ردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی له‌چه‌ند شارێكی هه‌رێمی كوردستان نمایشكرا.
دوایین نمایشیی له شاری كه‌ركوك بوو له 18/2/2024 له‌سه‌ر قه‌ڵا.
به‌به‌شداری دوو ئه‌كته‌ری كچ، هه‌وار فارس له‌كه‌ركوك و ئۆرێللی ئێمپرت له‌وڵاتی فه‌ره‌نسا.