شەزا حەسون:هیوادارم بە چیرۆكێكی ئەفسانەیی بگەڕێمەوە بۆ نواندن

شەزا حەسون:هیوادارم بە چیرۆكێكی ئەفسانەیی بگەڕێمەوە بۆ نواندن

خانمە هونەرمەندی عێراقی (شەزا حەسون) دووپاتی كردەوە كە هاوسەرگیریی نەكردووە و تا ئێستاش بەدوای هاوبەشی ژیانیدا دەگەڕێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی پیاوێكی دەوێت كە سیفەتەكانی سوارچاكیی هەبێت.

حەسەن لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند، هیوادارە هاوبەشی ژیانی دڵسۆز و سوارچاكی بێت، ڕوونیشی كردەوە كە بە پشتبەستن بە ڕەگەزنامەی خۆی داوا ناكات عێراقی بێت.

سەبارەت بە ئەزموونی لە بواری نواندن گوتی: «دوو ئەزموونی نواندنم هەیە، یەكەمیان (نامە لە پیاوێكی مردووەوە) لەگەڵ ئەستێرە گەورەكانی شاشەی میسری و عێراقی، دووەمیشیان (ئەی خاوەن دڵم) لەگەڵ هونەرمەندی ئیماراتی فایز ئەلسەعید و ئەستێرەكانی كەنداوی عەرەبی، پێشتر زۆر سیناریۆم پێشكەش كراوە، بەڵام بەدوای چیرۆكێكی ئەفسانەییدا دەگەڕێم، كە ئەمەش زۆر نایاب و سەرنجڕاكێش دەبێت، و بە دڵنیاییەوە ئەم ئەزموونە دووبارە دەكەمەوە كاتێك ئەم دەقە گونجاوە بەردەست بێت، كە شتێكم بۆ زیاد بكات».

سەبارەت بە سۆشیال میدیاش گوتی: «من لە سۆشیال میدیا بەردەوامم، چونكە پەنجەرەیە كە لە هەموو خۆشەویستان و هاوڕێكانم و هەركەسێك كە بەدواداچوون بۆ هەواڵەكانم دەكات، نزیكم دەكاتەوە، بەكورتی زمانی ئەو سەردەمەیە هەروەها ڕێز لە ڕەخنەی بنیاتنەر دەگرم، كە بە ڕێزەوە پێشكەش دەكرێن، بەبێ ئەوەی زیان بە هونەرمەند بگەیەنن، یان سووكایەتی پێبكەن، سەبارەت بە كۆمێنتە نەشیاوەكانی دیكە، یان دەسڕدرێنەوە یان بلۆك دەكرێن».

لەبارەی زیرەكیی دەستكردیش شەزا پێی وایە كە تاقیكردنەوەكانی زیرەكیی دەستكرد ڕەنگە ڕۆژێك ببنە هۆی لەناوچوونی دەنگ و گۆرانیبێژەكان، لەو بارەشەوە دەڵێت: «لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بیرم لە تاقیكردنەوەكانی زیرەكیی دەستكرد كردووەتەوە، بیرۆكەكەش هاتە مێشكم كە ئەو تاقیكردنەوانە ڕەنگە ڕۆژێك ببێتە هۆی لەناوچوونی دەنگەكان و، تەنانەت لەناوچوونی گۆرانیبێژان لە پلەی یەكەمدا، هەروەك چۆن پێشتر ئینتەرنێت بەشداریی لە دابەزینی ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا كردووە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بەشدارییان لە لەناوچوونی ماڵپەڕەكاندا كردووە».

Top