د. كابان عەبدولكەریم شێخ عەلی مامۆستا لە كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان:   مەلا مستەفا بارزانی خاوەنی دیدێكی ئیسلامیی ڕەسەن و نیشتمانپەروەرانە بوو كە هەموو ئایین و ئایینزاكانی پێكەوە كۆكردبووەوە

د. كابان عەبدولكەریم شێخ عەلی  مامۆستا لە كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان:     مەلا مستەفا بارزانی خاوەنی دیدێكی ئیسلامیی ڕەسەن و نیشتمانپەروەرانە بوو كە هەموو ئایین و ئایینزاكانی پێكەوە كۆكردبووەوە

 

 

هەمەڕەنگی و پێكەوەژیانی ئایینی لە ناو گەلی كوردستاندا مێژوویەكی زەنگینی هەیە و، زانا و مامۆستایانی ئایینی و سەركردەكانی كورد هزر و دیدێكی ڕەسەنایەتییان بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلام و نیشتمانپەروەری هەبووە. گۆڤاری گوڵان لەسەر پرسی پێكەوەژیانی ئایینی دیدارێكی لەگەڵ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. كابان عەبدولكەریم شێخ عەلی لە كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین سازدا، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

 

* بەو پێیەی تێزی دكتۆراكەت لەسەر هەمەڕەنگی ئایینی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینەكان بووە لە هەرێمی كوردستان، دەكرێت سەرەتا لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەین، كە ئێمە وەكو گەلی كورد خاوەنی مێژوویەكی پاكی موسڵمانێتین و دەوڵەمەندین بە پێكەوەژیانی ئایینی، ئەی بۆچی ئەو مێژووە دەوڵەمەندە فەرامۆش كراوە و لە بری ئەوە مێژوویەكی عەرەبی زیندوو دەكرێتەوە؟

- مێژووی هەمەڕەنگی و پێكەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی كوردستان بۆ سەردەمی پێغەمبەر نوح دەگەڕێتەوە، ئەو كاتەی كەشتییەكەی لەنگەری گرت لە چیای جوودی لە كوردستانی باكوور، كاتێك داوای لە خودای گەورە كرد، كەشتییەكەی لەنگەر بگرێت لە جێگەیەكی موبارەك، لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە «وَقُل رِبِّ أَنزِلْنِي مُنزَلًا مُّبَارَكًا وَأَنتَ خَيْرُ الْمُنزِلِينَ». لەو سەردەمەوە هەرێمی كوردستان بووە ناوچە و پێگەیەكی ئارام و سەقامگیر و باوەشی بۆ هەموو لێقەوماو و زوڵملێكراوێك كردەوە. باوەشكردنەوەی كوردستان بۆ هەموو ئایین و نەتەوە و لێقەوماوەكان بووە مێژوویەكی زۆر زەنگین، خۆ ئەگەر لاپەڕەكانی مێژوو هەڵبدەینەوە، دەبینین لە 500 ساڵی پێش زایین كاتێك نەبوخوزنەسر جووەكانی كۆیلە كرد و لە ئۆرشەلیم هێنایانی بۆ بابل، بەشێكیانی هێنایە چیاكانی كوردستان بۆ ئەوەی لەم ناوچە سەختەدا نەتوانن ڕابكەن. ئالێرەوە جووەكان لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە لەگەڵ كوردەكان تێكەڵاو بوون، لە سەدەی شەشەمی پێش زایین، كاتێك كە كوورشی هەخامەنشی دەوڵەتی بابلی ڕووخاند، بەڵێنی دا، هەموو جووەكان بگەڕێنێتەوە بۆ ئۆرشەلیم، بەڵام بەشێك لەو جووانە نەچوونەوە و لەكوردستان مانەوە، لێرە مانەوە و تا لە ساڵانی چلەكانی سەدەی بیستەم دەوڵەتی ئیسرائیل دروست بوو، ئەو كات ڕۆیشتنەوە، كاتێكیش لە سەدەی یەكی زاینی ئایینی مەسیحی بڵاو بووەوە، دووان لە موژدەبەرەكان هاتنە حدیابی، كە ئەو سەردەمە شانشینێكی كۆنی باشووری كوردستان بوو، كە دەكەوێتە باكووری هەرێمی دێرینی میزۆپۆتامیا كە هەولێری ئێستا دەكات. ئەم موژدەبەرانە لە قەڵای هەولێرەوە ئایینی مەسیحییان لە ناوچەكە بڵاو كردەوە. دواتر ئایین و ئایینزاكانی دیكە لە دەڤەرەكە هەمووان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، وەكو سائیبەی مەندائی كە لە سەردەمی دێرینەوە ئازار دراون، بەشێكی زۆریان ڕوویان لە ناوچەكانی كوردستان كردووە. مێژوو لە ساڵی 2005 دووبارە بووەوە و هەمدیسان سائیبەی مەندائی لە ترسی كوشتنیان لە پارێزگای بەسرا و بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی خوارووی عێراقەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردەوە و، سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئەوكاتە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دوو خانووی بۆ دابین كردن، وەكو پەرستگەی مەندی و ئەوی دیكەیان بۆ بەڕێوەچوونی كاروباری ڕۆژانەیان، ئەمە و ئایینی بەهائی كە لە ناو ئێران دەرچوو، لە ئێستادا پەیڕوانی لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، سەرچاوە بەهائییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە كاتێك دامەزرێنەری ئایینەكە بەهائوڵا ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات، لەلایەن شێخ عوسمانی بیارە و شێخ عەبدولڕەحمان نەقشبەندییەوە ڕێزێكی زۆری لێ نراوە، تەنانەت خودی بەهائوڵا لە یەكێك لە نووسراوەكانی خۆیدا دەڵێت: «خۆشترین ڕۆژانی ژیانم ئەو دوو ساڵە بوو كە لە كوردستان ژیام..». ئایینەكانی دیكەی ئێزدی و كاكەیی و زەردەشتی كە بەشێكی ڕەسەنی پێكهاتەی گەلی كوردن و تێكەڵاوی ئازار و خۆشی و ناخۆشییەكانمان بوون، لەسەردەمی هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیشدا بەهەمان شێوە ڕێزێكی زۆر لەو ئایینە نراوە و كورد ڕۆڵی سەرەكی لە شارستانیەتی ئیسلامی گێڕاوە. لە سەردەمی خارەزمییەكان كاتێك لێیان دەقەومێت، لە ژێر فشاری مەغۆلەكان ڕاستەوخۆ ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن. هەموو ئەو ئایین و ئایینزایانەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، دەڵێن خاكیترین و بەڕێزترین و مرۆڤدۆسترین نەتەوە نەتەوەی كوردە، چونكە خۆی لە هەموو سەردەمێكدا قوربانی بووە و زوڵمی لێكراوە، بۆیە لە هەموو نەتەوەیەك زیاتر نزیك بووە لە ئازار و مەینەتییەكانی لێقەوماوەكان و هەرگیز پەلاماری هیچ خاك و نەتەوەیەكی دیكەی نەداوە. بەداخەوە منیش لەگەڵ ئێوە هاوڕام كە ئەم مێژووە دەوڵەمەندەی هەمەڕەنگی و پێكەوەژیانی ئایینی و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستان فەرامۆش كراوە و وەكو پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، ئەگەرچی سەركردەكانی كورد، بەتایبەتی مەلا مستەفا بارزانی ئەم ڕەسەنایەتییەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و كەلتووری كوردی لە خۆیدا بەرجەستە كردووە، بەتایبەتی لە ڕێزگرتن لە ئایین و ئایینزاكان و نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان، لە سەرەتای دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستانیش بە یاسا و بڕیاری جیاواز ڕێز لە مافی پێكهاتەكان گیراوە، تا لە دەركردنی یاسای ژمارە 5 لە ساڵی ٢٠١٥ گەیشتە لووتكە.

* ئایا مێژوو و نەریت و شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام تاچەند هۆكار بووە، بەوەی زانا و مامۆستای ئایینی و سەركردەكانی كوردیش لە مێژوودا بۆ پاراستنی پێكەوەژیانی ئایینی ڕۆڵێكی گەورە بگێڕن؟

- لە ناو مێژووی ئیسلامدا چەندان زانا و مامۆستای ئایینی گەورەی كورد هەن، وەكو شێخ سەڵاحی شارەزووری و ئەحمەدی كوڕی ئیسماعیلی گۆران و مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس، دەیان زانای دیكەمان لە بواری فیقهی و ئوسووڵی و تەفسیر و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د خ) هەیە، بە هەمان شێوە زۆربەی سەركردەكانی كوردیش دەرچووی مزگەوت و تەكیە و خانەقاكانن و شارەزاییەكی باشیان لە زانستی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا هەبووە، ئەوەتا كاك ئەحمەدی شێخ و شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ مەحموودی حەفید و شێخ ئەحمەد بارزانی و قازی محەمەد و مەلا مستەفا بارزانی ئەمانە هەمووی مەلا و زانا بوون و لە بواری شەریعەتی ئیسلامی بلیمەت بوون و نیشتمانپەروەری و بەرزیی هزری نەتەوەییشیان بەشێكی زۆری لە ئایینەكەیانەوە سەرچاوەی گرتووە، بە باكگراوەندە ئیسلامی و مێژووە نەتەوەیی و دڵسۆزییەكەیان بۆ خاكەكەیان، نموونەی پاراستنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئەو پێكەوەژیانە ئایینییە بوون، كە كوردستانی پێ ناسراوە و خودای گەورە و میهرەبان و پێغەمبەرمان (درودی خوای لەسەر بێت) بانگەشەی بۆ كردووە .

* زۆربەی زانایان و مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و تەنانەت پیاوانی ئایینی و ئایینزاكانی دیكەش لە دەوری مەلا مستەفا بارزانی كۆ بوونەتەوە و عیبادەت و نیشتمانپەروەری و هزری نەتەوەییان لە خزمەتی مافە ڕەواكانی نەتەوەكەیاندا بووە، ئایا تاچەند لەم ڕۆژگارەدا توانراوە ئەو ڕەسەنایەتییەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بپارێزرێت؟

- نزیكبوونەوە و كۆبوونەوەی زانای ئیسلامی و مامۆستا و ئەهلی مزگەوت و تەكیە لە دەوری بارزانی و پاڵپشتییان بۆ شۆڕشی ئەیلوول، بۆ ئەو هزر و بیروباوەڕ و ڕەفتارە دەگەڕێتەوە، كە ئەم سەركردە گەورەیەی كورد پێی ناسراو بوو. كە ڕێزێكی بێپایانی بۆ مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و هەموو پێكهاتە ئایینییەكان هەبووە، خۆی نەك تەنیا بە بەشێك لەوان زانیوە، بەڵكو داكۆكیكاریان بووە و ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و داواكاریی خودا و فەرموودەكانی پێغەمبەر و نیشتمانپەروەری و دڵسۆزی بۆ نەتەوە، ئاوێتەی هزری مەلا مستەفا بوو. دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش هەر لەسەر دەستی مەلا مستەفا بووە، تاوەكو مەلا و مامۆستایانی ئایینی خۆیان پارێزگاری لە ڕەسەنایەتیی ئایینەكە بكەن و ڕێگە نەدەن، فكر و دیدی توندوتیژی و دوور لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بهێنرێتە ناو نەتەوەی كوردەوە. دید و هزری مەلا مستەفا بارزانی مرۆڤدۆستانە و نیشتمانپەروەرانە و دژی هەموو زاڵمێك بووە، باوەشی كردەوە بۆ هەمووان و ئامانجی گەیاندنی نەتەوەكەی بوو بۆ كەناری ئارامی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی. لە شۆڕشی ئەیلوولدا پێشمەرگەی موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی و كاكەیی و هەموو ئایین و نەتەوەكانی دیكە لە دەوری بارزانی كۆببوونەوە و دژی زاڵم و چەوسانەوە خەباتیان دەكرد. مەلا مستەفا بارزانی وەكو موسڵمانێكی ڕەسەن و نیشتمانپەروەر و بە دید و هزرێكی مرۆڤدۆستی هەموو ئایینزاكانی پێكەوە كۆكردبووەوە. ئەو سەركردەیە لەسەر ئەرمەن و ئێزدییەكانی كردووەتەوە، كاتێك مەلا مستەفا نەخۆش دەكەوێت و لە ئەمریكا لە مۆڵێك لەگەڵ موحسین دزەیی دەبێت، پیاوێكی ئەرمەن كاتێك دەزانێت ئەوە مەلا مستەفایە، باوەشی پێدا دەكات و دەڵێت تۆ باوك و دایكمت لە كۆمەڵكوژی ڕزگار كرد. مەلا مستەفا بارزانی تەنیا هەر سەركردەیەكی شۆڕشگێڕ نەبووە، بەڵكو چاكسازیخوازێكی گەورەش بووە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە و مافی بۆ ئافرەتان گەڕاندووەتەوە و گەورە بە بچووك و بەشوودانی سەر لانكە و پێدانی ئافرەت لەبری خوێن و شیربایی و ژنبەژنی نەهێشتووە و، پاراستنی ژینگە و ڕێزگرتن لە هەموو ئایین و ئایینزا و پێكهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەكانی بە ئەركێكی نیشتمانی زانیوە، بۆیە مێژووی ئەم سەركردەیە دەبێت بە ئاوی زێڕ بنووسرێتەوە.

 زۆر گرنگە بۆ پتر پایەداركردنی پێكەوەژیان لە پەروەردەوە دەست پێبكەین لەنێو خێزانەكانەوە و دواتر لە قوتابخانە و ئەوجا لە خوێندنی باڵاوە، دەبێت ڕاڤەكردنێكی نوێ بۆ قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) بكرێت، دوور لە بیروبۆچوونی توندوتیژی كە نامۆیە بە ڕۆحی شەریعەت و بنەما سەرەكییەكانی ئیسلام.

* كەواتە پێویستە چی بكەین بۆ ئەوەی دید و بۆچوونی توندوتیژی و ڕەتكردنەوەی بەرانبەر و فكری نامرۆڤانە بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلام نەهێنرێتە ناو گەلەكەمان و، زیان بە پیرۆزیی ئیسلام و ئەو ڕەسەنایەتییەكەی نەگەیەنێت، كە ساڵەهای ساڵە كوردستانی پێ بەناوبانگە؟

- پاراستنی ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەناو كورد و ڕێزگرتن لە پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان، هەروەكو ئاماژەمان پێدا كەلتوورە، هەندێك لە سەركردەكانمان پەرەیان پێ داوە و لە خۆیاندا بەرجەستەیان كردووە. لە مێژووی هاوچەرخماندا كاك مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی كورد و كوردستانییان نموونەیەكی دیاری دەستگرتنە بە كەلتووری پێكەوەژیانەوە، ئەمڕۆ ئەم كەسە كاریزما و ڕێبەرەی كورد، هەموو زاناو مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پیاوانی ئایینی مەسیحی و ئێزدی و كاكەیی و تەنانەت سوننە و شیعە و نەتەوە جیاوازەكان ڕێزی زۆری لێ دەگرن، ئەو كۆكەرەوەی هەموو جیاوازییەكانیشە، لەسەر ئاستی جیهانیش پاپای ڤاتیكان و ڕێبەرانی ئایین و ئایینزا جیاوازەكان ڕێزێكی زۆر لەم سەركردەیە دەگرن. سەرۆك بارزانی لەسەر هزر و دیدی عەقیدەی بارزان و سەركردە گەورەكانی ئیسلام لەناو كورددا درێژەپێدەری ڕەوتی ئەوانە، دڵنیام ئەم ڕەوتە لە خودی كاك مسرور و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا بەردەوامیی هەیە و درێژەی پێ دەدات و لەسەر هەمان ڕێچكە دەڕوات. بۆیە ئەركی هەمووانە قسە و دید و بۆچوونەكانی سەرۆك مەسعود بارزانی بكەینە كردار و بە دڵسۆزییەوە جێبەجێی بكەین، بەتایبەتی لەم ڕۆژگارەدا كە دوژمنانی كورد و نەیارەكانی ئەم ئەزموونەی كوردستان زۆر بوون و زیان بە پێكەوەژیان و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ئارامی و سەقامگیریی خەڵكی كوردستان دەگەیەنن. لە مێژوودا ئەم دژایەتیكردنە زۆرە و ئەم عەقڵییەتی پەراوێزخستن و جینۆساید و ڕەتكردنەوەی كورد هەبووە و بەردەوامیشی هەیە، بەڵام بەردەوام سەركەوتن بۆ ئەوانەیە كە لەسەر ڕێگەیەكی ڕاست دەڕۆن. دەسەڵاتدارانی عێراق مادام لەسەر ڕەوتی تاكڕەوی و ڕەتكردنەوەی بەرانبەر و زوڵم و چەوسانەوە دەڕۆن، هەرگیز سەركەوتوو نابن، لە قورئانی پیرۆز هاتووە: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَيٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا * إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ * إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ). بەداخەوە دەسەڵاتدارانی عێراق نەیانتوانیوە هەم لە پەیوەندی لەگەڵ پێكهاتە ئایینییەكان، هەمیش لە پەیوەندی لەگەڵ نەتەوە جیاوازەكان مامەڵەیەكی سەنگین و سەركەوتووانە بكەن.

 

Top