هونەرمەند هەرێم محەمەد بۆ گوڵان: لەم سەردەمەدا گۆرانیی سینگڵ پێویستە بۆ ئەوەی بە خێرا بگاتە جەماوەر

هونەرمەند هەرێم محەمەد بۆ گوڵان: لەم سەردەمەدا گۆرانیی سینگڵ پێویستە بۆ ئەوەی بە خێرا بگاتە جەماوەر

هونەرمەند هەرێم محەمەد توانیویەتی بە بەرهەمە جوان و تایبەتەكانی، خۆی جیا بكاتەوە لە نێو گۆرانیبێژەكانی دیكەدا، بەم دواییە چەند بەرهەمێكی خۆی بە شێوازی سینگل بڵاو كردووەتەوە، وەكو خۆی دەڵێت حەز دەكات زوو زوو دەربكەوێت، بۆیە ئەم شێوازەی گرتووەتەبەر، لە دەرفەتێكدا هونەرمەند هەرێم محەمەد بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

دیمانە/ئەحمەد تاریق

*لە لایڤ موزیكد زیاتر داوای كام گۆرانیت لێ دەكرێت ؟

-لایڤ موزیك لەو شوێنانە دەكەم كە شوێنێكی جوان و خەڵكی جوانی لێ كۆدەبێتەوە، لەوێ ئەم گۆرانیانەم زۆر لێ داوا دەكرێت كە گۆرانییەكانی خۆمن، لەوانە گۆرانییەكانی (ئازار ئازار، پیر بوومە و تەبیب) ئەو سێ بەرهەمەم بووەتە جێگەی سەرنج و خواستی هەموو جەماوەرەكەم، من حەزێكی تایبەتم بۆ هەموو بەرهەمەكانم هەیە، بێ جیاوازی هەموو بەرهەمەكانم خۆش دەوێت و بوونەتە بەشێك لە ژیانم، بۆیە هەمیشە حەز دەكەم لە لایڤەكانمدا ئەو گۆرانییانە بڵێمەوە كە جەماوەر داوای دەكەن و حەزیان لێیەتی.

*ئەگەر لایڤ موزیك نەكەیت، دەتوانیت بە هونەرەكەت بژیت؟

-بەڵێ، چونكە من كەسێكی دەستڕەنگینم و جگە هونەری گۆرانیگووتن چەند كارێكی دیكە شارەزاییم هەیە، بەر لەوەی كاری هونەری بكەم كاری ڕاگەیاندن و ئەندازیاریی دەنگیشم كردووە.

*گۆرانیی (بەڵێن) یەكێك بوو لە گۆرانییەكانی تەنیا ئیدریس، هەڵوێستی چی بوو؟

-هونەرمەند تەنیا ئیدریس ئاگادار بوو لەوەی كە ئەم گۆرانییەی دەڵێمەوە، كە بڵاو بووەوە بەرهەمەكەی بینی و دەستخۆشیی لێكردم.

هونەرمەند هەرێم محەمەد بۆ گوڵان: لەم سەردەمەدا گۆرانیی سینگڵ پێویستە بۆ ئەوەی بە خێرا بگاتە جەماوەر

*گۆرانیی ئازار ئازار دەنگدانەوەكی باشی هەبوو، ئایا ئازاری خۆت بوو كردت بە گۆرانی؟

-هیچ كەسێك نییە ئازاری نەبێت ئەو بەرهەمەش كە دروست بوو ئازاری خەڵك بوو نەك هی خۆم، چونكە بە حوكمی ئەوەی ڕۆژانە لە ناو خەڵكداین دەزانین چ ئازارێكی هەیە، ئێمەش دەیكەینە گۆرانی.

* ئەو ئامانجە چییە كە حەز دەكەیت پێی بگەیت؟

-لە هونەردا حەز و خەونێكی گەورەم هەیە، بۆیە حەز دەكەم بە هونەرەكەم بتوانم بەرهەمەكانم بە هەر چوار پارچەی كوردستان بگەینم و وڵاتانی دراوسێش ئاشنایەتییان بە هونەری كوردی هەبێت، حەزدەكەم وەكو كەسایەتییە نەمرەكان بەرهەمەكانم پاش چەندین ساڵی دیكە بە زیندوویی بمێننەوە.

*هونەرمەند فەرهاد زیرەك هاوڕێیەكی نزیكتە و بە مامۆستای خۆتی دەزانیت، ئەو چ ئامۆژگارییەكت دەكات؟

-مامۆستا فەرهاد زیرەك هونەرمەندێكی گەورە و جوانە هونەری جوان و سەردەمییانەی پێشكەش كردووە و، جەماوەرێكی تایبەت بە خۆیی دروست كردووە، هەمیشە پێم دەڵێت كەسایەتی و هونەرەكەت بپارێزە و شتێك مەكە لە دواڕۆژدا كاریگەریی لە كەسایەتیت بكات.

*چۆن دەتوانیت وا بكەی كارەكان جیاواز بن؟

-پێویستە كارێك بكەیت جیاواز بێت لە هونەرمەندەكانی دیكە، هەروەها لەگەل حەزی گوێگردا كاربكەیت و ستایلێكی جیاواز و چیرۆكێكی جیاواز بێت لەگەل بەرهەمەكانی ئێستا.

*ماوەیەك لە ڕاگەیاندن كارت دەكرد، بۆچی ئێستا لە ڕاگەیاندندا نابینرێیت؟

-لە ڕاگەیاندندا وەكو تەكنیككار كارم دەكرد نەك ڕاگەیاندنكار، بەڵام ئێستا كارناكەم و زیاتر بە هونەرەكەم سەرقاڵم و دەمەوێت ئەو پەیامەی لە هونەردا هەمە بیگەینم.

*لە گۆرانییەكتدا باسی گەڕەكی تەیراوە دەكەیت، بۆچی لەم هەموو گەڕەكە بەس تەیراوەت باس كردووە؟

-گۆرانیی (ماڵی یار) باسی هەموو گەڕەكەكان دەكات، لەوانەش تەعجیل و تەیراوە، بە حوكمی ئەوەی دوو گەڕەكی كۆن و جوانی ئەم شارەن، بۆیە پێم خۆش بوو لە تێكستەكەدا هەبێت، ئەگەرنا هەموو كووچە و كۆڵانەكانی كوردستان بە ماڵی خۆمیان دەزانم.

*ژیانی هەرێم محەمەد چۆنە؟

-وەكو كەسێكی ئاسایی ژیانی خۆم دەكەم و هیچ گۆڕانكاری بە سەر ژیانی مندا نەهاتووە، ڕۆژانە بە لایڤ موزیك و هونەرەكەم و وەرزشەوە كاتەكانم بەسەر دەبەم.

*پرۆزەی تازەت چییە؟

-خەریكی ئەنجامدانی چەند بەرهەمێكم، بەڵام بە حوكمی ئەوەی كەوتینە نێو مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە بەرهەم و لایڤ موزیكەكانم لەم مانگەدا دەوەستێنم، دوای جەژن ئیتر دەست بە كارەكانم دەكەمەوە و بەرهەمی نوێش بڵاو دەكەمەوە.

*زۆرێك لە هونەرمەندان كە دەگەنە ئاستێكی باش، لە هونەر دادەبڕێن، تۆش لە ئاستێكی باشی هونەریدایت، بیرت لە واز هێنان لە هونەر نەكردووەتەوە؟

-هەر هونەرمەندێك بیركردنەوەكی جیاوازی هەیە، من هەرگیز بیرم لەوە نەكردووەتەوە لە هونەرەكەم دوور بكەومەوە، چونكە هونەر شتێكی تایبەتی ژیانی منە.

*بۆچی گۆرانییەكانت بە سینگڵ بڵاو دەكەیتەوە نەك ئەلبووم، ئایا بیرت لەوە نەكردووەتەوە بە ئەلبووم گۆرانییەكانت بڵاو بكەیتەوە؟

-لەم سەردەمەدا دەبێت كاری خێرا بكەیت، ئێستە سەردەمی جاران نییە كە بە یەكجار دوازدە گۆرانی بەیەكەوە بڵاو بكەیتەوە، دەبێت جەماوەر زوو بەرهەمەكانی بەدەست بگات و كارێكی جوان و جیاواز بكەیت.

Top