خانمان مانگی ڕەمەزان دەكــەنە دەرفەتێك بۆ خۆلاوازكردن

خانمان مانگی ڕەمەزان دەكــەنە دەرفەتێك بۆ خۆلاوازكردن

ئافرەت سەرباری كار و فرمانی ئیداری، لە ئەركە سەرەكییەكەی وەك كابانی ماڵ و پەروەردەی منداڵ دانەبڕاوە و پێداویستیی هاوسەر و منداڵەكانی بە زیادەوە جێبەجێ دەكات، لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزانیش بە هۆی ئەوەی زۆربەی ئافرەتان وەك پیاوان بەڕۆژوو دەبن، ئەرك و ماندووبوونیان گەلێك زیاتر دەبێت. هاوكات بەشێكی خانمان هەوڵ دەدەن ماندووبوون و ڕۆژووگرتنی ئەم مانگە بكەنە دەرفەتێكی باش بۆ دابەزاندنی كێشیان، لەم ڕاپۆرتەشدا ڕاوسەرنجی خۆیان لەو بارەیەوە بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەخەنەڕوو.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«من بەرنامەیەكی زۆر باشم بۆ خۆم داناوە و سوودی زۆرم لێی بینیوە، تا ئەو ئاستەی تا نیوەی ڕەمەزان توانیومە سێ كیلۆ لە كێشم دابگرم، سەرەتا بە دەنكێك خورما و پەرداخێك ئاو بەربانگ دەكەمەوە و دواتر نوێژەكەم دەكەم، ئینجا قاپێك شۆربا دەخۆم و دوای ئەویش قاپێك زەڵاتە، ئینجا كەمێك ژەمی سەرەكی دەخۆم، دوای ئەوە بە پێ دەچم بۆ مزگەوت و نوێژی تەراویح دەكە».

ئەوە قسەی دیمەن فایەق بوو. ئەو ئافرەتێكی تەمەن 40 ساڵەیە و وەك خۆی باسی دەكات، ساڵانێكە بە دەستی قەڵەوییەوە دەناڵێنێت. هەر لەمبارەیەوە دەڵێت: «هیچ پارێز و وەرزشكردنێك بە قەد ڕۆژووگرتن و نوێژەكانی تەراویح سوودی تەندروستی بۆ من نەبووە، بە هۆی ڕۆژووگرتن هەم كێشم دادەبەزێت، هەمیش باری تەندروستیم جێگیر و باشتر دەبێت، هەروەها تاوەكو پارشێو بە بەردەوامی دەمم ناجووڵێ و خواردن بە بەردەوامی ناخۆم، زیاتریش خەیار و ترۆزی و چەرەز دەخۆم، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا شەوانە دەنووم و بۆ پارشێو هەڵدەستمەوە و خواردنێكی سووك دەخۆم، چونكە خواردنی پارشێو یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی لە كاتی بەربانگدا كەمتر بخۆم. بەمجۆرە تووشی سك ئێشە و سك ئاوسان نابم، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دوای نوێژی بەیانی نانوومەوە، خۆم بە ڕێكخستنی ناوماڵ سەرقاڵ دەكەم و سەعات هەشت دەچم بۆ دەوام».

د. ئازاد مەنتك، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ و هەناوە و لە ڕووی تەندروستییەوە بەمجۆرە شرۆڤەی سوودەكانی مانگی ڕەمەزان دەكات: «بەڕۆژووبوون لە مانگی ڕەمەزاندا هەنگاوێك دەبێت بۆ دروستكردنی دەوروبەری تەندروست؛ بێگومان كاتێك مرۆڤ دەوروبەری تەندروست بێت؛ ئەوا، جەستە و دەروونی تەندروست و ساغ دەبێت. قەڵەوی لەم ڕۆژانەدا بە نەخۆشیی سەردەم دادەنرێت و هەر كاتێك قەڵەوی بڵاو بووەوە؛ نەخۆشی شەكرە و فشاری خوێن و نەخۆشییەكانی دڵ زیاد دەبێت. مانگی ڕەمەزان مانگێكی خۆپاراستنە لە قەڵەوی و دەبێتە هۆی دابەزینی كێشی لەش بە ڕێژەی (٣.٨ كگم) و زۆر كەسیش لەو ڕێژەیە زێدەتر كێشیان دادەبەزێت. خۆ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و پێشكەوتووش لە زۆر بواری پزیشكیدا بەڕۆژووبوونی موسڵمانان وەكو چارەسەر و خۆپاراستن لە زۆربەی نەخۆشییە سەردەمییەكان بەكار دێت. ڕۆژووگرتن لەگەل ئەوەی فەڕزێكی ئایینیە، لە هەمان كاتدا ئەگەر بە گوێرەی ڕێنمایی ئایینی و تەندروستی پیادە بكرێت، ئەوا؛ دەكرێت سوودی تەندروستی لێ وەربگیرێت. هەموو دیراسەكان كە لەسەر سوودی ڕۆژووگرتن لە مانگی ڕەمەزاندا كراون، ئەوە دەسەلمێنن؛ كە بەڕۆژووبوون دەبێتە هۆی دابەزاندنی كێشی لەش بە ڕێژەی (٣.٥ - ٥ كگم). دەبێت ئەوە بگوترێت؛ ئەوە ئەگەر كەسەكە هاتوو بە شێوازێكی تەندروست بەڕۆژوو ببێت. دەنا جاری وا هەیە بەتایبەت لەو كۆمەڵگەیانەی، كە ڕۆشنبیریی گشتی لاوازە و هۆشیاریی تەندروستی كەمە، زۆر جار هاتنی مانگی ڕەمەزان وادەكات، كەسەكان كێشی لەشیان زیاد بكات، چونكە جۆر و چەندێتی خۆراك زیاد دەكەن و جووڵەیان نابێت».

سارا حوسێن خۆراكناس و ڕاهێنەری وەرزشی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «وەك ئاشكرایە زۆربەی هاووڵاتیان ڕۆژووگرتن جگە لە بەجێهێنانی فەرزەكە، دەیكەنە ئامرازێك بۆ خۆلاوازكردن، بەڵام پرسیار ئەوەیە كە تاچەند سوودی بۆ جەستە هەیە؟ بێگومان ڕۆژوگرتن سوودی زۆری بۆ جەستە هەیە، ئەگەر بتەوێت لەم مانگە كێشت دابەزێنیت، هەر ئەوەندەی سیستەمێكی خواردنی تەندروستت هەبێت و زۆرخۆری نەكەیت، كێشت دادەبەزێت، بەڵام بە پێچەوانەوە كە شیرینی و خواردنی ناتەندروست زۆر بخۆی، نەك كێشت دانابەزێت، بەڵكو زیادیش دەكات. زۆر پێویستە خواردنەوەی ئاو لەبیر نەكەین و لە كاتی بەربانگ تاوەكو پارشێو ئاوی زۆر بخورێتەوە.

بەرنامەی خواردن و وەرزش بەپێی كەسەكە وە بەپێی توانا و تەمەنی دەگۆڕێت، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی بۆ هەمووان پێویستە دوور بن لە خواردنی شیرینی و شەربەت و خواردنی سووركراو، تا بتوانن دەبێت خواردنی باش و تازە و سەوزە بخۆن. پارشێوان نابێت خواردنی سوورەوكراو و هەویركاری و ناوساجی بخورێت، بەڵكو بە بەرنامە پێویستە گوێز، پەنیر، ماست، زەیتوون و هێلكە كەم كەم بخورێت».

 شەرمین سلێمان مامۆستای بنەڕەتییە و بەمجۆرە باسی چیرۆكی خۆلاوازكردنەوەی لە مانگی ڕەمەزاندا دەكات: «لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان دوو هێندەی جاران ماندوو دەبم، ئامادەكردنی بەربانگ و پارشێوی خێزانێكی گەورە و گران ئەوەندە ئاسان نییە، بەتایبەتی ئەمساڵ كە كچەكانم ناتوانن یارمەتیم بدەن، چونكە قوتابین و خەریكی تاقیكردنەوەن، ئەوەش بۆ من دەرفەتێكی باشە، تاوەكو بتوانم وەكو ساڵانی ڕابردوو كێشم دابەزێت، هاوسەرەكەم نەخۆشیی شەكرەی هەیە، شەوانە دوو جۆر هەویر دەشێلم، یەك گەنم بۆ خۆمان و یەكیش جۆ بۆ هاوسەرەكەم. بۆ منداڵەكان برنج و بۆ ئەویش ساوار لێدەنێم، خەسوو و خەزووریشم نەخۆشن، بۆیە هەموو خواردنەكان بە دوو مەنجەڵ لێدەنێم، یەكی بێ خوێ و بێ ڕۆن، ئەوی دیكە ئاسایی بۆ خۆمان. هێشتا نان نەخوراوە، دەبێت چای ئامادە بێت، شەوێك هەندێ درەنگ چام بۆ مێردەكەم هێنا، لە ڕقان بەبێ چاخواردنەوە چوو بۆ تەراویح، تا دوو ڕۆژیش قسەی لەگەڵ نەكردم.

من لەگەڵ ئەو هەموو ڕاكە ڕاكەم، خواردنی نان و سەموون و شیرینیم تەرك كردووە، تەنیا خورما دەخۆم، گرنگیی زۆر بە سوپ و زەڵاتە دەدەم و گەدەم بە زەڵاتە پڕ دەكەم، هەروەها لەگەڵ هاوژینەكەم دەچم بۆ نوێژی تەراویح. ئەوانەش هەمووی بۆ دابەزینی كێشم بەسوود بوون».

 

خانمان مانگی ڕەمەزان دەكــەنە دەرفەتێك بۆ خۆلاوازكردن
خانمان مانگی ڕەمەزان دەكــەنە دەرفەتێك بۆ خۆلاوازكردن
Top