کەوتنەخوارەوەی دوو هەلیکۆپتەری ژاپۆن لە زەریای هێمن

کەوتنەخوارەوەی دوو هەلیکۆپتەری ژاپۆن لە زەریای هێمن

 

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی دوو هەلیکۆپتەری هێزی دەریایی ژاپۆن لە زەریای هێمن، كەسێك گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکیش بێسەروشوێن بوون.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ژاپۆن ڕایگەیاند: کە ڕۆژی شەممە لە زەریای هێمن ڕووداوێک لەگەڵ دوو هێلیکۆپتەری هێزی دەریایی لە زەریای هێمن ڕوویدا، کەسێک گیانی لەدەست دا و حەوت کەسیش بێسەروشوێن بوون. مینۆرو کیهارا وەزیری بەرگری ژاپۆن گوتی: غەواسەکان ئەو شتەیان بینیوە کە پێدەچێت بەشێک بێت لە کۆپتەرێک لە دەریادا، ئێمەش پێمان وایە ئەو دوو کۆپتەرە کەوتوونەتە خوارەوە.

وەزارەتی بەرگری ژاپۆن ڕایگەیاند: کە پێدەچێت ئەم دوو هێلیکۆپتەرە پێکدادانیان لەگەڵ یەکتردا کردبێت. ئەم ڕووداوە لە نزیک کۆمەڵگەی دوورگەکانی ئیزو کە ٦٠٠ کیلۆمەتر لە باشووری تۆکیۆوە دوورە و لە کاتی مانۆڕێکی سەربازیدا کۆپتەرەکان کەوتنە خوارەوە.

وەزیری بەرگری ژاپۆن گوتی، هەرچەندە هیچ ئومێدێک نییە بۆ دۆزینەوەی کەسە ونبووەکان بە زیندوویی، بەڵام ئۆپەراسیۆنی گەڕان بە شێوەیەکی بەهێز بەردەوام دەبێت.

پێویستە بگوترێ لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ کۆپتەرێکی سوپای ژاپۆنی بە ١٠ سەرنشینەوە لە دوورگەی میاکۆ لە باشووری ئۆکیناوا کەوتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top