جینەكان یان ستایلی ژیان.. كامیان كاریگەرترە بۆ تەندروستی؟

جینەكان یان ستایلی ژیان..  كامیان كاریگەرترە بۆ تەندروستی؟

بۆ ئەوەی كە تووشی هەمان ئەو نەخۆشییە ببیت كە لە ئەندامانی خێزانەكەتدا هەیە، پێكهاتەی جینەكانت Genetic makeup بە تەواوی یەكلاكەرەوە نین، بە مانایەكی دیكە مێژووی خێزانت دەتخاتە ژێر ڕیسكی تووشبوون، بەڵام لەوانەیە كە هۆكارەكانی ستایلی ژیانت ڕۆڵێكی گەورەتریان هەبێت بۆ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییانەی كە لە خێزانەكەتدا بە ڕێگەی جینەكان دەگوازرێنەوە. ئەگەر تەندروستی بە سادەیی لەسەر جینەكانتدا نووسرابن، كەواتە ئامانج لە مەشقی وەرزشی و خۆراكی تەندروست چی دەبێت؟ ڕاستییە زانستییەكە ئەوەیە كە بۆ زۆربەی كەسەكان، تەنانەت ئەگەر جینەكان ئەگەری تووشبوون بە گەلێك نەخۆشی زیاد بكەن، ئەوا بە ستایلێكی ژیان كە خۆراكی تەندروست و مەشقی وەرزشی لەخۆبگرێت، كاریگەرییەكی ئەرێنی گەورەی دەبێت بۆ گرفتەكانی وەكو نەخۆشیی دڵ، نەخۆشیی شەكرەی جۆری دوو، شێرپەنجە، لەگەڵ نەخۆشیی ئەلزەهایمەر. سیفاتە جینییەكان لەوانەیە كە هیچ كاریگەرییەكیان بۆ تووشبوون بە نەخۆشی نەبێت ئەگەر چەند ورووژێنەرێكی دەوروبەر و ستایلی ژیان لە ئارادا نەبن. ئەو هۆكارانە كاریگەری دەكەنە سەر ئاراستەی كاركردنی ماددەی جینی یان DNA لە لەشدا، بۆنموونە خۆراكی ناهاوسەنگ و ناتەندروست، جگەرەكێشان، یان ئەنجام نەدانی مەشقی وەرزشی ڕۆڵی گەورەیان هەیە بۆ گۆڕینی ئاراستەی جینەكان بۆ لایەنی نێگەتیڤ یان تووشبوون بە نەخۆشییەكانی تەمەن، وەكو نەخۆشیی دڵ و شەكرە.

 

Top