وڵاتێکی گەورەی جیهان پشتگیریی خۆی بۆ تورکیا راگەیاند

 وڵاتێکی گەورەی جیهان پشتگیریی خۆی بۆ تورکیا راگەیاند
وڵاتێکی گەورە و بەهێزی جیهان پشتگیری بۆ ئابووری و ئاسایشی کۆماری تورکیا راگەیاند.



بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری چینی میللی، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە.



لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وانگ یی رایگەیاندووە، وڵاتەکەی پشتگیریی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئابووریی و ئاسایشی تورکیا دەکات و دڵنیایە لەوەی ئەو وڵاتە دەتوانێ رووبەڕووی ”تەنگوچەڵەمە تێپەڕیوەکان“ ببێتەوە.



بەهۆی سەپاندنی رسوماتی گومرگیی زیاتر بەسەر کاڵا تورکییەکانەوە لەلایەن ئەمریکاوە، ئابووریی تورکیا شڵەژاوە و لیرەی تورکی %40ـی بەهاکەی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە دەست داوە.



ئێوارەی رۆژی هەینی 17/8/2018 (لە کاتی داخستنی بۆرسەی دراو لە دوا رۆژی هەفتەدا، کە تا سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە لەم بەهایە جێگیر دەبێت)، بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 601 لیرە بوو، لە کاتێکدا، لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو، لە زیاتر لە 700 لیرەوە دابەزی بۆ 585 لیرە.



دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەهۆی دروستبوونی کێشەیە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا، کە زۆرتر بەهۆی قەشەیەکی ئەمریکییەوەیە.



کێشەکان زۆرتر بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دروست بوون، کە حکوومەتی تورکیا بە سیخوڕیکردن بەسەر تورکیا و هاوکاریکردنی فەتحوڵڵا گیولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەت، تۆمەتباری دەکات.



پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ تورکیا، بڕیاری لادانی بەخشینی تورکیای لە رسووماتە گومرگییەکان دابوو، بەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە کەلوپەلی هەناردەی تورکیا بۆ ئەمریکا دەگات، کە زیانەکە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.



قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.



حکوومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گیولەن بە پیلاندانان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا لە تەمموزی 2016 تۆمەتبار دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات بینێرێتەوە تورکیا، کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دادەنیشێت.




باسنیووز
Top