"ژیان لەسەر سنوور"ـی منداڵانی کۆبانێ و شنگال لە فیستیڤاڵی فیلمی بەرلیندا

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی بەھمەن قوبادی، بەشداریی لە 66مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیادا دەکات.

ئەم فیلمە لە لایەن ئانجێلینا جوولی ئەستێرەی بەناوبانگی سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان پشتیوانی لێدەکرێت.

لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا رۆژی 18ی شوبات 2016 لە بەشی "نمایشی تایبەتی مافووری سوور" لە میانەی 66مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین لە شاری بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم خولەی فیستیڤاڵی گرینگی فیلمی "بەرلیناڵە" بە ئامادەبوونی مریل ستریپ ھەڵگریی سێ خەڵاتی ئۆسکار وەکوو سەرۆکی لێژنەی دادوەران و بە نمایشی بەرھەمی فیلمسازانی ناوداری سینەمای جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "سەرەکی بەرلیناڵە"، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم" و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: "پانۆڕاما"، "نمایشی تایبەت"، "نمایشی سینەمای کلاسیک" و چەندین بەشی دیکە رۆژی 11 فەبرایەر 2016 بە نمایشی فیلمی سینەمایی "سڵاو لە سێزار" لە دەرھێنانی برایانی کۆئێن لە شاری بەرلین دەستپێدەکات و تاکوو ەۆژی 21ی فەبرایەر 2016 بە نمایشی کۆمەڵێک فیلمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە وڵاتی ئەڵمانیا درێژەی دەبێت.

"ژیان لەسەر سنوور" هەشت ئێپیزۆدە و بە گشتیی فیلمێکی دیکۆمێنتاریی ٧٣ خولەکییە کە بە رێنوێنی و راوێژیی چەندین سینەماکاری کورد، لەوانە: ئومید راستبین، حەمید قەوامی، بیژەن زەمانپیرا، شاھۆ نیعمەتی و محەمەد تۆریوەریان لە لایەن ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا دوای رزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە.

ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە لە یەکەمین نمایشی جیھانی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازادا لە بەشی "نمایشی کورتە فیلمەکان" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بووسان" لە وڵاتی کۆریای باشوور نمایشکرا و تەواوی کورسییەکانی ناو ھۆڵەکانی نمایشی ئەم فیلمە پڕ بوو لە بینەر و تەواوی بینەرانیش بە چاوێکی پڕ لە گریانەوە ئەم فیلمە کوردییەیان بینی و کاریگەریی زۆریی لەسەریاندا.

ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی 304 فیلم لە فیلمسازانی 75 وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی 1 تا 10ـی ئۆکتۆبەری 2015 لە شاری بووسان لە وڵاتی کۆریای باشوور بەڕێوەچوو.

تریلێری فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور":

https://youtu.be/VOMo-84DoNY
Top