دووەمین دیداری ئەحمەد موختار جاف بەڕێوەدەچێت
دیدارەکە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی و هونەری هەڵەبجە و بە چاودێری خالید دۆسکی وەزیری رۆشنبیری و لاوان بەڕێوەدەچێت.
ئەم چالاکییە ئەدەبییە بۆ رێزگرتن لە کەسایەتی و بەرهەمەکانی ئەحمەد موختار جاف، کاتژمێر 10ـی بەیانی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 4 شوبات/ فەبرایەر 2016 لە هۆڵی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت.
ئەحمەد موختار جاف، ساڵی ١٨٩٦ لە ھەڵەبجە لەدایکبووە، جگە لەزمانی کوردی، فارسی و تورکی و عەرەبی و کەمێکیش ئینگلیزی زانیوە. تەنانەت بەزمانی فارسی چەند ھەوڵێکی شیعریی ھەیە، خۆی و تاھیر بەگی برای بەدوو شاعیری ناسراوی کورد دەژمێردرێن.
ئەم شاعیرە لە ھەموو بوارەکاندا شیعری گوتووە و ھەڵبەستە نیشتمانییەکانی لەریزی پێشەوەی ھەڵبەستە نیشتمانییەکانی سەرەتای سەدەی رابردوو دادەنرێن.
لە ٥ی شوباتی ١٩٣٥ و لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا کە لەسەر چۆمی سیروان بە کەڵەکی دەپەڕیەوە لە لایەن چەند کەسێکەوە کوژرا، و تەرمەکەی لە تەنیشت گۆڕی تاھیر بەگی لەگوندی عەبابەیلێی نزیکی ھەڵەبجە بە خاک سپێردرا.