بایەخدان بە ددانەكان لەمانگی رەمەزاندا

بایەخدان بە ددانەكان لەمانگی رەمەزاندا
پێویستە كە ددانەكانت بەلای كەم هەر 12 كاتژمێر جارێك بە فڵچە و مەعجوون بشۆیت. لەمانگی رەمەزاندا وا باشە كە لەپاش خواردنی پاشێو ددانەكانت بشۆیت، هەروەها راستەوخۆ لەپاش رۆژوو شكاندندا، دەتوانی بەر لەكاتی نووستنیش دیسان ددانەكانت بشۆیت. فڵچەی گونجاو هەڵبژێرە بە گوێرەی سروشتی پووك و ددانەكانت، بۆ نموونە فڵچەی رەق Hard بۆ پووك و ددانی بەهێز، فڵچەی نەرم Soft بۆ پووك و ددانی هەستیار، فڵچەی مام ناوەندی Medium بۆ ددان و پووكی ئاسایی. هەر شوێنێك 10جار فڵچەی لێبدە، بە فشارێكی مام ناوەندی فڵچەكە دابگرە سەر ددان و پووك، لەسەر پووك و ددانەكانی سەرەوە بە گۆشەی 45 پلە و ددانەكانی خوارەوەش بە هەمان شێوە، هەرگیز فڵچە بە شێوەی مشار لە ددانەكانت مەدە، لەسەر ددانە هاڕەڕەكاندا فڵچە بە شێوەی بازنەیی بەكاربێنە. جگە لە فڵچە، هەموو جارێك داوی ددان Floss بۆ پاككردنەوەی كەلێنی ددانەكان لە پاشماوەی خۆراك بەكاربێنە. هەروەها لەپاش شووشتنی ددانەكان و بەكارهێنانی داو، بە نەرمی نزیكەی 15 جار ناوەڕاستی زمانت داماڵە بۆ پاككردنەوەی لە كۆبوونەوەی پاشماوەی خۆراك و كۆبوونەوەی بەكتریا لەوێدا، بۆ ئەم مەبەستە هەمان فڵچەی ددان بەكارمەهێنە، بەڵكو فڵچەی تایبەت هەیە بۆ پاككردنەوەی زمان. خۆراكی شیرین هۆكارە بۆ كلۆربوونی ددانەكان، سەرەڕای خراپییەكانی تری شەكر و شیرینی، بۆیە هەوڵ بدە كە لەجیاتی شیرینی زیاتر سەوزە و میوە بخۆیت، هەروەها لەپاش خواردنەوەی قاوە یان چای یەكسەر دەمت بە ئاو بشۆ.
Top